"گوزەرانێكی باشتر بۆ هاوڵاتیان لە رێی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردەوە دەستەبەر دەكرێت"

کوردستان پێش 2 هەفتە

Alternate Text

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆبووەوە و جەختی لەسەر تەواوكردنی ئامادەكاری یەكێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستان لە وادەی خۆی كردەوە. 

 سەرەتای كۆبوونەوەكە، سەرۆكی یەكێتی دوا پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی كوردستان، عێراقی روونكردەوە و هەڵوەستەی لەسەر پێگەی روو لە گەشەكردووی یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرد و رایگەیاند:" ئەمە بەرئەنجامی یەك گوتاری و یەك دەستی سەركردایەتی و راست و دروستی سیاسەتەكانی یەكێتییە كە بۆتە جێی ئومێدی میللەتەكەمان و پشتیوانی دۆستانی ئەزموونەكەمان". 

لەلایەكی دیكەشەوە گفتوگۆی هەمەلایەنە ورد لەسەر ئامادەكارییەكانی مەكتەبی هەڵبژاردن  و كاری لیژنەكان كرا و هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ بەرنامە و گوتاری سیاسی یەكێتی لە كەمپینی هەڵبژاردن لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێم ئەنجامدرا.

تەنها لە رێی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوادەی خۆیدا ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاوڵاتیان دەستەبەردەبێت

ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە تێر و تەسەلی بیر وڕای خۆیان خستەڕوو و ئاماژەیان بەوەشكرد:" گەشەكردنی ئەزموونی نیشتمانییمان، پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، دابینكردنی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاوڵاتیان تەنها لە رێی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوادەی خۆیدا  دێتەدی".

پەرلەمانێكی بەهێز و حكومەتێكی پتەو و خزمەتگوزار دەهێنێتە كایەوە

ئەوەشیانخستەڕوو:" پەرلەمانێكی بەهێز و حكومەتێكی پتەو و خزمەتگوزار دەهێنێتە كایەوە، ئەوەش بۆ راستگۆیی بزوتنەوەی سیاسی و داهاتووی گەلەكەشمان گرنگە، بە تایبەتی كە هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێكە تا ئاڵوگۆڕی دیموكراتیانە لە دەسەڵات  و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بكرێت". 

بە یەكریزییەوە پێداگری لەسەر ئیستحقاقە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەكانی خۆمان دەكەین

هەروەها، لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی عێراقیشدا بەسەربەرزیی و یەكریزییەوە پێداگری لەسەر ئیستحقاقە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەكانی خۆمان بكەین.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا