"بە بایەخەوە لە كاری رۆژنامەگەری، نوسەران و رۆشنبیرانی هۆشیار و بوێر دەڕوانین"

کوردستان پێش 4 هەفتە

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵ رۆژی رۆژنامەگەری كوردیدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هیوادارە كاری رۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنكاری چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و پێوەرە نێودەوڵەتییەكاندا برەوی زیاتر پێبدرێت. 

تەواوی پەیامەكەی جێگری سەرۆكی هەرێم لە ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی كوردیدا...

لە یادی (١٢٦)ەمین ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامە لە ساڵی ١٨٩٨ بە ناوی (كوردستان) لەسەر دەستی میر میقداد مەدحەت بەدرخان، لە ھەمان كاتدا ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنكاران دەكەم، ھیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

پیشەی ڕۆژنامەگەری و كاری میدیایی، بریتییە لە بەدەستھێنان و بەخشینی زانیاریی دروست بە پشتبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێكراو، لە ھەر شوێنێكی جیھانیشدا میدیای ئازاد و ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەنووسی پیشەیی و ڕاستگۆ لە ئاست بەرپرسیارێتییەكەیدا ھەبێت ئەوا كۆمەڵگەیەكی ھۆشیار و خاوەن متمانەی لێ بەرھەم دێت.

لەم بۆنەیەدا بە بایەخەوە لە كار و چالاكییەكانی بواری ڕۆژنامەگەری و نووسەران و ڕۆشنبیرانی ھۆشیار و بوێر دەڕوانین، ھیوادارم كاری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنكاری پیشەیییانە لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و پێوەرە نێودەوڵەتییەكاندا برەوی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، ھەروەھا دوور لە ململانێ سیاسییەكان و بەرتەسككردنەوەی كاری ڕۆژنامەوانی بواری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت، لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و دروستیی بابەتەكان و ھۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەدا.

لە كۆتاییدا سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم ئەو ڕۆشنبیر و خاوەن قەڵەمە بوێرانەی كە لە ڕێگای كاروانی ڕۆژنامەگەریدا گیانی خۆیان كردە قوربانی، لەپێناو گەیشتن بە كیانێكی سەربەخۆ و كوردستانێكی ئارام.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا