ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی عێراق نوسراوێکیان واژۆکردووە بۆ دوورخستنەوە و گۆڕینی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 61 واژۆمان کۆکردووەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی یاداشتێک بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەمەبەستی رەوانەکردنی بۆ وەزارەتی دەرەوە بەهۆی ئەوەی باڵیۆزی ئەمەریکا بە کەسێکی نەخوازراو دەزانین و ئەوانیش داوای گۆڕینی بکەن.
دەستێوەردانی لەکاروباری ناوخۆی وڵات کردووە
وتیشیان، ناوبراو لەدەرەوەی کارە دیپلۆماتییەکانی کاری کردووە و دەستێوەردانی لەکاروباری ناوخۆی وڵات کردووە، وەک چۆن رۆژی رابردوو پەیامێکی بڵاوکردەوە و هێرشی کردە سەر کارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران پەیوەست بە تێپەڕاندنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزبازی، کە با یاسایەکی پاراستنی بەهای خێزان و کۆمەڵایەتی دادەنرێت.