قوباد تالەبانی: دۆخەکە وادەخوازێت هەمووان لەئەوپەڕی ئامادەسازیدا بن

کوردستان پێش 2 هەفتە

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، دۆخی ئەمنی ناوچەکە وادەخوازێت هەمووان پێکەوە دەست لەناو دەست لەئەوپەڕی ئامادەسازیدا بن لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەو ئاڵانگاریانەی ڕووبەڕووی گەلی کوردستان دەبنەوە.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەدواداچون بۆ چەند پرس و بابەتێکی پەیوەست بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان سەردانی بارەگایی فەرماندەیی هێزەکانی 70ی کرد .

بە گوێرەی راگەیەندراوی فەرماندەیی هێزەکانی 70، قوباد تاڵەبانی لەلایەن لیوا روکن عومەر ساڵح  پیشوازی لێکرا، کە هەریەک لە وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر و سەرخێڵ کەمال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش، پۆڵۆ شاڵاو عەلی عەسکەری، لێپرسراوی دەزگای هەواڵگری هێزەکانی 70 و دیار عومەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان ئامادە بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، قوباد تڵەبانی بەدواداچونی کرد بۆ دواین پێشهات و بەرەوپێشچونەکانی پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو هەوڵ و هەنگاوە نوێیانەی لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەدا نراون، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە تەواوی هەوڵەکان یەکبخرێن لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی ڕووبەڕووی پرۆسەکە دەبنەوە، ئەمەش لەپێناو سەرخستنی ئەم پرۆسە گرنگە کە خزمەتێکی گەورە بەهێزی پێشمەرگە دەکات.

بە پێی راگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی بە بایەخەوە ڕوانیە ئەو پلان و هەوڵانەی کە هێزەکانی 70 لە ماوەی رابردوودا لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە گرتوویەتیە بەر، پەیوەست بەو بابەتەش چەند راسپاردە و پێشنیارێکی خۆی گەیاندە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ دووپاتکردنەوە.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد:" دۆخی ئەمنی ناوچەکە وادەخوازێت کە هەمووان پێکەوە دەست لەناو دەست لە ئەوپەڕی ئامادەسازیدا بن لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەو ئاڵانگاریانەی ڕووبەڕووی میلەتەکەمان و ناوچەکە دەبنەوە ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا