دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ئیدارەی راپەڕین گەورە
بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرد، کە لە نێوان سوریا و عێراق بازرگانی بەو
ماددانەوە دەکرد.
دەزاگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای وەرگرتنی فەرمانی
دادوەر و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری وورد لەسەر بوونی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر
لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە 4ی 5ی 2024 توانرا تۆمەتبار (ئ ، م ، ح) دەستگیربکرێت
و لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستبەسەر بڕی سێ کیلۆگرام و نیو ماددەی هۆشبەر و چەندین
پارچە چەکی تۆمەتباردا گیرا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بازرگانە لە سنورەکانی نێوان ووڵاتانی
عێراق و سوریا کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەری کردووە و لە هەفتەی ڕابردوودا پاش ئەوەی
بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر دەنێرێت بۆ شاری بەغدا، دەستیبەسەردا دەگیرێت.
ئاسایشی هەرێم باسی لەوەشکرد:" تۆمەتبار لە رابردوودا
چەندین جار لە هەوڵی دەستگیرکردنیدا بە چەک رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و
هەڵاتووە ".
بە پێی راگەیەندراوەکە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری
دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
دەستگیرکراوە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە.