وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق بە مەبەستی
زیادکردنی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم کۆدەبنەوە.
پێشتر ئاگادار کرابووینەوە کە پێویستە تەنها بڕی 300 تەن گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرین
لاما هاشم بەڕێوەبەری گشتی بە بازاڕکردن لە وەزارەتی
بازرگانی عێراق رایگەیاند:" پێشتر ئاگادار کرابووینەوە کە پێویستە تەنها بڕی
300 تەن گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرین، بەڵام دوێنی یەکشەممە
نووسراوێکمان پێگەیشت کە کار بەو بڕیارە نەکەین، چونکە بەغدا و هەولێر لە گفتوگۆدان
بە مەبەستی زیادکردنی بڕەکە".
باسی لەوەشکرد:" بڕیاردراوە تیمی تەکنیکی هەردوو
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن
بە مەبەستی دیاریکردنی رێژەی گەنمی جوتیارانی هەرێم".
نرخی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێم هەمان ئەو نرخە دەبێت کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابینکراوە
شایەنی باسە پێشتر بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی
هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردبوو:" نرخی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێم
هەمان ئەو نرخە دەبێت کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابینکراوە".