دژی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی؛ یەکێتی داوایەک ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی دەکات

کوردستان پێش 2 هەفتە

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

یەکێتی نیشتمانی کوردستان دژی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی لە رێگەی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵەوە داوایەک ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی عێراق دەکات.

میدیای فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاویکردەوە:" دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە مەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە دادگای فیدراڵی سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی لیستی یەکێتی لە هەولێر داوایەکی ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی کردووە لە بەرژەوەندی کۆمسیۆن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا".

نابێت لە هیچ شوێنێكی دیكە تانە لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بدرێت

ئاماژەی بەوەشکرد:" لە داواكەی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵدا ئەوە روونكراوەتەوە، کە پێشكەشكردنی داواكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێچەوانەی دەقی ماددەی (19/دووەم)ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارە 31ی ساڵی 2019ی هەمواركراوە كە تێیدا هاتووە: (لە بابەتەكانی پەیوەست بە كاروباری هەڵبژاردن، جگە لە بەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكانن ، نابێت لە هیچ شوێنێكی دیكە تانە لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بدرێت)".

كاتی تۆماركردنی داواكە پێچەوانەی دەقی ماددەی (23)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگایە

هاوکات بەگوێرەی بڵاوکراوەی میدیای یەکێتی، لە داواکەی کۆسرەت رەسوڵدا ئاماژە بەوەشکراوە:" كاتی تۆماركردنی داواكە پێچەوانەی دەقی ماددەی (23)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگایە كە تیایدا هاتووە: (دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ  لە دیاری كردنی رۆژی هەڵبژاردن، ناتوانرێت تانە لە هیچ یاسایەكی هەڵبژاردن یان دەقێكی هەڵبژاردن بدرێت، داواكەی بارزانییش لە كاتێكدایە تەنها یەك مانگ ماوە بۆ رۆژی هەڵبژاردن كە بە مەرسومێكی هەرێمی دیاریكراوە، جگە لەوەش رێكکارەكارەكانی كۆمیسیۆن و پەیڕەوەكانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن پشتیان بە یاسای هەڵبژاردنەكانی كارپێكراوی هەرێمی كوردستان و بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 83 و هاوتاكانی لە 131 و 185/ فیدراڵی/ 2023 بەستووە".

دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ملیۆنان دۆلار و شەڵەژان بۆ كارەكانی كۆمیسیۆن دروستدەكات

باس لەوەشکراوە:" راگرتن یان هەڵپەساردنی كارەكانی كۆمیسیۆن لەم كاتە هەستیارەدا كە ماوەیەكی زۆر كەم ماوە بۆ رۆژی دەنگدان و كۆمیسیۆن گرێبەستەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكەی تەواو كردووە، لەوانە چاپكردنی فۆڕمەكانی دەنگدان و گرێبەستی پرۆگرامی ئامێرەكانی دەنگدان، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ملیۆنان دۆلار و شەڵەژان بۆ كارەكانی كۆمیسیۆن دروستدەكات،  لەلایەكی دیكەشەوە هەوڵ و ماندووبوونەكانی حزب و كاندیدەكان بەفیڕۆ دەدات، جگە لەو زیانانەی بەر گەلی كوردستان دەكەون لە پێكنەهێنانی حكومەتێكی هەڵبژاێردراو".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا