سەرۆکوەزیرانی عێراق بە
فەرمی داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات لە کۆتاییەکانی ساڵی داهاتوو کۆتایی بە
ئەرکی یۆنامی لە عێراق بهێنرێت و دەڵێت " چیتر پێویستیمان پێ نەماوە ".
بە گوێرەی زانیارییەکان،
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ
گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى 2025
ئەرکى یۆنامى کۆتایی پێبهێندرێت، ئەو داوایەى بەستووەتەوە بە مافى سەروەریى عێراق
وەک وڵاتى میواندار.
هەر بە پێی ئەو زانیارییانە، لە نامەکەدا سەرۆکوەزیران داوای کردووە لەو
ماوەیەى ماویەتى یۆنامی کارەکانى کورتبکاتەوە لە تەواوکردنى دۆسییەکانى چاکسازى
ئابوورى، پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى، گەشەپێدانى بەردەوام، گۆڕانکارییەکانى ژینگە و
لایەنەکانى دیکەى گەشەپێدان.
نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامى) لە ساڵى 2003وە لە
عێراق کاردەکات و سەرۆکى نێردەکە نوێنەرى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانە.