Alternate Text

میدیای كورد لە خزمەت داعشدا

کوردۆ عەلی‌ 23/03/2021

میدیا ھەمیشە لەبازنەیەکدا دەسوڕێتەوە تا ئەرکی راستەقینەی خۆی جێبەجێبکات کە گەیاندنی ھەواڵ و زانیاری و راستی و گواستنەوەی کارەکتەرو دەنگی ناو ھەواڵەکانە، نەک ھەڵدانەوەی دیوێکی شاراوەی رووداوەکان کە بە زیان بشکێتەوە و دواتر کارەساتی لێبکەوێتەوە . بەداخەوە بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکان ھەر زوو کەوتنە ناو داوی ھەڵەی میدیاو دنەدران و وەک پاڵەوان باسی کەموکوڕییەکانی ھێزی پێشمەرگەیان کرد و ئەوەی ژێربەڕەیان خستە سەر بەڕە! کە ئەمە لەڕووی سەربازیشەوە رێگا پێدراو نییە .

ئەشێ ئەو ھەڵەیەی بەشێک لەراگەیاندنەکان کردیان ھۆکاری زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش و پەلامارەکانیان بن کە بەداخەوە چەندین شەھید و بریندارمان دا، چونکە ھەر زوو ھەموو زانیارییەکانمان خستە بەردەستیان و بەگوێی دوژمن و نەیارمان دا کە لەتەواوی سەنگەرەکان توانای تەکنیکیی سەربازیمان لاوازەو لەشەواندا بەھۆی نەبوونی دوربین و کامێرای "حەراری" ناتوانین وەک پێویست وەڵاممان ھەبێت، کە دەکرا ئەم کەموکوڕییە کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەکانە ھەر لە کۆبوونەوەی نائاسایی دا بوورژێنرایەوە و بیر لەمیکانیزم و ستراتیژێکی نوێ بکرابایەوە بۆ چارەسەرکردنی، نەک بکرێتە بابەتی میدیایی کە ئەمە ھەڵە زەقەکە بوو .

لە رووداوی پەلاماری چەکدارانی تیرۆریستانی داعش بۆ گوندی لێھبان و بەرگری قارەمانانەی گوند نشیان لەخۆیان، جێگای ستایش بوو لەمە نکۆڵی ناکرێت، بەڵام پیشاندانی ھەموو ئەو گوندنشینانەی ئازایەتییان دەنواند و دەرخستنی دەموچاویان وەک پاڵەوان بۆ ئەم دۆخە گونجاو نەبوو ، ناشێ و ناکرێ ئاواش پیشان بدرانایە، رووماڵەکەش لەولاوە بووەستێت کەئەوەندەی بەئاڕاستەی زمانی ھەڕەشەبوو بۆ ئەوە نەبوو ھێزەکانی عێراق ھان بدرێن و بە فریایان بکەون، بۆیە ئەم رووماڵە نەک بە خێر نەشكایەوە، بەڵکو بینیمان ھەر شەو گوندەکە چۆڵ کرا و بەسوتان برێنرا و سوپای عێراقیش بە ھانایانەوە نەچوو!

کەواتە ئەوەی کرا بە راستەخۆیی چووە خزمەت تیرۆریستان و ئەوەی ئەوان دەیانویست بە سوک و ئاسانی خستمانە بەردەستیان، ھەر لە پیشاندانی سەنگەرەکان و توانا لۆجستی و تەکنیکیەکانیشمان بۆ خستنە بەرچاو، وەک رێبەرێکی شارەزا زانیاریمان پێدان، بەداخەوە کە نەدەبوو ببوایە.

ھەڵەی میدیا و گواستنەوەی رووداوەکە لەجێی خۆیدا نەبوو ، بە دیاریکراوی میدیای خاوەن سەنگیش کە ئەمەی کرد جێگای پرسیارە، بۆ و چۆن ئەو ھەڵەیە بەسەریاندا تێپەڕی!

کات رۆی، بەڵام دەکرێت ھەواڵنێر بە تایبەتتر دەزگا میدییەکان وردترو بابەتیانەتر رووماڵی رووداو و ئەو پێشھاتانە بکەن کە پەیوەندی راستەوخۆی بە ئاسایشی ھەرێم و ئاسایشی خەڵکەوە ھەیە تا جارێکی تر نەبنە ھۆكاری ماڵوێرانی و مەترسی بۆ ژیانی خەڵک .

ئەرکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەشە کۆنتڕۆڵی ئەم دۆخە بکات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەرو لەکوێدا پێویست بوو پەیامی میدیایی ھەبێت و زانیاری دروست بۆ رایگشتی ئاشکرابکات و لەچوارچێوەی زیان نەگەیاندنیش بە بەرەکانی جەنگ زانیاری بدرێتە ڕۆژنامەنووسان و خۆیان کۆنتڕۆڵی پێشھاتەکان بکەن تا نەکەوینە ھەڵەی زیاترەوە.

سەرئەنجام ئەم رووماڵانە بەخزمەتی نەیار شکایەوە و لەبری قازانج زەرمەندبووین تێیدا.

رۆحی شەھیدە سەربەرزەکانمان شاد و بەھیوای زووچاکبوونەوەی بریندارەکانیشمان .