Alternate Text

هێدی باژۆ

هیوا جەمال‌ 23/03/2021

ئەوکاتەی چیرۆکی مەرگەساتی نەتەوەیەک دەبێتە جێی پێکەنینی کۆمەڵێک
هیوا جەمال
لەماوەی هەفتەی رابردوو، بێئەوەی بزانرێت بۆچی گوتراوە، دوو وشەی سەرەتای لاواندنەوەیەک (لاوکێک) خزێنرایە نێو سۆشیالمیدیا بۆ پێکەنین، کاتێک ئەو لاواندنەوەیە باسی مێژوی راوەدونان و کۆمەڵکوژیی کورد دەکات لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی عوسمانیی و بە فەرمان نێوی دەبات.
بەگوێرەی گێڕانەوەی مێژویی لەماوەی نزیکەی پێنج سەدەی رابردوو، زێدەتر لە ٧٣ فەرمان بەسەر ئێزدییان هاتون ( لە مێژوی ئێزدیی هەندێک دەڵێن ١٧٠ فەرمان)، ئەوجارە کە هێرشکراوەتە سەر کورد بەگشتی، ئێزدییەکان بەرگرییان کردوە، هێرشەکە هێند گەورەبوە وەکو فەرمان نێویان بردوە.
فەرمان، لە نێو ئێزدی بە هێرشی کاولکاری و کۆمەڵکوژی دەگوترێت، کاتێک هێزێک هەڵدەکوتێتە سەر ناوچەی ئێزدینشین و کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات و سەر و سەمان و موڵکیان دەبات و وێرانیدەکات، بەکورتی پاکتاوی رۆحی و جەستەیی و موڵکییە.
ئێزدییەکان وەکو ئایینێک کە شوێنکەوتویان سنوردارە، لەهەمانکات هەموو فەرمانەکانیان لەلایێن دەسەڵاتدارانی بەنێوی ئیسلام لەسەر جێبەجێکراون، دەبێت زۆر هەستیان رابگیرێت، لەم لاواندنەوەیە کاتێ گوێی لێدەگریت گەورەیی ئەو کۆمەڵکوژییە دێتە بەرچاوت کە لەوکاتەدا ئەنجامدراوە، نەوەکو پێکەنین بەڵکو خەمێکی قوڵ داتدەگرێت.
بیربکەوە چەند بە ئازارە کۆمەڵێک بە نەزانیی یان گوێپێنەدان، لاواندنەوەیەکی ئەنفال یان کیمیاباران بخەنە سۆشیالمیدیا و بیکەنە جێی پێکەنین، ئەو تراژیدیایە بکەنە کۆمیدیا، چ هەستێکت دەبێت؟
گرفتەکە زێدەتر لەوێدایە، وەزارەتی رۆشنبیری، لەوبارەیەوە هیچ رونکردنەوەیەکیان نییە و بۆ خەڵکی رونناکەنەوە ئەوە هی پێکەنین و گاڵتەکردن نییە، تەنانەت لێدوانێکیم دیت، گوتەبێژی هاتوچۆ دەڵێت؛ هێدی باژۆ، باشترین خزمەتی بە هاتوچۆکرد.
میلەتی کورد هێند بێ هەست و هێند گاڵتەجاڕ نییە، بەڵام کاتێ زانیاریی نەبوو لەبارەی بابەتێک پێویستە رۆشنبیران و لایێنی پێوەندیدار کە وەزارەتی رۆشنبیرییە، دەستبەجێ کاری لەبارەوەبکات.
ناکرێت، مرۆڤ هێندە روکەش بڕوانێتە ژیان، بۆ دڵخۆشی خۆی مەرگەساتی میلەتێک بکاتە جێی نوکتە و پێکەنین، مرۆڤ نابێت لەبەر پێکەنین بیرکردنەوە و تێڕامانی لەبیربچێت.
لاوکەکە سەرەتا بڕۆی شەرقی، نزیکەی سەت ساڵ لەمەوبەر گوتویەتی و چەندین کەسی دیکە چڕیویانەتەوە، بەڵام ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، بەدەنگی ئیلیاس نەدیرە، ئێستا ئەم لاوکە بوە بە فۆلکلۆری ئێزدییان.
ئیلیاس نەدیر، هۆنزاڤانی میللی ئێزدییانە لاوکەکەی چڕیوەتەوە، کاتێ گوێ لە چیرۆکەکەی دەگریت، بۆتدەردەکەوێت کە فەرمانەکە بەرفراوانبوە، چونکە لە کۆتایی دەڵێ؛ لەهەموو عەردێ خودێ شەڕە.
سەرەتای لاواندنەوەکە( لاوکەکە) بەم سێ نیوە بەیتە دەستپێدەکات؛
هێدی باژۆ لمە فەرمانە
هێواش باژۆ لمە فەرمانە
گران باژۆ شەڕێ گرانە
پاشان دەڵێت؛
ئیڕۆ فەرمان رابوو سەیدێ سوڵتانە
دیسانە فەرمانە...
فەرمان رابوو ژ ئیستەمبوڵێ
...
لەکۆتایی لاواندنەوەکە باسی ئەوە دەکات کە لەهەموو شوێنێک گرتن و کوشتن و شەڕ و کۆمەڵکوژییە.
دەڵێت؛
لە عەشانە میراتبوێ شەڕە
لە تلحەنێ شەڕە
لە تلحەمسێ شەڕە
لە هەموو عەردێ خودێ شەڕە..