Alternate Text

دانای چنارۆک بەکێ پێدەکەنێ؟

مەعاز فەرحان‌ 23/03/2021

هاوئاستی بەرنامەی بەزمی بەزم، کەسێک بەناوی کۆمیدیاو قسە خۆشیەوە، خوێ بە برینی سەر جەستەی چینی فەقیرو چەوساوە دەکات.
هەندێ میدیاو میدیاکاری مەستی لایک و کۆمێنتیش پێیانوایە ئەم شەخسە کە نازانێ وشەی "سڵاو"یش بە رێنوسێکی راست بنوسێ جیاوازی چینایەتی کەشف كردوە، مایکی دەخەنە بەردەم و بەو گەنجانە رادەبوێرێ توانای پێکەوەنانی خێزانیان نیە.
میدیاکار، گەر عەینەکیشی لە چاودا بێ، دەزانێ سەرمایەداری وەک دێوێک ژیانمانی داگیرکردوەو دەمێکە چینایەتی قوڵی دروستکردوە، بە ئاشکراش کۆمەڵگە لە دوای ساڵانی دوو هەزارەکانەوە بە دەستەواژەکانی گەڕەکی فیرعەونەکان و دۆلاراوا، درکی بە جیاوازییەکە کرد.
لە کاتێکدا دۆخەکە یەک پارچە نمایشی تراژیدیای حکومڕانی نیشاندەدات، بەڵام لە چەند لایەکەوە کار بۆ بێ ئەرزشکردنی خەم و ژانی خەڵک دەکرێت. لەجیاتی ئەوەی وزەو داخوازیی خەڵک لە پلاتفۆڕمێکی ئەقلانیدا گەڵاڵە بکرێت، کەسانی وەک دانای چنارۆک دەکرێنە نمونەی باڵا و وزەو تینی خەڵک بە پێکەنین، فش دەکەنەوە.
لای دانای چنارۆک، گەر کەسێک ناوی نەوزاد بێ دواکەتوەو فەقیرە، بەڵام گەر ناوی لاندۆ بێ تۆ لە تەبەقە باڵاکەی کۆمەڵگەیە.. زەوقی دانای چنارۆک لەو ئاستەدایە گەر کەسێ گەعدە بۆ چاوشێکی ماستاوچی وەک ئاوات بۆکانی ساز بدا، ئەوە موسەقەف و خواپێداوە، لە کاتێکدا هەموو بەهرەی ئەم کەسانە بریتیە لە ستایشکردنی چینی ستەمکاری کوردستان.
ئەو ئاشەی دانای چنارۆک ئاوی تێدا دەکات، هەمام ئەو ئاشەیە بەزمی بەزم و بەرنامەکانی سۆرانی مام ئیسماعیل و حەمکۆ ئاوی تێدا دەکەن، لای هەموویان فەقیرو چەساوەکان دەبنە ئامرازی گاڵتەو گەپ، بە پێکەنین و گاڵتەجاڕی سەرخۆش دەکرێن و وایان لێدەکرێت بەدیار ئازارەکانی خۆیانەوە قاقا لێبدەن.
تۆ کە بە ئیمحۆچی پێکەنینی و کۆمێنتی رابواردان تەغزیەی پۆستەکانی چنارۆک دەکەی، لە خۆت پرسیوە رەنگە دەوڵەمەندی ئەوانەی چنارۆک ستایشیان دەکات، لە دەرئەنجامی ئەو پرۆسەیە بێت کە بووەتە هۆی هەژارکردنی تۆ،و پێکەوەنانی سەروەت و سامانی ئەوان.
لای چنارۆک، گەر رەشوروتێ بە پارەی حەڵاڵ، باخێکی بە رەنجی شانی خۆی سازاندبێ و دوو ژوری تێدا کردبێتەوە، بەوپەڕی ماریفەتەوە دۆستەکانی دەعوتی قاز بکا ئەوا فەقیرو ئینسانێکی بێ کەڵکە، بەڵام گەر لە پیتزاخانەیەکی لای لوبنان سیتی هەولێر، دەعوەتی بکا ئەوە لە تەبەقە بەرزەکەی کۆمەڵگەیە.
چنارۆک، کە وادەردەکەوێ خۆشی لە چینە فەقیرەکەیە، لەلای ئەو سواربونی پیرەژنێ لە پاسدا، دەبێتە کەرەستەی رابواردن و کەیفخۆشی، یاخود هانی فانەکانی دەدات گەر ئەشیای سەیارەیان ویست نەچن بۆ لای فرۆشیارێکی داماو کە تاک شەرواڵی لەبەردایە، بەڵکو بچن شت لە قۆڵبڕێکی بۆینباخ لەمل بکڕن.
لەناو کورددا هەر کەسێ بەناوی دایکیەوە ناوبانگی دەرکرد بێت، دەلالەتە لەوەی دایکێکی کۆڵنەدەری لە پشتەوە بووەو بە ڕوو سوری مناڵەکانی پێگەیاندووە، بەڵام لای ئەم کابرا بێ مەعریفەتە دیسان ئەمانەش بوونەتە کەرەستەی پێڕابواردن.
چۆن مارکس ئاماژە بەوەدەکات "ئامێرەکانی بەرهەمهێنان ئەو هێزانەن کە دەبێت کڕنوشیان بۆ بەرین" لای دانای چنارۆکیش "دەوڵەمەن نیە دەوڵەمەن" ئەو کەسانەن دەبێ کڕنوشیان بۆ بەرین.