دیداری یه‌كێتی؛ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رمایه ڕاسته‌قینه‌كه
یوسف گۆران 23/03/2021
سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له پێناو نوێكردنی دید و سیاسه‌ته‌كانی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به بوار‌و سێكته‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگەو حكومڕانی وحزبایه‌تی، بڕیارێكی واقعی و ژیرانه‌ی بۆ به‌ستنی (دیداری یه‌كێتی) دا، تاكو له رێی ئه‌م نوێكردنه‌وه‌یه توانای ئه‌م حزبه بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان فراوانتر‌و قوڵتر بكات. ئاشكرایه كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌م نوێبونه‌وه‌یه ره‌هه‌ندی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیشی ده‌بێ.
له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی حزبدا دیاره بڕیاردان له‌سه‌ر به‌ستنی ئه‌م دیداره له قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاری یه‌كێتیدا گه‌ڵاڵه بوه. پاش چه‌ندین ساڵ له لاوازبونی به‌ها سیاسی و كۆمه‌ڵگەییه‌كان ئێستا یه‌كێتی بڕیار و هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی دید و دنیابینینی خۆی داوه، ڕه‌نگه بۆ به‌شێك له پارته سیاسییه‌كان كه له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری جیاواز و پراكتیكی ساڵانێكه له‌م دۆخه‌ی ده‌ژین ئاسایی بێت، به‌ڵام بۆ یه‌كێتی كه له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مای فیكری ئایدۆلۆجی به‌هێزی كۆمه‌ڵه دامه‌زراو پاشان سۆسیال دیموكراتی كرده ناسنامه فیكری و سیاسی خۆی، ئاسایی نه‌بێ له قۆناغێكی مێژوویدا ناسنامه و جیاوازییه فیكرییه‌كان له‌ده‌ستبدات و له هه‌مان كاتیش‌دا پێشبینی ئه‌وه بكات سه‌ركه‌وتوانه سیاسه‌ت به‌ڕێوه ببات.
هه‌رچه‌نده ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه یه‌كێتی گیرۆده‌ی لاوازبونی ناسنامه‌ی فیكری و نه‌بونی دید و سیاسه‌تی ڕون له‌مه‌ڕ كێشه‌كان بووه، به‌ڵام وادیاره له‌پاش به‌ستنی كۆنگره‌ی چوار كه هه‌وڵدرا كۆنگره‌ی نوێبونه‌وه بێت ئه‌م كێشه‌یه به‌تینێكی جیاوازه‌وه ڕوبه‌ڕوی یه‌كێتییه‌كان بۆته‌وه‌و پرسیاری جدی لایان دروست كردوه. بونی سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێی یه‌كێتی كه به ئاشكرا هه‌وڵی گۆڕانكاری و نوێبونه‌وه ده‌دا له ئێستادا هۆكارێكی گرنگه بۆ به‌هێزكردنی خواسته‌كانی چاكسازی له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا. به‌م شێوه‌یه گرنگه دیداری یه‌كێتی قسه له‌سه‌ر شێوازی نوێكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌و ئۆرگانه حیزبییه‌كانمان بكات كه تاچه‌ند سه‌رده‌میانه‌و ئامانج به‌خشه؟ چۆن و تا چه‌ند له توانایدایه ئه‌رك و ئامانجه دورو نزیكه‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌مان و سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌دی بێنێت ؟ چۆن بتوانین داڕشتن و پێناسه‌ی نوێ به‌پێی روح و پێداویستییه‌كان ئه‌مڕۆ بۆ ڕێبازی مامی گه‌وره گه‌ڵاڵه بكه‌ین ؟ تا چه‌ند وشیاری حیزبیمان له ئاست گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م و حزبێكی پێشڕه‌وی وه‌ك یه‌كێتییه و چی بكرێت بۆ په‌ره‌پێدانی وشیاری و توانای هه‌ڤاڵانمان؟ ...هتد.
به‌م شێوه‌یه سه‌ر له‌نوێ پێناسه‌كردنی فیكر‌و سیاسه‌ته‌كانی یه‌كێتی له‌لایه‌ن كادیره چالاک و دڵسۆزەکانی حزب له‌ڕێی دیبه‌یتی فراوان و هه‌ڤاڵانه ته‌وژمێك و توانایه‌كی به‌هێز ده‌به‌خشێته داموده‌زگا سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌كێتی و ڕۆڵی سه‌ره‌كیش ده‌گێڕێت له بوژانه‌وه‌ی ژیانی سیاسی و حزبی و دیمه‌كراسی بۆ ئۆرگانه سه‌ره‌كییه‌كان، كه بێگومان سه‌ره‌نجام كاریگه‌ری ڕاسته‌خۆ له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچونی پرۆسه‌ی حكومڕانی باش و خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیان جێدێڵێ.
سه‌باره‌ت به ئاستی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیش، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م حزبه ببێته‌وه به پێشه‌نگی گۆڕانكارییه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، له پێناوی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سپێشخه‌ری سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، پێویسته یه‌كێتی پێداچونه‌وه‌ی قوڵ و سه‌رده‌میانه به سه‌رجه‌م سیاسه‌ت و ستراتیجییه‌كانی خۆیدا بكاته‌وه، به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ی نوێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی وه‌ك ناوچه جێناكۆكه‌كان، سیستمی سیاسی هه‌رێم، ئابوری هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵی وڵاتانی ده‌ره‌وه، چۆنیه‌تی به‌هێزكردنی پێگه‌كانی حوكمی باش و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هێزكردنی سیستمی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا داڕێژێ. هه‌روه‌ها به‌هۆی گۆڕانكارییه خێرا‌و فراوانه‌كانی گۆڕه‌پانی كوردستان وعێڕاق و ناوچه‌كه پێویسته به به‌رده‌وامی خوێندنه‌وه‌ی نوێ و جیاوازی یه‌كێتیانه‌مان هه‌بێ، گرنگه دیداری یه‌كێتی هه‌م ئه‌م خوێندن و دنیابینینه تازه‌یه فه‌راهه‌م و ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌م له‌لایه‌كی تره‌وه شێواز‌و میكانیزمی نوێ و داهێنانه بۆ به‌ئاگابون و خۆگونجاندنی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه هه‌مه‌لایه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات.
با دیداری یه‌كێتی بكه‌ینه وێستگه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی نوێبونه‌وه‌و بونیادنانی یه‌كێتی، جۆشدانی كچان و كوڕانمان به بیروباوه‌ڕی ژیان دۆستی، كوردستان دۆستی و مرۆڤ دۆستی و خزمه‌تی گشتی. هه‌ر نوێبونه‌وه‌كی سه‌رده‌میانه كه ئه‌مڕۆ یه‌كێتی ئه‌نجامی بدات كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌هێزی له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگەو به‌ره‌وپێشچونی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێم ده‌بێت، به‌م شێوه‌یه سه‌رمایه‌ی راسته‌قینه‌ی كوردستان كه هاوڵاتی كوردستانه ده‌بێته‌وه به چه‌قی قورسایی حزبی و حكومڕانی و سیاسی له هه‌رێمه‌كه‌مان.