پرسی ژینگە وەک ئەولەوییەت
قوباد تاڵەبانی 23/03/2021
مەترسییە ژینگەییەکان بەگشتی و خۆڵبارین بەتایبەتی، ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەمساڵیش خراپتر لە هەر ساڵێکیتر کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەفتەیەک نەبووە چەند رۆژ خۆڵبارین نەبووبێت.
کێشەی ژینگە تەنها خۆڵبارین نییە، کێشەی ئاویش کێشەیەکی سەرەکی عێراقە و بەپێی راپۆرت و توێژینەوە زانستییەکان لەوانەیە قەیرانی ئاو لە داهاتوودا ببێتە هۆکار بۆ ئاڵۆزی و نا ئارامی و پێکەوەژیانیش بخاتە مەترسییەوە. ئەمانە و کۆمەڵێک مەترسی دیکەی ژینگەیی..
بەڵام ئەوەی جێی داخ و نیگەرانییە، پرسی ژینگە بەم هەموو مەترسییەوە تا ئێستا نەبووەتە پرسی سیاسەت. هیچ لایەنێکی عێراقی ئەم پرسەی نەخستووەتە ئەولەوییەتی دووەم و سێیەمیشیەوە. لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا لە پرۆسەی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا لایەنەکان دونیایەک مەرجیان لەسەر یەکتر داناوە و لەسەر پۆست و ئیمتیاز و بچوکترین شتەکان ململانێی توند دەکەن، کەچی هیچ لایەنێک پرسی چارەسەرکردنی کێشەی ژینگە و خۆڵبارینی نەکردوەتە مەرج، لە کاتێکدا ئێستا ئەم کێشەیە کێشەیەکی سەرەکی خەڵکی عێراق و کوردستانە و ژیانی خەڵکی تاڵ کردوە.
لەناو ئەم خەمساردییە سەرتاپاگیرەوە دەبێت لە شوێنێکەوە هەنگاوبنێین بۆ کۆتاییهێننان بەم خەمساردییە. هەربۆیە داوا لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم، بەخۆشمەوە، دەستپێشخەربین و پرسی ژینگە، لەپاڵ داواکارییە رەواکانی تری وەک بودجە و موچە و پێشمەرگە و قەرەبوی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان…هتد، بە فەرمی بکەینە مەرج بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و ئەگەر حکومەتی داهاتوو لە کارنامەی خۆیدا بەڵێن نەدات پلانی زانستی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژینگە ئامادە بکات و ساڵانە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەکات، فراکسیۆنی یەکێتی ئامادە نەبێت دەنگ بەو کابینەیە بدات.
داواش لە چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی عێراقی و کوردستانی و میدیاکانیش دەکەم گرنگی زیاتر بەم پرسە بدەن و فشارەکانیان لەسەر لایەنە سیاسییەکان چڕ بکەنەوە تا بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگە بخەنە ئەولەوییەتی کاری سیاسی و حکومڕانییەوە.
کاتی ئەوەش هاتووە خۆشمان لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بە کێشە ژینگەییەکان بدەین.
دەسەڵات و دەسەڵاتدارەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان و خەڵک لەسەر شوێنی خۆیان دەمێننەوە، نیشتمان و ژینگە بۆ نەوەکانی داهاتووشە و نابێت رێگە بدرێت ژینگەیەکی وێران بۆ نەوەکانی داهاتوو جێ بمێنێت.