Alternate Text

"یادی شەهید شەهاب"

فەرەیدون عەبدولقادر‌ 23/03/2021

بەرلە 46 ساڵ، هەر لەم رۆژەدا سێ کەڵەپیاوی سەرکردە لەلایەن دوژمنانی کورد و کوردستانەوە لەسێدارە دران، شەهاب شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب. بەوکارە خوێنڕێژییە رژێمی سەدام بەرنامەی کورد تواندنەوەی فراوانتر کرد، بەڵام چەند بزمارێکی تری لە تابوتی تەرمەکەی خۆیدا.
رژێمی رەفتار فاشتستی بەغدا، پاش پلانگێڕانی چەند قۆڵی دوژمنانی ئازادی و پێشکەوتن و جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان و دوا بەدوای نسکۆی شۆڕشی گەلەکەمان، دڕندانە بۆ لەناوبردنی وزە و تواناکانی کرد دەستیدایە داپڵۆسینی دەنگ و توانا و وزەی بەرگری گەلی کوردستان.
هەر لەو شاڵاوە نا مرۆڤایەنەیەدا زنجیرەی کوشتن و برڕینی خەڵکی نیشتمانەکەمانی قایمتر کرد و لەدوای شەهیدکردنی ئەو سێ قارەمانەو، سەدان رۆڵەی ئازا و قارەمانی گەلەکەمانی لەسێدارە دا و هەزارانیشی لە زیندانە بەدناوەکانیدا قایمکرد و هێرشی فراوانی سەربازیشی بۆ سڕینەوەی واقیعی نەتەوەیی کوردستان و لەناوبردنی جوڵانەوەی رزگاریخوازانە دەستپێکرد.
شەهید شەهابی نەمر دامەزرێنەر و سەرکردەی راستەقینەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و کۆڵەکەیەکی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هیمەتێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بوو.
شەهیدبوونی خۆی و هاوڕێکانیشی بوو بە پریشکێکی تری کڵپە سەندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، جەماوەری شار سلێمانی و گەلەکەمانی بە جۆرێکی ئەوتۆ خرۆشان کە تین و تاو وزەی زۆری خستەسەر خەرمانی تێکۆشەرانی کۆمیتەی هەرێمەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بۆ ئەوەی ببنە هێزی سەرەکی و بەکاری یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان.
شەهید شەهاب: هەروەک لە رۆژانی خەباتی نهێنی کۆمەڵەدا خۆی بۆ باڵاکردنی ئەو رءبازە تەرخانکرد و داینەمۆی کار و چالاکییەکان بوو، هەر بەوجۆرەش لە زیندان و ئەشکەنجەنداندا قارەمانێکی کەموێنەبوو، سەرمەشقی هەموو هاوڕێکانی و لاوانی نەوەی نوێش بوو لە گیانبازی و بەرگەگرتندا".
شەهید شەهاب و هاوڕێکانی ئەو قارەمانانەی گەلەکەمان بوون کە مەشقی تێکۆشانی هەزاران لاوی ئازا و فیداکاری کوردستانیاندا کە لە رووی مەرد و دوژمندا بە دەنگی بڵند و بە ورەی بەرزەوە بە سەرسەری دوژمناندا سەرکەونە سەر سێدارە و بجریکێنن " کەم بژی و کەڵ بژی".
شەهید شەهاب هەمیشە چرای بیری پێشکەوتوو و دەنگی یەکڕیزی گەلەکەمان و بانگی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بوو.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە خوێنی ئەوان و هەزاران شەهید و رەنجی تێکۆشەران و جەماوەری گەلەکەمان باڵای کرد و خورت و بەهێز بوو.. تا بەقەد شاخی قەندیل بەرز و بەهێزبوو، تا بووە هێزی گەورەی شۆڕش و راپەڕین و هێنانەدی دەسکەوتە گنگەکانی ئەمڕۆی گەلەکەمان.
ئەو شەهیدانە و کاروانی گیانجەخشی ئەوەن و رەنجی هەزاران تێکۆشەری ئازا کە بێ باکانە تەمەنی خۆیان و گوڵی لاوی خۆیان بە یەکێتی و رێبازی رزگاری و پێشکەوتنی کوردستان و کۆمەڵەکەی بەخشی، جەماوەری گەلەکەشمان یەکێتیان لە باوەشی گەرمی خۆیاندا گەورە کرد و قەدری شەهیدان و تێکۆشەرانی گەلەکەمانیان ئەزانی و هەموو ئازار و مەینەتییەکانی ژیانیان لەپێناوی سەرکەوتنیدا نۆشی، کەچی سەرەڕای ئەو هەموو خێر و بێرە زۆرەی کوردستان، ئەمڕۆ ژیان و گوزەرانیان، خوێندن و تەندروستی و هیواکانیان بوونەتە پوش و پەڵاشی دەم رەشەبا.
رەنگە ئێستا شەهید شەهاب و هەموو شەهیدان بە سەرسامی بپرسن ئەرێ:
بۆچی یەکێتی وەک جاران نەماوە و جەماوەریش یەکێتی لە باوەش ناگرێت؟
-- بۆ رۆڵەکانی ئەم دەڤەرە کە هەمیشە بنکەی یەکێتی بوو، ئەوسا دەستە دەستە جگەرگۆشە لاوەکانیان ئەنارد لە شارو شاخ گیانیان بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەلەکەمان ببەخشن، کەچی ئێستا ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنەکان؟ ئەی بۆ ئەو کەمایەتییەی کە ئەچنە دەنگدان زۆربەشیان مووچەخۆردن دەنگی کەمی خۆیان بە یەکێتی دەدەن؟
بۆ جەماوەر ناڕازییە؟ ئەی بۆ بنکە و بارەگا و فەرمانگەکان بوونەت تاڵخانەی نۆشینی بێ عەدالەتی و رەخنەگرتن لە هەموو شتێ؟
ئەی بۆ کەسێک، دڵسۆزێک نییە ماڵی کورد یەکبخا و هێزەکان یەکخا و ئیرادە و زاتی کورد لە یەک گیان و دەنگدا کۆبکاتەوە؟ ئەی ئەم بێدەنگییە تا کەی؟؟؟؟!!!
با هەموومان پێکەوە ببینە سەرمەشق و وەڵامی ئەو پرسیارانەی شەهیدان بدەینەوە سەری رێز و وەفایان بۆ دانەوێنین.. با هەمیشە شەهیدانمان لە ژیانماندا نەمر و لە مەزارەکانیاندا ئاسودەبن.

فەرەیدون عەبدولقادر