Alternate Text

پێشنیارێک بۆ کێشەی پێکهاتەکان

شێرزاد شێخانی‌ 23/03/2021

ئەمە پێشنیارێکە بۆ چارەسەری کێشەی پێکهاتەکان ئەگەر بە پەسندی بزانن ..

١- دواخستنی ئەم کێشەیە بۆ ماوەی سێ مانگ .

٢- لەگەڵ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن تیمێک پێکبهێنرێ بۆ سازدانی ئامارێکی تایبەت بە تورکمان ومەسیحییەکان و دروستکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی تایبەت بە خۆیان، ژمارەیان زۆر نییە و لەماوەی مانگێک یان دوو مانگ دەکرێ ئەمکارە تەواو ببێ، ئەویش لەرێگەی کردنەوەی دەرگا لەلایەن تیمەکانی کۆمسیۆنەوە بۆ ناونوسکردنی ئەوانەی خۆیان بە تورکمان و مەسیحی دەزانن تاکو کارتی بایۆمەتری تایبەت بە خۆیان بکرێ .

٣- دروستکردنی کارتی دەنگدانی تایبەت بە هەردوو پێکهاتەکان ( مەسیحی وتورکمانی ) بە شێوەیەک لەسەر کارتەکە خانەیەکی تایبەت هەبێ بە دیاریکردنی ئینتمای خاوەن کارتەکە .

٤- ئەو ناوانەی دەچنە ناو لیستی تازەی پێکهاتەکان، دەبێت لە لیستی بایۆمەتری گشتی دەربهێنرێن بۆ ئەوەی نەتوانن دووبارە دەنگ بدەنەوە .

٥- کردنەوەی وێستگەی تایبەت بە پێکهاتەکان لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان، بەشێوەیەک چاودێری بکرێ، ئەگەر هەر دەنگدەرێک کارتی بایۆمەتری تایبەت بە نەتەوەکەی خۆی نەبێت ناتوانی بێتە ژوورەوە و دەنگ بە لیستی پێکهاتەکان بدات .

٦- تورکمان و مەسیحییەکان لیستی تایبەتی کاندیدانی خۆیان هەبێت ، دەبێ کاندیکراویش کارتی بایۆمەتری تایبەت بە پێکهاتەکانی هەبێت .

٧- رۆژی دەنگدانی تایبەت بە پێکهاتەکان هەبێ و چاودێری چڕ بکرێ لەلایەن چاودێرانی بیانی و نوێنەری هەموو حزبە کوردستانییەکان .

٨- ئەگەر کۆمسیۆن ئەمکارەی پێنەکرا لەبەر مەشغولییەتی بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو، دەکرێ وەزارەتی پلاندادان بەمکارە هەستێ و پرۆسەی ئامارێکی نیمچەیی ( جزئی ) سازبکات .

٩- ئەم کارە ئەگەر دوو سێ مانگیشی پێ بچێت، هێشتا زۆر سوودی هەیە بۆ هەتا هەتا ئیتر تووشی ئەم کێشەی پێکهاتەکان نابینەوە، هەر کەسێکیش کە تەمەنی گەیشتە هەژدە ساڵییەوە لەم پێکهاتانە دەتوانن کارتی بایۆمەتری دەنگدان بۆ خۆیان بکەن.