ژمارە سفری رۆمان و جەریدە
ستران عەبدوڵا 23/03/2021
چەند ژمارە سفرێكی دەرنەچوو. بەهای بازرگانی خوێن دەداتە ژمارەی سفر. عادەت لە ماتماتیكدا كە سفرەكان لای چەپی ژمارەكانەوە بن هیچ بەهایەكی نییە مەگەر جێ گۆركێ بكەن و بچنە لای ڕاستەوە. بەڵام لە بازاڕی شێواوی كۆمەڵگە و رۆژنامەدا ژمارە سفر لە چەپ و ڕاستیش بەها وەردەگرن و دەشێ ببێتە كاغەز نەك بۆ لە باوەش گرتنی نووسراوەكانی رۆژنامەی كاغەزی بەڵكو ببنە كاغەزێك –كارتێك بۆ ملكەچپێكردنی كەسانێك لە بازاڕدا ركابەر و شەریكەبەشی گەندەڵی و گەندەڵین.
ئەوە پوختەی رۆمانی تازەی ئەمبرتۆ ئیكۆی فەیلەسوفی ئیتالیاییە : ژمارە سفر
رۆمانی« ژمارە سفر » رۆمانی داشۆرینی كایەی رۆژنامە و میدیایە كە كارێكی بە رۆژنامە كردووە سەرما بەھەتیو ، بابە دەواری شڕی نەکردووە و شێخ رەزاش بە هۆزەكانی جەباری و كاكەیی نەكردووە.
(ژمارە زیرۆ) باسی رۆژنامەیەك دەكات كە دەستەی نووسەرانەكەی پرۆڤەی دەركردنی چەند ژمارەیەكی گریمانەیی رۆژنامەكەیان دەكەن و دوایی خاوەنی پارە و مەقام و مەقالی رۆژنامەكە هەرگیز ماكێتەكان نانێرێتە چاپخانە، چونكە ئەسڵەن بۆ ئەوە نەكراوە كە بچێتە بازاڕی چاپەمەنییەوە، بەڵكو بۆ ئەوە كراوە لە بازاڕی بێ رەحمی ململانێ و شەڕە چەقۆدا وەك بارمتەی لێواری شاخە قاچاخێك بەكاربێت و تەواو.
خاوەنی رۆژنامە هەر گەرەكێتی پرۆڤەكان بەكاربێنێ و ركابەرەكانی پێ بشكێنێ نەك كاتی خوێنەران بە حیكایەتی درۆوە بكوژێت.
«ژمارە سفر » دوا رۆمانی پێش مردنی ئەمبرتۆیە و داشۆرینێكی پەخشان ئامێزی چڕە بۆ ئیدانەی كۆمەڵگەی ئیتالیا لە مۆسۆلۆنی تا برلسكۆنی، لە پاپاوە تا بزووتنەوە خوێنینەكانی چەپ و ڕاستی ئەوروپا. لەم شانۆ رۆمانییەی فرۆشتنی بەها و نرخەكاندا رۆژنامەگەری لەجێی ئەوەی شایەت و چاودێر بێت خۆی لە بەسەرهاتەكانی كۆمەڵگە و سیاسەت و دین و دونیاوە تێوە دەگلێنێت. (ژمارە سفر) لە دادگاكردنێكی مۆرالیدا كارێك دەكا رۆژنامەگەری سفر بە دەست بمێنێتەوە.
جا لە حاڵێكدا پاڵەوان و قوربانییەكانی رۆمانەكانی تری ئەمبرتۆ دەرفەتی موحاكەمەیەكی عادیلانەیان هەبوو بە حزوری ئەمبرتۆ خۆی پاڵەوانە كاغەزینەكانی رۆژنامە لەو بەهرەیەش مەحروم و زیرۆ بە دەست دەبن، چونكە هەرچی بڵێن ئەمبرتۆ گوێیان پێ نادات و گوێی لێ نییە كە ئەم رۆمانە دوا بەرهەمی پێش مردنێتی.
ئەوانەی پەرۆشی حیكایەتی سفر بە دەست مانەوەی میدیان بە تایبەتیش هی میدیای كوردی هیچ چاریان نییە خوێندنەوەی رۆمانی ژمارە سفر نەبێ.
كە خوێندیانەوە دەزانن مافیا و سیاسەت و گەندەڵی لە رۆمانەكان ئەسڵن و ئەوەی واقیعی بەرجەستەش تەقلیدی تایوانین.
حاجی پێش ئەمبرتۆ وتی:
سەت قایمە و قەسیدە کەس نایکڕێ بە پولێ
رۆژنامە و جەریدە کەوتۆتە قیمەت و شان
نھا رۆمانی «ژمارە سفر » یارییەكە پێچەوانە
دەكاتەوە.