Alternate Text

داڕزان لە لوتکەدا..

عەبدول محەمەد‌ 23/03/2021

هۆکاری سەرەکی بوون و دووبارەبوونەوەی دۆزینەوەی سەدان تۆن لە خۆراک و خواردنەوە و دەرمانی بەسەرچوو لە هەرێمی کوردستان ، دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی، لە گرنگترینیان، نەبوونی ویژاندانێکی زیندووە لەلی ئەو کەسانە کە هەوڵی ساخکردنەوەی ئەو کەلوپەلانەن لە بازاڕدا، ئەو هۆکارەیان زیاتر خودییەو پەیوەندی هەیە بە مۆراڵی کەسەکانەوە کە تا چ رادەیەک لەخواترسن یان لەگڵ بیرو باوەڕەکەی خۆیاندا ڕاستگۆن.
هۆکارێکی تر ناکارایی و نەبوونی چاودێری حکومەت ونەبوونی یاسایەکی توند کە لەدژی ئەو کەسانە بگیرێتە بەر، بەشێوەیەک هیچ کەسێکی تر جورئەتی نەبێت بیر لە ساغکردنەوە کاڵاو کەلوپەلی خراپ بکاتەوە.
لەڕووی یاسیایەوە بەهۆی ئەوەی یاسای پاراستنی بەکاربەری عێراقی ژمارە(۱)ی ساڵی ۲٠۱٠یاسایەکی توند نییەو سزاکەی هێند ەسوکە و زۆر جاریش دەكرێت بە غەرامە یان چاوپۆشی و دەستوەردانی تیا دەکرێت، ئیتر کەس ترسی لە یاسا نەماوەو ئامادەیە سە دجار هەمان تاوان دووبارە بکاتەوە و باکی بە هیچ نەبێت.
وەک لەدەقی یاساکەدا هاتووە( سزا دەدرێت بە سێ مانگ زیندانیکردن یان پێ بژاردن بە ملیۆنێک دینار ، هەر کەسێک غەش و چاوبەستەکیلە کەلوپەلە خۆراکییەکاندا بکات و بەرواری بەرهەمهێنانیان بگۆڕێت، یان غەش بکات و شتەکان بە بەرگی جیاواز بشارێتەوە بۆ ساغکردنەوەیان).
گەر سەیری دەقی ئەم یاسایە بکەیت زۆربەی جار لەهەرێمی کوردتسان سزا داراییەکە پەیڕەو دەکرێت، خاوەن کارو کەسی تۆمەتباریش ملیۆنێک دینار بە هیچ نازانێت و زۆر کەمترە لە قازانجی یەک ڕۆژی، بەڵام ئەگەر سزای زیندانییەکە جێبەجێ بکرێت بۆ زۆر کەس قورسەو لەسەری دەکەێت و ڕەنگە نەوێرێت جارێکی تر دووبارەی بکاتەوە، بەڵام بەهۆی تەشەنەکردنی خۆراک و کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو نەشیاو بۆ خواردنی مرۆییەوە، یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوە و توندکردنەوەی سزااکان هەیە،
جێی مەترسییە مانگ و ڕۆژ نییە دەستبەسەر سەدان تۆن خۆراک و کەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا نەگیرێت، بەراستی دۆخەکە بووەتە مەترسی راستەقینە لەسەر ژیان و تەندروستی خەڵک،
بۆیە پێویستە ڕێوشوێنی توندتر بگیرێتە بەر لەسنورەکان، کە سەرچاوەی سەرەکی هاوردەکردنی هەموو ئەو خۆراکانەیە.
جگە لەوەش بەشێکی زۆری خەڵک ڕۆشنبیری تەندروستیان نییەو لەکاتی کڕینی کەلوپەلە خۆراکییەکان، هیچ بایەخ نادەن بە ماوەی بەسەرچوون.
لەم ڕووە برسێتی و نەبوونی باری شانی ئەو کەسانەی قورستر کردووە، چونکە ئەوەندەی بایەخ بە دابیکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانە دەدەن، ناتوانن بایەخ بە جۆر و کوالیتی خۆراکەکان بدەن، بەشێوەیەک قورسە بتوانیت قەناعەت بەو کەسانە بکەیت، کە خۆراکی خراپ و بێ کوالیتی کاریگەریی بەرچاوی هەیە لەسەر تەشەنەکردنی نەخۆشی و دەردە قورسەکانی ئەم سەردەمە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بوونی خۆراکی خراپ و بێ کوالیتی لە بازاڕەکاندا ، نەبوونی بەرهەمی ناوخۆییە تا ڕکابەری بەرهەمی دەرەوە بکات و هیچ پاڵپشتییەکی حکومیش نییە لەو بورەدا.
جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین، لە دنیای دەرەوەدا خاوەن کار یان کارگە، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کارەکەی بکات بە براند یان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو باشتری ببات.بەشێوەیەک هەرچی توانای دارایی و مرۆیی خۆیەتی لەو پێناوەدا خەرجی دەکات، تا دەبێتە خاوەنی ناوبانگێکی باشو و متمانە پێکراو، بەڵام بە داخەوە لە کوردستان زۆر کەس هەیە بە کارو پیشەکەی ناوبانگێکی باشی پەیدا کردووە و ، توانیوویەتی سەرمایەیەکی باش کەڵەکە بکات، بەڵام بە داخەوەلەبری ئەوەی پارێزگاری لەو ناوو ناوبانگەی خۆی و خێزانەکەی بکات، بەهۆی چاوچنۆکی و لەسەر حسابی تەندروستی خەڵک و کەڵەکەکردنی سەرمایەی حەرام ، لە لوتکەدا خۆی و ناوو ناوبانگی توشی داڕزان دەکات.