Alternate Text

رەشبگیری کەرەکان لە هەولێر

وریا عومەر ئەمین ‌ 23/03/2021

بەیادی ڕشبگیری (کەر گیرانی) شاری هەولێری خۆشەویستی سالی ١٩٦٣

ڕەشبگیریی (کەرگیرانی) ساڵی١٩٦٣ ، یێکێکە لەو ڕووداوە ھەرە سەیرانەی کە مایەی ئەوپەڕی سەرسوڕمان و پێکەنین و گاڵتەجارییە.

ڕووداوی وا ھەرگیزا و ھەرگیز لە مێژووی ھیچ میللەتێکا ڕووی نەداوە و ھەرگیز ڕوو ناداتەوە و دەبێ بچێتە کتێبی گنیسەوە.

گومانم لەوەدا نییە کە ھەموو ھەولێرییە تەمەندارەکان ئەمەیان لەبیرە، ھیوادارم ھەچ بیرەوەرییەکیان لەم بارەیەوە لایە تۆماریکەن تا جیھان و نەوەکانی دوا ڕۆژ بزانن ئیمەی کورد چیمان دیوە و چیمان بەسەرا ھاتووە.

لەو ڕۆژەدا ھەرچی کەری ناو شاری ھەولێر و گوند و لادێی دەوروبەریەتی ھەموو گیران و خرانە ناو حەوشە گەورەکەی بەندیخانەکەی ھەولێر کە کەوتبووە پشت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ئەوسا (بەرامبەر پارێزگای ئیستا)، بەو تۆمەتەی کە بەھۆیانەوە ئازووقە بۆ پێشمەرگەکان دەبرێ و کاروباری شۆڕشیان پێ ئەنجام دەدرێ، لە شاری ھەولێر ژیان وەستا، توور و سڵق و کەرەوز و تەڕەپیاز و ماست و پەنیر کە بە پشتی کەر لە باغچە و لادییەکانەوە بۆ شار دەھێنران لە بازاڕدا نەمان، ئاشەکان کە باراشیان بۆ بە پشتی کەر دەچوو ھەموو وەستان، دەنگی نەوتفرۆش و دار فرۆش لەگەرەکەکانا نەما، ناڵبەند و کورتاندروو و کافرۆش و کۆڵھەڵگڕەکان بازاڕیان مرد.

مەیدانی کەر داخرا و کەرفرۆشەکان پەکیان کەوت و خۆیان شاردەوە، نزیکەی ھەزار کەر بەندکران، خاوەنەکانیان ڕۆژ تا ئێوارە لەبەر دەرگای بەندیخانەکە بە ھەندێ کا و جۆوە لە ڕریز دەوەستان نۆرەیان بێ بچن مواجەھەی کەرەکانیان بکەن و ئاو و خواردنیان بۆ بەرن، کا و جۆفڕۆش، وەک میوە فرۆشەکانی بەردەم نەخۆشخانەکان، بە فەردە کا و جۆیان ھێنابووە نزیک بەندیخانەکە، کەرەکان ئەم گرتنەیان یەکجار پێ خۆش بوو.

ڕزگاریان بووبوو لە بار ھەڵگرتن و عارەبانە ڕاکێشان و نەقیزە و دارکاری و بێ بەزەیی منداڵان، لەھەموو ژیان و مێژوویاندا ھەرگیز خۆشی و شادیی وایان بە خۆوە نەدیبوو و ئەوەندە نەحەسابوونەوە، بازدانیان بەسەر یەکا و لووشکە و قەپگرتن و زەڕەزەڕ عەڕەعەڕ و زەڕینیان لە ناو حەوشەی بەندیخانەکەدا شانۆیێک و سیمفۆنیایێک بوو بۆخۆی، زۆر شتیان دەردەبڕی و دەگێڕایەوە، ئەوسا ئێمە دەستەیەک ھاوڕێ بووین لە قۆناغی ناوەندیدا، دوای دەرچوونمان لە قوتابخانە دەچووینە بەردەم سەرا لەناو خاوەن کەرەکاندا دەخولاینەوە گوێمان دەدایە قسەکانیان و خەمەکانیان.

بیرمە مەحموود زامدار کە تازە موچڕکی کەریزم بە دەماڕەکانیا دەگەڕا دڵی گەلێ لە کەرەکان خۆشتربوو، لەوانەشە ھەر ئەو رۆژە و ئەو ڕووداوە بوو عیشقی کەری لەدڵدا چەسپان،. قسە و باس و خواس و خەم و پێکەنین و پێخەنی خەڵکەکە ئەوسا بوو بەدونیای کەر و بەزمی کەرگیران و گەلێ شتی سەیر ڕوویدا و باس کرا .

ڕۆژێ دوو قوتابی لە پۆلەکەماندا نەھاتبوون.. کە مامۆستا ناویانی خوێندەوە یەکێ لە ھاوڕێکانی وتی ( مامۆستا ئەوانە دراوسێمانن، کەریان گیراوە چوونەتە مواجەھە).

کابرایەک کەرەکەی خۆی لە ژوورێکی ماڵەکەیا دەشارێتەوە، شەو دەزەڕێ و لێی ئاشکرا دەبێت، خۆی و کەرەکەی ڕاپێچی بەندیخانە دەکەن.

پاشان کەرەکەیان بەردا و خۆی تا ئیستا شوێنبزرە. عەزیز ناوێک کەرەکەی خۆی دەرباز دەکا و لە ناو زوورگەکانا دەیشارێتەوە، دوای ئەمە بە (عەزە کەرفیرار) ناوی دەرکرد. دوای حەفتەیەک جاڕدرا کە ھەر کەرگیراوێک عەریزەیێک بنووسێ تیایا بەڵێن بدا کە کەرەکەی بۆ کاری نایاسایی بەکار ناھێنێ، کەرەکەی ئازاد دەکرێ، خوا دەرگایەکی واڵای لەسەر گازی پشت بۆ عەرزوحاڵچییەکان کردەوە.

وێنەگرەکان کەوتنە گازندە و دەیانوت حەقی وایە وێنەی کەرەکانیش بە عەریزەکانەوە بلکێنرێ، بە دەیان کەرگیراو دەوری عەرزوحاڵچییەکان دابوو و وەک زەردەواڵە بەسەریانا نیشتبوون، کەرگیراوێ نەختێ پیر و بێ تاقەت دەبێ چەند دەکا ناتوانێ خۆی بگەیێنێتە عەرزوحاڵچی، داوا لە یەکێ دەکا یارمەتیی بدات و عەریزەکەی بۆ بنووسێ، ئەویش دیارە کابرایەکی فشەکەر بووە، ئەمەی بۆ دەنووسێ: (بەرێز موتەسەریفی ھەولێر، ئەوە شەش رۆژە کەرەکەم گیراوە، من لە جیاتی ئەو سوێندتان بۆ دەخۆم و شایەتیی بۆ دەدەم کە ئەم کەرەی من ھیچ پەیوەندییەکی بە ھیچ لایێکەوە نییە و بێ خەتایە و ھیچ کارێکی نایاسایی نەکردووە، تا بڵێی ھیمن و ئیشکەر و لەسەرەخۆیە، ھەرگیز لووشکەی لە کەس نەداوە و قەپی لەکەس نەگرتووە، سەرچاوەی رزقی مناڵەکانمە، داوا لە بەڕێزتان ئەکەم رەحمێکی پێ بکەن و ئازادی کەن).

یەکسەر کابرا دەگیرێ و کەرەکەی بیر دەچێتەوە، ڕۆژی دوایی بوو و دوای ئەوەی زۆربەی کەرگیراوەکان بەڵێننامەی خۆیان پێشکەش کرد، بریاری لێبووردنی گشتی درا، کات دوای نیوەڕۆ بوو ، دەروازەی بەندیخانەکەیان کردەوە و کەرەکانیان بەڕەڵلا کرد.

ئەو سەدەھا کەرە پێکەوە بەڕاکردن و خزینە پاڵ یەک و لووشکە لێدان و ھەڵبەزین و دابەزینەوە بەبەردەم چاپخانەکەی مامۆستا گیو و دوکانەکەی مەجید پەقڵاوەچییەوە بەرەو ناوبازار کەوتنە رێ، سەروسیمایان خۆشی و سەرکەوتن و سەربەرزی و شانازییان لێ دەباری، خاوەنەکانیان بەناویانا بەربوون ، ھەریەکە لەمبەر بۆ ئەوبەر ڕایدەکرد لە کەرەکەی خۆی دەگەڕا و ھەرکە دەیدۆزییەوە دەستی لە ملی دەکرد و ھی وا ھەبوو ماچیشی دەکرد و فرمێسکی بۆ ھەڵدەڕشت و دەیوت کەفارەتییە ئینشاڵڵا.

دوکاندار و خەڵکەکە لەمبەر و ئەوبەری شەقامەکەدا وەستابوون سەیری ئەو کۆرەڕەوەیان دەکرد، بە پێکەنین و گاڵتە لە گەڵ یەکتردا دەدوان. ھەندێ گەنج لەبەردەم دوکانەکەکەی مام حەیدەری پینەدۆز وەستابوون بەو پەڕی ڕیزەوە دەستی خۆیان بەرز، بە سڵاو و ڕیزەوە دەشەکاندەوە و وەک قارەمان پێشوازییان لێ دەکردن، کەرەکانیش، ئەوەی خاوەنەکەی دۆزییەوە، ئەوە لێی خوڕی و بردییەوە، ئەوانی تر لەناو سووچ و کۆڵانەکانی ناو بازاڕدا بڵاو بوونەوە و لەناو خەڵکەکە توانەوە.