بارودۆخی شاری کەرکوک خەریکە ئاڵۆز دەکرێت بەپیلان و پلان چارەسەرکردنی کێشەکانی دەکرێنە گرێ کوێرە، ئەمە بۆ کۆی پڕۆسەی سیاسی عیراق دەبێتە سەرەتایەکی خراپ و دەستێوەردانی دەرەکیش شەمەندەفەرەکە لە رێڕەوی راستەقینە لادەدات، ئێ خۆ عیراقی سەردەمی سەرۆک مام جەلالیش نییە بە دانایی سیاسی و ژیریی کەم وێنەی، دۆست و نەیاران کۆبکاتەوە و بە چارەسەری گونجاو و دەمودەست ئاگری فیتنە بکوژێنێتەوە و پیلاندانەر رەنجەڕۆ بکات.
بۆ کورد و کوردستان، کەرکوک هەر دەبێت خاوەن شوناسی نیشتمانی خۆی بێت و هەڵبەز و دابەزی مێژوو نەتوانێ لێمانی وەربگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هەر قۆناغەی خەبات میکانیزمی خەبات و ستراتیژی سەرکەوتن دەبێت جیاوازبێت، هەڵەیە ئێستا بە هەمان میکانیزمی 10 ساڵی رابردوو بمانەوێ شەڕی وەرگرتنەوەی کەرکوک بکەین، بەڵام ناسنامەکەی هەر نەگۆڕە لە ئەجێندای کوردستانی خاوەنی راستەقینەی کەرکوکە و مەیلی سازشکاری پێوە دیارنییە.
خوێن و دەنگ بۆ رابردوو و ئێستا لەناو پڕۆژەی کوردستانی بۆ وەرگرتنەوەی کەرکوک تاقیکرانەوە، خوێن بەخشین و گیانبازی پێشمەرگە لە راپەڕینی ساڵی 1991 و پڕۆسەی ئازادی عیراق سەرکەوتنی کوردیان لە چەسپاندنی ناسنامەی کوردستانیانەی کەرکوک سەرخست و بووینەوە خاوەنی راستەقینەی کەرکوک، ساڵانێک کورد بڕیار بەدەستی کەرکوک بوو، زۆری کرد و رێگری زۆریشی بۆ دروستکرا، بەڵام پیلانی نەیاران و هەڵەی سیاسی بەربەستی گەورەیان لەسەر رێگەی فەرمانڕەوایی کورد دروستکرد و ئەوەش بووە دەرفەتی ئەوان بۆ گەلەکۆمەی ناڕەوا بۆ وەرگرتنەوەی کەرکوک لە دەستی کورد پێیان ناکرێ، بەڵام هەندێک دۆخەکەیان ئاوەژوو کردووەتەوە.
ئێستا کەوا لەسەر رێگەی هەڵبژاردنین، میکانیزمی دووەم لە خەباتی دیموکراسی کە دەنگدانە بۆ چەسپاندنەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکوک گرنگ و یەکلاکەرەوەیە، ئەوەش هەر پێویستی بە گرتنەبەری سیاسەتی ژیرانەیە، چونکە پیلانی سەر کورد و کەرکوک هی دەرەوە و ناوەوەیە و ژیری و بوێری دەوێت بۆ سەرکەوتن بەسەر نەیاراندا.
بەدرێژایی مێژوو کەرکوک هەر خوێنی بەخشیوە، ئەوە دەرخەری ویستی ئازادیخوازیی کەرکوکییەکانە بۆ پاراستنی ناسنامەی شارەکەیان و سەرکەوتنیان بەسەر نەیارەکاندا، ئێستاش کەوا بەپیلان دەیانەوێت خوێنی کەرکوکییەکان بڕێژن، دەبێت ئەو جارەیان کەرکوکییەکان نەچنە ژێرباری پیلانی تێکدانی کەرکوک و پێکەوەژیان و ویستی ئازادیخوازانەیان یەکگرتن و دەنگبەخشین لەم جۆرەی خەباتی دیموکراسیدا تاقیبکەنەوە و بیسەلمێنن بەهای دەنگی کوردستانی بۆ رزگارکردنی کەرکوک هاوتای خەباتی پێشمەرگانەی قۆناغی شۆڕشگێڕییە، دیسانەوە هەر بەو رێگەیە دەتوانن ئیرادەی کەرکوکییەکان سەربخەن و کوردستانیبوونی بپارێزن.
لە بارودۆخی وەکو ئێستادا کە پیلانی قورس لەسەر کورد و کەرکوکییەکان هەیە، پێویستییە هێزی سیاسی کوردستانی ناکۆکییەکان وەلابخەن و بچنە پاڵ کەرکوکییەکان کە تەنها بۆ کوردستانیبوونی کەرکوک دەجەنگن، میکانیزمی خەباتەکەش روونە دەنگدانە بۆ کەرکوک بۆئەوەی لەو خەباتەشدا هەر کەرکوکییەکان خۆیان پێشەنگبن و رێگەنەدەن ئەوانەی بەناوی دڵسۆزییەوە دەیانەوێت بیانکەنە پەیژەی سەرکەوتن، خوێنیان هەرزانفرۆش بکەن.