Alternate Text

ئەردۆغان و غەززە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد‌ 23/03/2021

ئەردۆغان بەرهەمهێنانێکی گەورە لەنێوان ئیسرائیل و تەواوی وڵاتانی عەرەبیدا دەکات لەچێوارچێوەی شەڕی غەززەدا، لەیەککاتدا زریکەی منداڵ و زرەی پارەش دابینێت.

هەرگیز ئەردۆغان گوێی سووک نەبووە بە بیستنی زیڕەی منداڵ چ لە خۆرئاوای کوردستان بێت یان لە غەزە. رۆژنامەی زەمانی تورکی هێمای بۆئەوە کردبوو زیندانەکانی تورکیا پڕن لە منداڵی بێتاوان. لە ئێستادا، هیچ وڵاتێکی عەرەبیی هاوزمان و هاوخوێنی دانیشتوانی غەززە، هێندەی ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا دژی ئیسرائیل وتاری ئاگرینی نییە، نەک هەر وتار، تەنانەت تورکیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگکردۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی وتاری توندی ئەردۆغان و نەتەنیاهۆ لە میدیاکانەوە بەرامبەر یەکتر دەبیسترێت.

ئەگەر وتاری ئەردۆغان چەندانجار لەئێستا توندتریش ببێت، بەڵام پرسی بازرگانی و گەشتیاری، شتێکی دیکەیە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئیستیسماری ئیسرائیلی لە تورکیادا رێگرە لەوەی تورکیا هەڕەشەکانی بۆ ئیسرائیل بکات بەکردار و بە واقیعی بچێتە ئەو جەنگەوە، بەتەعبیرێکی سادەتر: نەک تورکیا، هیچ وڵاتێکی ناوچەیی و جیهانی ناتوانێت بۆ پشتیوانی عەززە، ناچێتە ئەو جەنگەوە و دژی ئیسرائیل بووەستێتەوە.

لە دوای ساڵی 1948ەوە، هەمیشە تورکیا وەک بەرەیەکی دژە ئیسرائیل بینراوە، ئەمەش خۆبینینەوەی تورکیا بوو لەناو ئەو گوتارە توندە عەرەبییەدا کە بەرامبەر ئیسرائیل هەبوو، بەڵام لەدوای ساڵانی 1990 ــ 2000، ئیدی تورکیاش وەک زۆرێکی وڵاتانی عەرەبی کشایەوە لە دژایەتیی توندی ئیسرائیل. واتە دەتوانین بڵێین تورکیا لەیەک قۆناغدا هەڕەشەکانی بۆ ئیسرائیل بنەمایەکی راستی تێدابووە کە وتاری عەرەبی تا رادەیەک دژی ئیسرائیل، هێز و کاریگەری پێوە دیار بووە. مەسەلەی پشتیوانینەکردنی ئیسرائیل لە پڕۆژەی دەوڵەتسازی کوردیش، خاڵێکی دیکەی ئەو بەهێزییەی ئیسرائیلە کە تورکیا ناتوانێت دژایەتی بکات، ئەم بابەتە بەلای تورکیاوە هەستیارە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆغان باش تێدەگات هەر گوتارێکی دژ بە ئیسرائیل بەقازانجی پرۆژەی داکشانی تورکیا نییە بەرەو خۆرهەڵات، ئەی کەواتە تورکیا بۆ هەڵگری وتارێکی دیماکۆگییە دژی ئیسرائیل؟

وەڵام بەمجۆرەیە: ئەم دژایەتییەی ئیسرائیل لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەوەیە، تورکیا نزیک بکاتەوە لەهەندێک لەو وڵاتانەی خۆرهەڵات و عەرەبی کە خاوەن سەرچاوەی باشی ئابووری و بازرگانی نەوتن، چونکە وەک هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا ئاماژەی بۆ دەکەن، لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی تورکیاوە ئیدی ئەوەندەی تورکیایەکی خۆرهەڵاتی ئابووری دەبینرێت، تورکیایەک نابینرێت رووی لەخۆرئاوابێت. لەراستیشدا ئەو بۆچوونەی بەرەی ئۆپۆزیسۆن جێی بڕوایە و دەکرێت وایلێتێبگەین، حەقیقەتی ئەم دۆخەی ناوخۆی تورکیا لە رووی ئازادی و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانی تورکیا و بابەتی داتەپینی بەهای لیرەی تورکی و مافی نەتەوەکانی تورکیا، بەکەڵکی ئەوە نایەت نورکیا هەوڵبدات بچێتەناو ئەوروپاوە و تووشی لێپرسینەوەی قورس ببێتەوە، بۆیە ئێستا تورکیایەکی خۆرهەڵاتی دوولایەنە هەیە، هەم دژە لەگەڵ ئیسرائیلدا و هەم نایەوێت بەرکەوتنی راستەقینەی لەگەڵ ئیسرائلدا هەبێت، چونکە بەهۆی هەر ناکۆکییەکەوە رەنگە هەموو شیرینییەکانی نەوت و بازرگانی لە دەست دەربچێت.