Alternate Text

كاریگەریی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لەسەر هەندێك وڵات

نازەنین عوسمان‌ 23/03/2021

لێرەدا باس لە خودی جەنگەکە نییە، بەڵكو لە هەندێك وڵات و هەندێك هێزە، كە بە ویستی خۆیان بێت یان نا، پڕیشكی ئەو شەڕەیان بەردەكەوێ و ناتوانن بێهەڵوێست بمێنن.

گەورەترین كێشە بۆ میسر، حەماسە
نموونەی یەكەم و لە پێش هەموویانەوە، وڵاتی میسرە. تاكە دەروازەی غەزە لەگەڵ دەرەوە، دەروازەی رەفحە.

راستە غەزە لەسەر دەریای سپییە، بەڵام ئیسرائیل كۆنترۆڵی كردووە و هاتوچۆی خەڵك و شتومەك بە رێگەی دەریایی، زۆر ئەستەمە بۆیان. غەزە بە ئیسرائیل دەورە دراوە، تەنها لە خواروویەوە نەبێت بە میسرەوە بەستراوە و سنووری نێوانیشیان بە تەل و دیوار دروست كراوە و دەروازەی رەفح كۆنترۆڵە. شاری رەفح شارێكی میسرییە و دەكەوێتە باكووری سینا

 
حەماس گەورەترین كێشەیە بۆ میسر، ئەمجارە حەماس هەڵیگیرساند، هەموو دانیشتوانی غەزەی خستە بەر هێرشەكانی ئیسرائیل، ئەگەر میسر دەروازەكەی نەكاتەوە، ئەوا برا عەرەبەكانی بەكوشت دەدات و دەكەوێتە بەر رەخنە، خۆ ئەگەر دەروازەكەشی بۆ خەڵكی غەزە كردەوە، ئەوا حەماسیش لەگەڵیان دەچێتە نێو خاكی میسر و لە خاكی میسرەوە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل دەكات، ئەمەش نێوانی میسر و ئیسرائیل تێك دەدات. خاڵێكی گرنگ هەیە، گوایە ئیسرائیل دەمێكە دەیەوێ غەزە داگیر بكات و لە سینا ناوچەیەك بۆ دانیشتوانی غەزە دروست بكات.

كردنەوەی دەروازەی رەفح، ئەم ئەگەرە دەكاتە مایەی جێبەجێكردن. جگە لەوەی میسر نایەوێ ئەو ناوچەیەی بكرێتەوە، بەڵكو زۆر قورسیش لەسەر میسر دەوەستێت و سبەی بە خیانەتكاری دۆزی فەلەستین دادەنرێت، كە خاكی فەلەستینی بۆ ئیسرائیل چۆڵ كردووە. خۆ ئەگەر ئەو ناوچەیەشیان بۆ دروست نەكرێت و وەك پەنابەر روو لە میسر بكەن، ئەوا میسر كێشەی ئابووری زۆرە و ناتوانێت پێداویستیی لۆجیستی و ژیان بۆ ئەو ژمارە زۆرە دابین بكات، لەكاتێكدا دانیشتوانی غەزە لە دوو ملیۆن كەس زیاترن. جا حاڵی میسر وەك ئەو كەسەیە كە دارەكەی دەستی هەمووی پیس بێت و گەر ئەو شەڕە بەردەوام بێت، زیانی زۆری بۆ میسر دەبێت.



ئیسرائیل خۆی بۆ غەزە تەرخان كردووە 
هێزێكی تر، بە ستراتیژی دژایەتی ئیسرائیل دروست بووە، (حزبوڵڵا)یە. كە سوپاكەی لە سوپای لوبنان بەهێزترە و كە ئەمریكا و خۆرئاوا و زۆرێك لە چاودێران پێیانوایە راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێت. هەرچەندە هێزێكی شیعەمەزهەبن، بەڵام لەگەڵ حەماسی سوننەمەزهەب خۆیان بە تەواوكەری یەك دەزانن و ئامانجیان لەناوبردنی ئیسرائیلە. حزبوڵڵا لەوەتەی هەیە نان بە دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیلەوە دەخوات. ئێستا غەزە لەشەڕدایە، ئەگەر حزبوڵڵا پشتی حەماس نەگرێت، ئەوا كێشە بۆ مانەوەی دروست دەبێت. حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، لە رۆژی هەینی رابردوو 3/11/2023، دەرگای لەسەر هەموو ئەگەرەكان كردەوە، بەڵام حەماسەتی لە جاران كەمتر بوو، یەكسەر بڕیاری هێرشی بۆ سەر هێزی ئیسرائیل نەدا، هەرچەندە پێشتر چەند موشەكێكیان بە ئیسرائیلدا دا و ئیسرائیلیش وەڵامی نەبوو.

وا دیارە ئیسرائیل زیاتر خۆی بۆ غەزە تەرخان كردووە و یەك لەسەر سێی سوپاكەی لە شەڕی لە غەزەدایە، یاخود زۆر بڕوای نەبووە كە حزبوڵڵا زۆر جدییە لە هێرشەكانیدا، یان ئەوەتا ئیسرائیل هەموو ئامادەباشییەكی كردووە و حزبوڵڵا ئێستا ناوێرێ خۆی لە قەرەی بدات. حزبوڵڵا بەستراوەتەوە و تێدا ماوە، بە قسەی خۆیان؛ حەماس لەبارەی ئەو هێرشەوە ئاگاداری نەكردوون. دووەمیش، حزبوڵڵا ئێستا زیاتر بووەتە هێزێكی لوبنانی لەچاو جاراندا و زیاتر گرنگی دەدات بەوەی لە لوبناندا رۆڵ ببینێت. لەگەڵ ئەوەشدا، مانەوەی حزبوڵڵا پەیوەستە بەو ستراتیژیەتەی كە هەیبووە و پێی گەشەی كردووە و یارمەتی پێ وەرگرتووە، ئەویش نەهێشتنی ئیسرائیلە. ئەگەر ئەو بەرەیە لە باكووری ئیسرائیلەوە نەكاتەوە؛ ئەوا بوون و مانی خۆی دەخاتە گومانەوە و دەبێتە هۆكارێك بۆ لەناوبردنی حەماس، بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل هەموو هێزەكەی بۆ حەماس بەكار دەهێنێت و تەنیا لە یەك بەرەوە شەڕ دەكات.



لە بەرژەوەندی فەتحە حەماس لەناو بچێ
ئوردنیش حاڵی وەك حاڵی میسرە، ئەو دوو وڵاتە سنووریان لەگەڵ هەردوو پارچەكەی فەلەستین هەیە. كەناری خۆرئاوا لەگەڵ هێرشی حەماس نەبوو. مەحمود عەباس، سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین لە كەناری خۆرئاوا، دوای هێرشەكەی حەماس وتی: ئەو كردەوانەی حەماس، خواستی گەلی فەلەستینی نییە. لە لایەكی تریشەوە، لە بەرژەوەندی فەتحە كە حەماس لەناوبچێت. حەماس لە غەزە دوای ساڵانی 2006 زۆرێك لە لایەنگرانی فەتحیان لەناوبرد،  بەڵام خەڵكی کەنار بەشێكن لە خەڵكی غەزە و پشتی یەكن و یەك ئازار دەچێژن. ئەگەر ئەو جەنگە بەردەوام بێت، پێدەچێت ئەوانیش دژ بە ئیسرائیل هەستن، لەو حاڵەتەشدا جەنگە بەسەر فەتحدا دەسەپێنرێت. ئەگەر جەنگ لە کەناری خۆرئاوا روو بدات، ئەگەری هەیە هەمان كێشەی میسر بۆ ئوردنیش دروست بێت.



ئاگرە سوورە لە من دوورە 
وڵاتێكی تر، ئێرانە، ئەو وڵاتە پشتوپەنای حەماسە، بەڵام بە قسەی ئێران، حەماس بێ ئاگاداركردنەوەی وڵاتەکەی ئەو هێرشەی كردووە.  بەڵام هەر وتنەكەی مانای ئەوەیە دەیەوێت بڵێت «ئاگرە سوورە لە من دوورە». ئەگەر بێتو ئێران بەشێوەیەكی راستەوخۆ پشتی حەماس بگرێت، ئەوا دەمێكە ئەمریكا حەز دەكات ئێران بباتە نێو ئەو شەڕانەوە ئەمریكا لە ئێستا دوو كەشتیی فڕۆكەهەڵگری هێناوەتە دەریای سپی.

خۆ ئەگەر ئێران هەر بەو شێوەیە لە دوورەوە پشتگیریی خۆی بۆ حەماس دەرببڕێت، ئێران، نەك هەر لای حەماس، بەڵكو بەرامبەر بە هەموو ئەو دەوڵەت و لایەنانەی لەژێر سایەی ئێراندا تووشی ئیحراجی دەبێت، 
وڵاتێكی تر، سعودیەیە، ئەو وڵاتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردبۆوەوە، لە ئەگەری ئەوەدا بوون سەرەتای ساڵی داهاتوو بە ناوبژیوانیی ئەمریكا پەیوەندی ببەستن و لەسەر هێڵە سەرەكییەكان رێك كەوتبوون. هێرشی حەماس وای كرد سعودیە ئەو رێكەوتنە رابگرێت، هەرچەندە سعودیە لە ناوەڕۆكدا پێی خۆشە حەماس لەناوبچێت، چونكە بە نەیاری خۆی دەزانێت هەروەها حەماس پشتگیری حوسییەكانی یەمەنیش دەكات.

لەو رێكەوتنەی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل، هەندێك چەكی باشی لە ئەمریكا وەردەگرت بۆ پارێزگاری خۆی، بەتایبەتی بەرامبەر بە ئێران وحوسییەكان. ئەو شەڕەی حەماس ریسەكەی لێ كردەوە بە خوری.

قەتەر لەسەر پەتەكە یاری دەكات 
وڵاتێكی تری كەنداو، قەتەرە.

ئەو وڵاتە لەسەر چەند پەتێك یاریی دەكات، لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییەكانیان بەرزی و نزمی زۆریان بینیوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لە نێواندا هەیە. قەتەر راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یارمەتی حەماس دەدات بەناوی یارمەتی غەزە. 
حەماس لە 2006ەوە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە حوكمی غەزە دەكات و ئەو یارمەتییانەی بۆ غەزە دەچێت، هەمووی لەژێر دەستی حەماسە.

مانگانە بەناوی مووچەی فەرمانبەرانی غەزە، قەتەر یارمەتی بۆ حەماس دەنێرێت.

لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، قەتەر ویستی ناوبژیوانییان بكات، بەڵام ئیسرائیل رەتی كردەوە. بەشێك لە سەركردەكانی حەماس لە دەوحە دەژین.


وڵاتێكی تر كە وەك قەتەر لەسەر چەند پەتێك یاریی دەكات، توركیایە. توركیا یەكەم وڵات بووە لە ناوچەكەدا كە لە 1949 دانی بە ئیسرائیلدا ناوە. پەیوەندیی بازرگانی و سوپایی بەهێز هەیە لە نێوانیاندا و ئاڵوگۆڕی دیپلۆماسییان هەیە.

لە دوای هاتنی ئەردۆغان بۆ سەر حوكم، پەیوەندییەكانیان بەرەو خراپی رۆیشتووە، هەرچەندە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ هەردوو سەرۆك پێكەوە دانیشتن و باسی تازەكردنەوەی پەیوەندییەكانیان كرد. لە دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، ئەردۆغان ئیسرائیلی بە تاوانباری جەنگ باس كرد لەبەردەم كۆبوونەوەیەكی فەلەستینییەكان لە ئیستانبوڵ، كەچی لە هەمان كاتدا رێگەی دا یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی ئازەربایجان لە رێگەی توركیاوە بۆ ئیسرائیل بڕوات.

لە دوای ئەو وتەیەی ئەردۆغان، ئیسرائیل باڵیۆزەكەی لە ئەنقەرە كشاندەوە، بەڵام تا ئێستا باڵیۆزی توركیای لە تەلئەبیب دەرنەكردووە. پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا ئەردۆغان خاوەن هەمان بیروباوەڕی حەماسە، زۆربەی دەنگدەرانی ئەردۆگان، ئیخوانن، ناتوانێت شتێك بڵێت دژ بە حەماس و حەماس بە هێزێكی ئیسلامیی بەرگری دەناسێت كە ئەمە پێچەوانەی دیدی وڵاتانی ناتۆیە، كە بە رێكخراوێكی تیرۆریستیی دەزانن. 


هەندێك هێزی وەكو حوسییەكانی یەمەن و حەشدی شەعبی لە عیراق، كە لە ئێرانەوە نزیكن، راستەوخۆ پشتگیری لە حەماس دەكەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە دەنگدانەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 27ی تشرینی یەكەم، كە بۆ راگرتنی ئەم جەنگە بەسترا، عیراق و تونس دەنگیان نەدا بەوەی جەنگەکە رابگیرێت.

هەرچەندە 120 دەوڵەت دەنگیان بەوە دا كە شەڕ رابگیرێت و 14 وڵاتیش لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ بوون و 45یش بێدەنگییان هەڵبژارد، كە عیراق یەكێك لەو وڵاتانە بوو.

روسیا دڵی بە شەڕەكە خۆشە 
زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەكان لەگەڵ ئیسرائیلن و بە مافی ئیسرائیلی دەزانن بەرگری لە خۆی بكات، بەڵام ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵكی سڤیلی غەزە، ئەو وڵاتانەی خستووەتە بەر دووڕوویی، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر لە عەرەب و ئیسلام لەو وڵاتانەدا دەژین و ترسی ئەوەیان هەیە ئاسایشی وڵاتەكەیان تێك بچێت.


هەرچەندە روسیا پەیوەندی خۆشە لەگەڵ حەماس و ئیسرائیل و هەموو جۆرە پەیوەندییەكی لەگەڵ هەردوولا هەیە، بەڵام روسیا دڵی بەم شەڕە خۆشە، ئیتر چاوەكان لەسەر روسیا لادەچن و دەتوانێت بە كەیفی خۆی لە ئۆكرانیا بدات بەبێ رەچاوكردنی یاساكانی شەڕ.

نە ئەمریكا و نە وڵاتانی خۆرئاوا رەخنەیان لە ئیسرائیل نەگرتووە، خۆ ئەگەر رەخنە لە روسیا بگرن، ئەوە دووفاقیی ئەو وڵاتانە نیشان دەدات.