Alternate Text

جەنگ و ئابووری، ئەمریکا بە نموونە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد‌ 23/03/2021

بڕیاردان لە جەنگ هەمیشە رەهەندێکی ئابووووری هەیە، ئەم رەهەندەش دوو دیوە، لە دیوێکدا دەڵێت : تێچووی کەم، لە دیوی دووەمیشدا دەڵێت : دەستکەوتی زۆر.

 ئەگەر بڕوانینە جەنگی پڕۆسەی ئازادکردنی عیراق لەساڵی 2003، کۆنگرێسی ئەمریکا بڕی 80 ملیار دۆلاری تەرخانکرد بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام دواتر بڕیاریدا تێچووی پڕۆسەکە بخاتە ئەستۆی عیراق، بەمەش جەنگەکە کەمی تێچوو بۆ ئەمریکا، بەڵام لە بابەتی ئاوەدانکردنەوەی عیراقدا کە دیوی دووەمی رەهەندە ئابوورییەکەی ئەو جەنگە بوو، ئەمریکا قازانجێکی گەورەی کرد بەناوی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی عیراق و پاشانیش لە کۆنترۆڵکردنی نەوتی عیراق و سامانی ژێرزەوییەکەیدا.

لە کۆندا و لەناو ئەمریکییەکاندا، ئیدیۆمێک هەبووە دەڵێت "شەڕ سیاسەتە بە رێگای جیاواز"، ئەم ئیدیۆمە زیاتر کلاوفیتز داهێنەرێتی، بەڵام بەم دواییانە ئەم دەربڕینە گۆڕانکاری بەسەردا هات و ئێستا دەڵێن "شەڕ ئابوورییە بە رێگای جیاواز"، لە راستیدا واقیعەکە وەهایە شەڕ بۆ ئەمریکییەکان ئەوەندەی بووەتە ئابووری بە رێگەی جیاواز، ئەوەندە سیاسەت نییە و جگە لە دەستهاتی زۆر و راستکردنەوەی تەرازووی ئابووری عیراق، هیچی بۆ ئەمریکییەکان گرنگ نییە.

تایبەت بەم بابەتە، لە دنیابینی ئەمریکییەکاندا، تێڕوانینێک هەیە دەڵێت "ئابووری ئەمریکا لەکاتی جەنگدا گەشە دەکات"، ئەم بۆچوونەش پشت دەبەستێت بە دەرئەنجامی (ناکۆکی کوبا لەساڵی 1962) و هەروەها (شەڕی ڤێتنام لەساڵی 1967) و (شەڕی عیراقی 2003) کە باشترین خزمەتی بە ئابووری ئەمریکا کرد، چونکە وەک گەورە ئابووریزانانی ئەو وڵاتە دەڵێن "پێش جەنگی عیراقی 2003، ئابووری ئەمریکا ئەوەندە خراپ بووبوو، تەنها لەساڵی 1960دا گەیشتبووە ئەو ئاستە لە خراپی"، بەڵام دوای جەنگ بەتەواوی دۆخی ئابوورییەکەی گۆڕا بەرەو باشبوون و هەڵکشانی گەورە.

هیچ جارێک نەبووە ئەمریکا بچێتە جەنگەوە و دیدێکی ئابووریانەی گەورەی لە پشتەوە نەبووبێت، وەک بۆچوونەکانیش تەرکیزی لێدەکەنەوە، زۆرێکی جەنگە بەناوبانگەکانی ئەمریکا ئەو کەسانە بڕیاریان لێداوە کە خاوەن عەقڵی ئابووری یان کۆمپانیای نەوت بوون و موشەی نەوتیان دەکرد.

بە پشتبەست بە چەند بەڵگەیەک، رەنگە ئەو بۆچوونانە راست بن، ئەگەر لە چەند قۆناغێکدا بڕوانینە کاربەدەستە گەورەکانی ئەمریکا، ئەوا دەبینین، بۆ نمونە: یەکەم/ جۆرج بۆشی کوڕ لەساڵی (1984 ــ 1987) بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای ئەربستۆی وزە بووە، هەروەها لەساڵی (1986 ــ 1990) بەڕێوەبەری کۆمپانیای هارکن بووە، دووەم/ دیک چینی، لە ساڵی (1995 ــ 2000) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی هالبیرتۆنی تایبەتمەند لە نەوتی ئاسیای ناوەڕاست بووە، سێیەم/ کۆندۆلیزا رایس لەکاتێکدا راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بوو لەسەردەمی بوشدا، هاوکات لەساڵی (1999 ــ 2000) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی شیفرۆن بوو، (کەمال دیب) لەکتێبەکەیدا دەڵێت "پتر لە سەد کەسایەتی بیدارەکەی بوش، پەیوەندییان بە کۆمپانیاکانی نەوت و گازەوە هەبووە".