عیماد ئه‌حمه‌د، وه‌كو تێكۆشه‌رێكی دێرین و سیاسییه‌كی به ئه‌زموون و رۆشنبیر، له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند بیره‌وه‌ری و به‌سه‌رهات و بۆچوون و راستییه‌كی مێژوویی و ستایشی كه‌سایه‌تییه شۆڕشگێڕ‌و كاریگه‌ره‌كانی له چوارچێوه‌ی چه‌ند وتارێكی سه‌ربه‌خۆدا بڵاوكرده‌وه، کە بەشێکیان له رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ-دا بڵاوكراوەته‌وه، بۆیه ئه‌مجاره به خۆشحاڵییه‌وه له چوارچێوه‌ی كتێبێكدا به‌ناوی (دره‌وشانه‌وه‌ی مێژوو) هه‌مووی چاپ و بڵاوكرده‌وه.
له كتێبه‌كه‌یدا، عیماد ئه‌حمه‌د، به زنجیره وتارێك كۆمه‌ڵێك راستیی مێژووییمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، كه مێژووی قۆناغێكی گرنگی ژیانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستانه، له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا، كه له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دار و نووسه‌ر و هاوڕێی نووسه‌ر مامۆستا جه‌عفه‌ر-ه‌وه نووسراوه، له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه و تێكۆشانی عیماد ئه‌حمه‌د وه‌كو سیاسه‌تمه‌دارێك ده‌ڵێت:
عیماد له ساڵانی پێشووتردا وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی كاری كردووه، به باشی نه‌زانیوه بچێته پێستی رۆژنامه‌نووس و مۆده‌راتۆری ته‌له‌فزیۆنی و سه‌ری خه‌ڵك بێشێنێ، سیاسه‌تكاری بابه‌تێكه و رۆژنامه‌وانی بابه‌تێكی تر. زۆر سه‌ركرده‌ی سیاسی هه‌یه سه‌نعه‌ته‌كه‌ی لێ تێكده‌چێت، سیاسه‌تی له بیرده‌چێته‌وه و نابێته رۆژنامه‌نووس، رۆژنامه‌نووس هه‌یه، بۆ نموونه محه‌مه‌د حه‌سه‌نین هه‌یكه‌ل، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌بوو. لای خۆمان جارێ كه‌رتی میدیای پرۆفیشناڵ دروست نه‌بووه، له‌م سه‌ری وڵاتی بێ سنوورمانه‌وه تا ئه‌و په‌ڕی سنووری ره‌نگڕێژ نه‌كراوه‌وه چه‌ند چاو ده‌گێڕم كه‌سێك نابینم تاجی رۆژنامه‌نووسی سه‌ركه‌وتووی له‌سه‌ر نێم. بۆیه عیماد ئه‌حمه‌د-یش ناوه‌ناوه بۆ مه‌رگی ئازیزان له بری فرمێسك هه‌ڵوه‌راندن گوتاری نووسیوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بیر نه‌چۆته‌وه ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسییه و نابێ كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان و رۆژنامه و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ خۆی قۆرخ بكات.
كتێبه‌كه‌ی عیماد ئه‌حمه‌د، دابه‌شكراوه بۆ سه‌ر پێنج به‌ش، به‌شی یه‌كه‌م چه‌ند بابه‌تێك و بیره‌وه‌رییه‌كی سه‌رده‌می مناڵی و تا گه‌نجێتی و دواتر په‌یوه‌ندی به شۆڕش و یه‌كه‌م دیدار له‌گه‌ڵ مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا لەخۆده‌گرێت.
به‌شی دووه‌م، به‌ناوی من به‌یادی ئێوه‌وه ده‌ژیم، به‌شی سێیه‌م ئه‌و پشكۆیانه‌ی قه‌ت نابن به خۆڵه‌مێش، كه بیره‌وه‌ری و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی خۆی بۆ گه‌وره‌یی چه‌ند سیاسه‌تمه‌دار و هاوڕێیه‌كی خۆی خستۆته گه‌ڕ، به‌شی چواره‌م چه‌ند بیروڕایه‌كی خۆی ده‌ربڕیوه له‌میانی چه‌ند وتارێكی سه‌ربه‌خۆدا، به‌شی پێنجه‌میش به‌ناونیشانی ژوانی ئه‌ستێره‌كان، ئه‌ویش كۆمه‌ڵێك یاد و یاده‌وه‌ری و فرمێسكه بۆ ئازیزانی نووسه‌ر.
كتێبی دره‌وشانه‌وه‌ی مێژوو-ی عیماد ئه‌حمه‌د، له سلێمانی چاپ و بڵاوكراوەته‌وه به تیراژی دوو هه‌زار دانه.