یەکێک لەو دیاردانەی وڵاتانی
جیهانی گرتۆتەوە و حکومەت و پەرلەمان کاری لەسەر کردووە بۆ دیاریکردن و
سنوودارکردنی (رۆژەکانی پشووە) ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە جەژنە ئایینی، کۆمەڵایەتی و نەریتیەکان، هەروەها ئەو پشووانەی
پاڵپشتکراون بە رێکەوتێکی مێژوویی یاخود رەهەندێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتییان هەیە و
پەرلەمان یان حکومەت بڕیاری لێداوە یان لە
قانوون ئاماژەی پێدراوە بکرێتە رۆژی پشوو.
با پێوەرە نێودەوڵەتییەکان باس بکەین تایبەت بە رۆژانی
پشوو، لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بەتایبەت وڵاتە
پیشەسازییەکان دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووەم رستەیەک لە هەنگاوەکانیان چەسپابوو
دەیان وت(لە دەستدانی خولەکێک کارکردن واتای لە دەستدانی دەرفەتێکە بۆ پێشکەوتن) بەم
هۆیەش ئەوان لە دیاریکردنی رۆژەکانی پشوو زۆر ورد بوون سەرجەم پێوەرەکانی وەک بەفیڕۆدانی
کات، وزەی مرۆیی، بەرهەم و توانای ئابوورییان بۆ یەک سەعاتیش لێکداوەتەوە هەر لەبەر
ئەمەشە تەماشای ئەو وڵاتانە بکەین کەمترین رۆژ بۆ پشوو بڕیاریان لەسەر دراوە و رەچاوی
کۆی دەرهاویشتە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکان کراوە.
با لە وڵاتان بگەڕێین و گوزەرێک بکەین بەناو دۆخی عیراق
و هەرێمی کوردستاندا، لە بری ئەوەی پشووەکان هۆکاربن بۆ زیادکردنی وزە و بەرهەمی زیاتر
و پشوو و وەرگرتنی هاونیشتمانیان بووەتە مایەی مەترسی بۆ سەر دۆخی ئابووری و کارگێڕی و بگرە سیاسیش.
ئەمەش بەهۆی زۆری ژمارەی رۆژەکانی پشوو بەتایبەت لەعیراق
زیاد لە 150 رۆژە لە ساڵێکدا کاریگەر بووە بە رەهەند و هۆکاری سیاسی، مەزهەبی، ئایینی، عەشایری و کەمینەیی و رۆڵیان هەبووە لە
زیادبوونی ژمارەی رۆژە پشووەکان هەریەک لای خۆیەوە دەیەوێت بۆنەو یادەکانی بکرێتە
پشوو.
هەرێمی کوردستانیش بێبەش نییە لە کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی
رۆڵیان هەیە لە دیاریکردن و زیادکردنی پشوو، هەرچەند بە ئاماژەدان بە قانوون و بڕیارەکان
و رۆژژمێری ساڵانەی حکومەتی هەرێم رۆژەکانی پشووی بۆ نزیکەی 25 رۆژ دیاریکردووە.
لە رووی یاساییەوە
هەرچەند بەگوێرەی
مادەی 12/ دووەم لە دەستووری عیراقی ساڵی 2005 پشووەکان بەقانوون رێکخراون و ژمارەی
پشووە فەرمییەکانی بە 150 رۆژ دیاری کردووە لە ساڵێکدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر و بێ
پلانە ئەوەش لەژێر ئەو کاریگەرییانەی باسمان کرد، هەرێمی کوردستانیش چەندین یاسا و
بڕیاری هەیە پشووەکانی دیاریکردووە و ساڵانەش بە رۆژژمێری فەرمی رۆژە پشوو و بۆنە
فەرمییەکان دیاری دەکات، بەڵام سەرجەم ژمارەکان دەگۆڕێن و لە کۆتایی ساڵدا دەبینین
هیچ ژمارەیەک یەکسان نییە بەو رۆژانەی بڕیاری لەسەردراوە بێگومان زیاتر دەبێت.
دەرئەنجام بوونی رۆژەکانی پشوو لەعیراق و هەرێم بوو بە
فشاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، مەزهەبی و کەمینەش وایکردووە هێزی مرۆیی، کارگێڕی،
ئابووری و بەرهەمهێنان روو لە خاوی بکات و کاتێکی زیاد و رۆژانێکی زۆر لە تەمەڵی
دروست بکرێت کە زەرەرمەندی یەکەم وڵات و هەرێم و هاووڵاتیانن، بۆیە دەبێت بە
قانوونی تۆکمە و کۆنکرێتی و رەچاوکردنی پێوەرە شیاوەکان پشووەکان رێکبخرێنەوە و
رزگاربین لە هەواڵی بە پەلەی پشووی بێ پلان و بێ ئەنجام.