Alternate Text

چۆن دیکتاتۆرەکەی ئەلبانیا تێر دەکرا؟

ستران عەبدوڵڵا‌ 23/03/2021

سەرچاوە لەسەر ئەلبانیا و ئەزموونە (دەگمەنە) کەی ئەنوەر خۆجە هەر زۆر کەمە، جا ئەوە کتێب هەر هیچ . سەرۆک نیو سەدە فەرمانڕەوایی دوورە پەرێزترین وڵاتی دونیای کرد و بێ یارمەتی یۆگسلافیا ئینجا سۆڤێت و دواجاریش چین نانی نەبوو بیخوا، کەچی زوو زوو لەبەر ئەنگێزەی ئایدیۆلۆجی لەگەڵ گشتیان تێکی دا، خۆجە کە بە زمانی ئەلبانی مانای مامۆستای ئاینی دێت یەکبینە فەتوای لادان و هەڵگەڕانەوە لە رێبازی سۆشیالیزمی بۆ دەردەکردن.

حوکمی دا هەر ئەوەی خۆی دەیکات ڕاستە و هی ئەوان کۆمۆنیزمی درۆینەیە، ئەوانیش بە گەمارۆ و گوشاری ئابووری جوابیان دەدایەوە، کەس تاقەتی چەلەحانێی نەبوو ئەگەرچی لە سەدەی بیستەم تا روخانی بلۆکی سۆڤێت نەریتی دیالۆگ و شەڕی فیکری باو بوو. ئەلبانیا کە لەناوجەرگەی ئەوروپا وڵاتی موسڵمانەکان بوو ، دواجار بووە یەکەمین وڵات کە جاڕی بێدینی دا و پێشی روسیا و چین و هەمی ئۆردوگای سۆشیالیزمی دایەوە، بەڵام برسێتی رەگی هاری پێوەیە و میللەت و سەرۆکیش خۆراکی پێویستە پێش ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە نان بیسمیلای لێ دەکرێت، یان شەیتان شەریکی سفرە دەبێت. وڵاتی گەمارۆ دراو بە هاوپەیمانە فیکرییە بێ پەرواکان ناتوانێ تا سەر خۆراگر بێت، نان و ئازادی دەوێ . 

ئازادی ئەوە هیچ و نانیش کە نەبێ دوارۆژ پەنگ دەخواتەوە. سەرۆک خۆجەی کۆمۆنیست بێ یان خۆجەی دوانزە عیلم.

دەبێ ئەولەویت دابنێت. فەسلێکی ئەم کتێبە لەسەر ئەولەویەتی ئەلبانیایە . ئەولەویەت بۆ نان و سفرەی سەرۆکە نەک میللەت .

دوالیزمی ئەم فەسڵە وایە چێشتلێنەر چۆن سفرە بۆ سەرۆک دابین دەکا و ئەمنیەت چۆن ئازادیخوازان راو دەکات.

نان و ئازادی دوانەن کە لێکدابڕان هەردوکیان هەست بە نامۆیەکی وەحشەتناک دەکەن. ئەمە لە ئەلبانیا و ابوو کە سەرچاو لەسەری دەگمەنە و لە عێراقیش وابوو کە خۆمان تیا ژیاوین.

فەسڵی تایبەت بە ئەنوەر خۆجە بەلەزەت بوو نەک لەبەر ئەوەی باسی خواردن و سفرە هەر خۆش و بەلەزەتە، بەڵکو چونکە پڕ زانیاری و راڤەیە.

دەرکەوت هێشتا سندوقی کتێب پڕ زانیاریترە. نەک تۆڕی جاڵجالۆکەی سۆشیال میدیا.

 

کتێبی (کیف تطعم الديكتاتور ) ئەمەی دووپات کردەوە و ئەلبانیای دوورەدەستی بۆ خستینەوە بەردەست.