Alternate Text

مامۆستا لە نێوان خەمی پەروەردەو خەمی ژیاندا

مەحمود عەبدولکەریم باجەلان‌ 23/03/2021

مامۆستایان بەشێکی هۆشیار و کاریگەری نێو کۆمەڵگەن، دوای پەروەردەی خێزان، ڕاستەوخۆ کاریگەریەکەی زۆریان لە ئاڕاستەکردن و پێگەیاندنی نەوەکاندا هەیە، زیاد لە هەر بەشیکی تری سیستمی پەروەردە مامۆستا بەشیوەیەکی کارلێکی ڕووبەروو کاراو کرداری دەتوانێت هەموو ئاڕاستەکانی تری فەلسەفەی پەروەردەیی سیستمی پەروەردەو مەنهەج و هەموو لایەنەکانی تری نێو سیستمی پەروەردە بگۆڕێت و بەو ئاڕاستەیەی بەرێت کە هزر و بۆچون و بیرکردنەوەو بڕواو مەبەستەکەنانی خۆی دەیەوێت، ئەوەی کە سەرجەم پێگەکانی مانەوەو بەردەوامبوون و هەستانەوەی سیستمی پەروەردەی هەر وڵاتێکی لەسەر بەندە مامۆستایانن نەک هیچ شتێکی تر، نوێترین تەکنەلۆژیاو کتێب و دەستەبەری هەلومەرجەکان لەبەردەست بێت، بێ مامۆستای ئامادەکراوو ڕاهێنراوو بیرفراوان و نوێخواز شکست دەهێنن و ئەنجامی ئەوتۆیان نابێت.
لە ئێستاداو لەم دۆخە نەخوازراوەی کە بەسەر ڕەوشی پەروەردەو فێرکردندا هاتووە لە کوردستان، کاریگەریەکی هێندە نەرێنی و نالەباری لەسەر تواناو بیرکردنەوەی مامۆستایان درووستکردووە، نەک هەر دۆخی پەروەردەی خستووەتە دۆخێکی وەستاوو چەقبەستووەوە، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا پاشەکشەو گەڕانەوەشی بەخۆوە بینیووە، هەڵەیەکی گەورەیە کە لەم بارودۆخەدا تەنها ڕوی بەرپرسیارێتی ببەخشرێتە مامۆستاو وا پیشانبدرێت کە تەنها مامۆستایانن ئاستەنگ و لەمپەر لەبەردەم کردنەوەی دەرگای باخچەو قوتابخانەو خوێندنگەکاندا درووست دەکەن، ستەمێکی ناڕەوایە کە وا ببینرێت داخوازی و داواکاری مامۆستایان تەنها مووچەیەو تەنها بەدابینکردنی موچەش دەتوانرێت دۆخ و هەلومەرجەکان باشتر بکرێت، بابەتەکە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و جێی نیگەرانی زیاترە کە بچووکبکرێتەوە لە داخوازی مووچەو دەستکەوتی مادیی.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، ئەگەر بەشیوەیەکی بابەتی و ڕاستگۆیی دەست بخەینە سەر برینەکان، بەڕاستی ئومێدێکی گەورە بۆ پەروەردەیەکی باش نابینین، هۆکارەکان زۆرن و زۆریش تێکڕژاون، بەڵام هەوڵدەدەین بەشیکیان بە ڕوونی بخەینە بەردەست و دیدەی خوێنەران، هەڵبدەین تاڕادەیەکی واقیعی و بابەتی گرفتەکان وەک خۆی ببینین.
مامۆستا دەروونێکی ئارامی پێویستە:
ئاسوودەیی دەروونی مامۆستایان بەشێکی گرنگی درووستبوونی کەسێتی پۆزەتیڤ و لەبارە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە ئەدای کارو پیشەی خۆیان بکەن، ئەم ئاسودەیی دەروونییە تەنها بە دەستەبەرکردنی موچە بەدی نایەت، بەڵکو دڵنیابوونی مامۆستایان لەتەواوی ماف و پێدراوەکانی تریان ئەرکێکی پێویستی حکومەت و لایەنی پەیوەندیداری ئەو دابینکردنانەیە، لەوانە:
1-پێویستییەکەی گرنگە مامۆستایان دڵنییایی ژیان و گوزەرانیان هەبێت لە سەلامەتی ژیان و خێزان و ماڵ و منداڵیان، ئەوەش بەدستەبەری شوێنی نیشتەجێ و دابینکردنی خزمەتگوزاری و تەندرووستی و گەشتوگەڕان و دەستڕاگەشتن بەسەرچآوەکانی مەعریفەو ئەو ناوەندانەی کە دەتوانن تیایدا گەشە بە توانست و لێهاتوویی خۆیان بدەن، کە لە ئێستادا ئەم دابینکاریانە بەشێوەیەکی گشتی نەک هەر نییە بەڵکو تەواوی ژیانی مامۆستا ناچارە تەرخانی بکات بۆ ئەو دابینکردنانە لەسەر ئەرک و توانستی خۆی کە ئەگەر وردببینرێت بە هیچ جۆرێکچارەکیكی ژمارەی مامۆستایان نەیانتوانییوە ئەو دەستەبەریانە بۆ ژیانی خۆیان دابین بکەن کە ئاسودەییەکی دەروونی لەباریان پێ ببەخشێت.
2-گرنگیدان بەتواناو لێهاتوویی لەسەر بنەمای کارامەیی وچالاکی ئەرکێکی لە پێشینەی وەزارەتی پەروەردەییە، چونکە ئەو جیاکارییەی کە لەنێوان پلەو پۆست و هێنانە پێشەوە و گەورەکردنی هەندێکدا هەیە لەسەر بنەڕەتی هەرشتێکی تر بێجگە لە تواناو لێهاتوویی، کاریگەری زۆر نەرێنی لە لایەنی دەروونی مامۆستایانی کارامەو چالاک دەکات، بەجۆرێک دڵ شکاوو دورەپەڕیزیان دەکات کە نەتوانن چیدی بەهرەو لێهاتووییەکانیان پیشان بدەن و کاربکەن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا تواناکانی ئەفراندنی ڕاستەقینەی پەروەردەیی دەشکێنێت و تەنها خاوەن بەرژەوەندییەکان دەست دەگرن بەسەر پەروەرەدا بێ ئەوەی هیچ داهێنان و نوێگەرییەک دەستەبەر بکەن.
3-دورخستنەوەی مامۆستا لە ململانێ ڕامیاریی و ئایدیۆلۆژییەکان لایەنێکی گرنگی دەستەبەری کەشی دەروونی هاوسەنگە بۆ مامۆستایان، ئەو بابەتانە شتی کەسیی و تایبەتن، کاتێک لە پرۆسەی پەروەردەدا کاریگەری دەبێت لەسەر جیاکاریکردن لەنێوان مامۆستایاندا لەسەر ئەو بنەڕەتەلایەنگیری ڕامیاری و ئایدیۆلۆژیانە، بەشێوەیکی نەرێنی کار لەسەر لایەنی دەروونی مامۆستایان دەکات و زۆر جار گرفتی گەورەو ناکۆکی لاوەکی وا درووست دەکات لەنێوان مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندندا کە زۆر لە بابەتە پەروەردەییەکان دوریان بخاتەوەو دووچاری فشاری دەروونی زۆر گەورەیان بکات.
مامۆستا ژینگەیەکی پەروەردەیی لەباری پێویستە:
ژینگەی پەروەردەیی، سەرجەم ئەو هەلومەرجانە دەگرێتەوە کە مامۆستا تیایدا لەگەڵ هەموو پێکهاتووەکانی تری ناوەندە پەروەردەییەکەی کەوانەی تێدا دەڵێتەوە گونجاوبێت، کاتێک هەلومەرجەکان تەبا نەبن لەگەڵ ئامانجە پەروەردەییە جۆر بەجۆرەکان بێگومان ناتوانرێت هێنانەدی پەروەردەو فێربوونێکی ئەرێنی و نایاب بەدیبهێنرێت، بۆ نمونە:
ژینگەی فیزیایی پۆل: لە کاتی نەبوونی هۆیەکانی ڕووناککردنەوە لەزۆربەی ناوەندەکانی خوێندن –لە ئێستادا زۆربەی ڕۆژەکان بەیانیان کارەبای نیشتینانی نییەو ڕێگەش نادرێت مووەلیدەکان کاریان پێ بکرێت -بەتایبەت لە کەشوهەوای ئێستادا کە زۆربەی ڕۆژەکان هەورەو ڕوناکی پێویست لەپۆلدا نییە، لەبەشێکی زۆری قوتابخانەو خوێندنگەکان سەرچاوەکانی گەرمکەرەوەی پێویست نییە هەلو مەرجێکی لەبار نابێت بۆ خوێندنێکی درووست.
تیپەڕبوونی ماوەیەکی زۆری خوێندن نیگەرانی گەورەی لای خوێندکاران، کەسوکاری خوێندکاران و مامۆستایانیش درووستکردووە، لەڕووی کاتەوە دواکەوتنی کات و جیاکاریی لەنێوان شوێنەکان و خوێندنگەکان و لەنێوان کەرتی حکومی و کەرتی ناحکومی و ئەهلیدا، هیچ یەکێ لەمانە گرەنتی خوێندێکی لەبار ناکەن و گوشاری زۆر گەورە لەبەردەم مامۆستایاندا درووست دەکەن، ئەگەر ئامانجەکەش تێپەڕاندنی ساڵ و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن بێت هێشتا ناتوانیین بڵیین کاریگەری نابێت لەسەر مامۆستایان.
بێ متمانەیی و بێ هیوابوون لەم دۆخە ژینگەیەکی خراپی هێناوەتە کایەوەو خەریکە بیرکردنەوە نەرێنییەکان باڵ بەسەر سەرجەم ئامانج و ستراتیجەکانی فێربووندا دەکێشیت، ئەمە ڕاستییەکە دەبێت بوترێت و ناکرێت ئینکاری لێ بکەین، نەبوونی دڵنییایی لە ئایندەو نەبوونی متمانە لەنێوان ئاستەکانی بەرپرسیاریی پەروەردەو ترس لە دووبارەبوونەوەی ئاستەنگەکان هیچ کات هەلومەرجێکی ژینگەیی پەروەردەیی درووست ناڕەخسێنن.
مامۆستایان شکۆمەنیان پێویستە:
ناوی مامۆستا وشەیەکی ئاسایی نییە، کاتێک بەیەکێک دەوترێت مامۆستا دەبێت هێندە ئەو کەسە سەنگینی و بەهای پەروەردەیی و کەسایەتی ئەرێنی و باشی هەبێت کە شایانی ئەو ناوە بێت، چونکە خودی ناوی مامۆستا لەگەڵ خۆیدا چەندین سیفات و کارامەیی و بەهرەمەندی دەخاتە خەیاڵی مرۆڤەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ،ئایا مامۆستا لە ئێستادا ئەو شکۆمەندییەی ماوە؟ ئەگەر ڕاستییەکە بڵێین تەنها لەسنووری ناودا ماوە، بەڵام وەک ناوەڕۆک بەهۆی ئەو هەموو نالەبارییەی کەساڵانە کەڵەکە بووە لەسەرشانی مامۆستا و مامۆستاش تیایاندا قوربانییە، زۆر لەو شکۆیەی کەمبووەتەوە لەنێو تێروانینی کۆمەڵگەو کەلتور و بیرکردنەوەی نەوەکاندا، ئەگەر بەشێک لەو بەرپرسیاری نەمانی شکۆیەش لای مامۆستا خۆی بێت، بەڵام هێشتا خودی مامۆستا بە نەزانین بێت یان ناچارییەوە وایلێکراوە وای لێبێت،بەداخەوە ئێستا مامۆستایان لەدۆخێکی دەروونیی و هەڵچونیی خراپدان، گرنگە لەم دۆخەدا ئاگامان لەهەست و کەسێتی یەکتربێت، لەوە زیاتر ئەم دۆخە درێژەبکێشیت هیچ بەهاو بنەما و سنورێکی ئەخلاقیی و پەروەردەیی لەپیشەی مامۆستاییدا نامێنێتەوە، ئەو هەموو کۆمێنت و ئاماژە نەشیاوانەی مامۆستایان لە پاڵ ناو و وێنەی کەسیی خۆیانەوە لە پەیچەکاندا دەینووسن زادەی هەڵچونێکی توندو ئەوپەڕی گەیشتنە بە پلەی بێ هیوابوون، هەرچەندە مرۆڤ ناکرێت لەپای هیچ کاردانەوەیەکدا جنێوو تەشهیر بکات، بەڵام لەهەمانکاتدا هێمای ئەم جۆرە کاردانەوانە واتا نەمانی هیچ جۆرە ئاست و سنوورو متمانەبوونێک، جۆرێکە لە کەوتنە ژێرباری بێ هۆشبوونەوە لە خودو دەوروبەرەکەی، ئەمەش مەترسیدارترین ئاستی هەڵچونە دەرونیەکانە کەتاک چی بکات و چی بڵێت باکی بەهیچ کاردانەوەیەک نیە، دوورنیە سەربکێشێت بۆ توندوتیژی و لێکەوتەی بەزەبری زیاترو زیاتر کەسایەتی مامۆستا بشێوێنێت..