Alternate Text

حزب ببێتە حزبی خێزانەکان

ستران عەبدوڵا‌ 23/03/2021

ئەگەر حزب ببێتە حزبی خێزانەکان سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ بوژاندنەوە و حزبایەتییەکی درێژ خایەن، ئەم مانایە نابێ وا لێكبدرێتەوە کە مەبەست لێی حزبی بنەماڵە بێت.

مەبەست لە حزبی خێزانەکان هەر بەو مانایەش نییە وەک بڵێی ئیئتیلافی خێزانەکان و فیدراسیۆنی خێزانەکان بێت، ئەوە باسێکی قوڵترە و پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە لە سۆسیۆلۆژیای سیاسی و گەشەی رەوتی حزبایەتییەوە هەیە و لە توانای نووسەری ئەم زنجیرە نوسینە کورتەدا نییە.

لێرە باسی دیوی فەرامۆشکراوی ئەرکی هەڤاڵ و کادری حزبی دەکەم لە بەرامبەر حزبەکەی، هەڤاڵ چۆن دەبێ بازنەی خێزانی خۆی لە دەرەوەی بازنە گەورەکەی حزبایەتی جێبهێڵێت.

هەر هەڤاڵ و کادیرێکی حزب سەرکردە و ڕێبەرە لە بازنەی هەیکەلی ڕێکخراویی خۆیدا.

ئێ باشە ڕێبەرایەتییەک چۆن سەرکەوتوو دەبێ ئەگەر قەناعەتی سیاسی و حزبی و فیکری بە نزیکترین کەسەکانی خۆی نەکات؟

هەڤاڵ کاک و هەڤاڵی خانم ئەگەر هاوسەری خۆی، کچ و کوڕانی خۆی، خزم و دراوسێی خۆی قەناعەت پێ نەکات کە لایەنگر و دەنگدەر و تیمی هاندانی حزبەکەی بن، لە هەڵبژاردنی دیموکراسی و لە لێقەومانی سیاسیدا، ئیتر چۆن ڕێبەرێكی لێدەردەچێت لە ئاستی بەرزتر و بازنەیەکی فراوانتردا؟

کادیری حزب و هەڤاڵی چالاکی حزب خاوەن پەیام و پەیامبەری گەیاندنی پەیامی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراسی حزبەکەیەتی، جا ئەگەر ئەڵقەی ڕۆشنبیری و سەری گفتوگۆ لەگەڵ خێزانی خۆی، یان لەگەڵ کچ و کوڕی خۆی دانەمەزرێنێ و پێیانەوە هیلاک نەبێ و سەبری حزبی خۆی بەوان تاقی نەکاتەوە ئیتر چۆن ئەرکی حەریفانەی حزبی پێ بسپێردرێت لە تاقیکردنەوەی فراوانتردا؟

چۆن باوەڕ بکەین کە ئەوە تاکەکان دێنێتە ناو حزبەوە و نوێبوونەوە دەکات کە نەتوانێ کوڕ و کچی خۆی و نەوەکانی خێزانی خۆی بێنێتە ڕیزی تێکۆشانی سیاسییەوە؟

جا ئێمە لێرە قسە لەسەر حزبایەتی دەکەین، نەک ئازادی و فەردانییەت و مافی جیاوازی کە ئەوانە پرەنسیبی گەوهەرین بۆ کۆمەڵەکەمان، بەڵام داخۆ ئێمە تاقیمان کردۆتەوە ئەگەر ئەندامانی خێزانەکەمان بانگهێشتی حزبایەتی بکەین بە بیانووی دەعیەی بوژوازی و فەردانییەت و ئەم شتە بە باق و بریقانە ڕەتیدەکەنەوە؟

ئێمە بە خۆمان نەزانیوە لەوانەیە کچ و کور و هاوسەر و هاوڕێی ژیانمان ئەگەر بۆ ناسینی زیاتری ئێمە و نزیکایەتی زیاتریشیان لە ئێمە حەز بکەن لەم خەمە حزبییە نیشتمانییەش شەریکمان بن.

بۆ بانگیان ناکەین؟

ئەگەر ئەرکەکە خۆش و دیموکراسی و شەرەفی نیشتمانییە بۆ ئەوانی لێ مەحروم دەکەین؟

ئەگەریش هیلاکی و ناخۆشییە بۆ گەرەکمانە هەر دەور و بێگانانەی دەرەوەی خێزانی خۆمان ئەزێتی پێوە بکێشین؟

ئەگەر حزبایەتی لە دژواری و تەنگانەی نیشتمانیدا ناخۆش و تاقەتپروکێنە با لە نزیکەکانی خۆمانەوە دەستپێبکەین و ئەگەریش ئەو حزبایەتییە لە فەرەحنایی و و سەڵتەنەتی حوکمڕانی و ئاسایی ژیانی دیموکراسیدایە بۆ دەبێ ئەرکەکە لە کەسوکاری خۆمان دوور بخەینەوە و ئەوانی تێدا بن لە ئیمتیاز و بەرەکەتەکانی کەچی لە هیلاکی سیاسی دووریان بخەینەوە یان بێ پرس بڕیاری دوورخستنەوەیان بدەین؟

هەڤاڵینە وەرنە سەر خەتی گفتوگۆی هەڤاڵانە لەسەر ئەم بابەتەش.