Alternate Text

کورد، کوردی و کوردستان

نەرمین عوسمان‌ 23/03/2021

رۆژی دووشەممە 19ی شوباتی 2024، لە ناوەندی شاری وان و لەبەردەم ناوەندی کاری ئایدن پەریهانەوە بەرەو باڵەخانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی زمان و فەرهەنگ و هونەر، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی و 24 رێکخراوی مەدەنی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی «21ی شوبات، رۆژی زمانی دایک» رێپێوانێکیان بۆ پاڵپشتیکردن لە قسەکردن و خوێندن بە زمانی کوردی دەستپێکرد.

رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێک، رۆژی زمانی دایکە، بۆیە وەکو بەردەوامیی داکۆکیکردن لە زمانەکە و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی، ساڵانە لەو رۆژەدا زیاتر ئەو نەتەوانەی زمانەکەیان هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، چالاکی جۆراوجۆر دەکەن، بەو پێیەی زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە مەترسی لەسەر بووەکان، بۆیە زۆرینەی پارت و رێکخراوە مەدەنی و کەلتورییەکان لەو رووەوە خەباتەکەیان چڕتر دەکەنەوە.

بەپێی دەستووری تورکیا، تورکیا خاوەن یەک زمان، نەتەوە و ئاڵایە، بۆیە بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو، زمانی کوردی لە تورکیا لە بەردەم مەترسیی لەناوچوون و سەرکوتکاریدا بووە، بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بەکارهێنانی لە قسەکردن، خوێندن، نووسین و چاپکردنی کتێب و هەر بوارێکی دیکەدا نەدراوە، ئەوە وایکردووە زمانی کوردی لە زۆر لایەنییەوە لەقاڵبدرابێت.

هەڤاڵ دڵبەهار، هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی زمان و رۆشنبیری دەم پارتی بە میدیاکانی وتووە: «یەکێک لەو زمانانەی کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، زمانی کوردیی دەیان ملیۆن کوردە. بەبێ زمانی کوردی، کورد و کوردستان ناتوانن بوونیان هەبێت. کورد و کوردی و کوردستان یەک پارچەن و ناتوانرێت جیابکرێنەوە. یەکێکیان بەبێ ئەوەی دیکە بوونی نییە، ئازادیی زمانی کوردی؛ ئازادیی کورد و کوردستانە.»

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی پارتە سیاسییەکانی تورکیادا، بە رەسمی ناسینی زمانی کوردی رەتکراوەتەوە، تەنها لە سەردەمی ئەردۆغاندا رێگە درا  بە قسەکردن و کردنەوەی کەناڵی تەرەتە شەش و هەندێک وردە رێگەپێدانی دیکە بە زمانی کوردی، ئەویش هیچ بنەمایەکی دەستووریی نییە و ئەگەری هەیە هەرخۆی یان حکومەتی دوای ئەوە بە بڕیارێک هەموو ئەوەی ناو دەبرێت (دەستکەوت!)، هەڵبووەشێنرێتەوە.

زمانی کوردی، زمانێکی دەوڵەمەندە، بوونی ئەو هەموو شێوەزارە و قسەکردن پێی، هەر نووسین و کارکردن لەسەری، دەرخەری ئەوەیە کە سەرەڕای گوشاری زۆر بۆ لەناوبردنی، کەچی هێشتا زمانی کوردی بە زیندوویی ماوەتەوە.

مانەوەی زمانی کوردی بە زیندوویی، تەنها بە هەوڵەکانی پارتێکی سیاسیی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەوڵی جۆراوجۆرە، لە خێزانەوە بۆ قوتابخانە، بۆ بازاڕ و هەموو شوێنێک کە ژیانی تیادا هەبێت، رەنگە تەنانەت چایخانەکانیش بتوانن لە زیندووهێشتنەوەی زمانی کوردیدا رۆڵیان هەبێت.

«کورد، کوردی و کوردستان یەک پارچەن»، یەکێکە لە جوانترین ئەو دروشمانەی ئەم ساڵ لە باکووری کوردستان بەرزکراوەتەوە، ئەوە دەریدەخات بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی، هەستی تەواوەتی بە مەترسییەکان کردووە، دەزانێت لێدان لە زمانی کوردی، لێدانە لە مێژوو و شوناس و کۆڵەکەکانی مانەوەی نەتەوە، بۆیە بەوردی دەیەوێت کاری لەسەر بکات.

هەردوو هەوڵی لەناوبردنی زمانی کوردی و بەزیندوو هێشتنەوەیشی بەردەوامن، بەڵام دەرکەوت ئەزموونی 100 ساڵی بەردەوام بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی، شکستیهێناوە و کورد لە بەرگری و مانەوەدا سەرکەوتوو بووە.