نوێنەرانی کورد و کێشەی پەڵکانە و موچە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 23/03/2021
وادیارە نوێنەرانی کورد لە بەغدا، لەلایەک نوێنەرگەلێکی
بەهێزنین لە یەکلاییکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە کورد، لەلایەکیتریشەوە هەموو ئەو
زانیارییانەشی بە میدیای کوردییانداوە و هەندێکجاریش لە میدیاکانەوە خۆیان بڵاویانکردۆتەوە،
وادەرنەچوون و پێچەوانە بوونەوە، ئەم نوێنەرانە بۆ چەندانجار شاباشی ئەوەیان هەڵدا
کە ئیدی کێشەی موچە چارەسەرکراوە و کۆتاییهاتووە، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا، دەرکەوت
کێشەی موچە چارەسەرنەکراوە و پرسەکە یەکلایی نەکراوەتەوە و هێشتا موچە لە بەرداشی
بەغدا و هەرێمدایە.
نەک هەر موچە تەنانەت لە چەند ساڵی رابردوودا، کێشەی
جووتیارە کوردەکانی پەڵکانەی سەربە ناحیەی سەرگەڕانی کەرکوکیش وەک خۆی ماوەتەوە و
چارەسەرنەکراوە و ناوبەناو عەرەبەکانی ناوچەکە پەلاماری ئەم جووتیارانەیانداوە و رێگرییان
لەکۆکردنەوەی دەغڵودانەکانیان کردووە، تاکە هێزی دەست ئەم عەرەبە هاوردەکراوانە بۆ
لاوازی و ناکۆکی کورد لەناوخۆدا دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەرانی کورد لە بەغدا،
هێندە بەهێز و کاریگەرنین بەغدا ناچار بکەن ئەم کێشەیە یەکلایی بکەنەوە و بیکەن بە
بابەتی جدیی و جێ موناقەشەی وردیی ناو ئەنجومەنی نوێنەران و بەرگری لێبکەن.
لەدوای ساڵی 2003وە تا 2024، داکشانێکی گەورە لە ویستی
کورددا لە بەغدا دەبینرێت، ئەم مێژووە بۆ پێگەی کورد، دابەشی دوو قۆناغ دەبێت، قۆناغی
یەکەم تا دەرکەوتنی داعش و 16ی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت و قۆناغێکە هەم کورد تێیدا
بەهێزە و هەم خەونی نوێنەرانی کوردیش لە ئەنجومەنی نوێنەراندا جیاوازبوو لەئێستا،
بەڵام دەرکەوتنی داعش و کەتنی ریفراندۆم، دوو هەزەی گەورە و کاریگەربوون کە هەموو
هێز و پێکهاتەیەکی عیراقی بەخەبەر هێنایەوە و لەوە بەدوا قۆناغی دووەمی پێگەی کورد
دەستپێدەکات تا ئەم چرکەیەی ئەم دێڕانە دەنووسین، قۆناغێکی لاوازی بێکاریگەرەو
هاوکێشەکە بۆ کورد.