Alternate Text

قالەمەڕە و مام جەلال

رانکۆ بەکر‌ 23/03/2021

قالە مەڕە و بەشێک لە هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات لەسەر داوای هێرۆخان میوانی ماڵی مام جەلال بوون ، مام جەلال لە هەواڵی ژیان و گوزەرانی هونەرمەندان دەپرسێ، هەمووان باسی خۆیان دەکەن، قالە مەڕە کە لەوپەڕی دۆخی خراپ و هەژاریدایە روی نایەت باسی گوزەرانی خۆی بکات و باسی ئەوە ئەکا کە "لە رۆژهەڵات حکومەت چەندجارێک بانگیان کردووم خەڵاتم بکەن بەڵام وتم نایەم بۆ مەراسیمی وەرگرتنی"، "ئاخر چۆن بچم ئەمانە سەرکردەکەی ئێمەیان لە نەمسا و وڵاتان کوشت(د.قاسملۆ) چۆن خەڵاتی ئەمانە وەرگرم".

مام جەلال کە گوێی لەو قسەیە دەبێت بەرزەپێ هەڵدەستێ و بەرەو ڕووی مامە قالە پەلاماری دەستەکانی دەدات تاوەکو ماچیان بکا، مام ڕوو دەکاتە هەمووان و دەڵێت: جێی فەخرە بۆ کورد خاوەنی ئەم زاتە گەورانەیە ئەو دەستانە دەبێ ماچ بکرێن کە ئامادەیە برسی بێت و سەربەرزانە بژی، بەڵام هەرگیز ئامادە نییە لەپێناو موڵک و سەروەت و ساماندا بۆ نەیارانی گەلەکەی سەردانەوێنێ.

قالە مەڕە مرد و شمشاڵەکەی وەک رەمزی کۆڵنەدان و نەفسبەرزیی مایەوە..

پەشێوی شاعیر زۆر خەمی ئەوەی بوو پۆست و پلە لە خشتەی بەرن و نەهێڵن سەری بەرزی بە سەرکەشی بمێنێتەوە هەربۆیە لە هۆنراوەیەکدا دەڵێ:

نەمام بووم زریان نەیچەماندمەوە

خوایە بە پیری نەچەمێمەوە

موکری رۆمانووس لە رۆمانی سەگوەڕ دێڕێکی جوانی هەیە دەڵێ: زۆرجار شێوازی مەرگ سەنگی مرۆڤەکان دیاریدەکات، یانی جاری وایە مرۆڤ لە ژیانیدا زۆر خۆڕاگرە بەڵام شێوازی کۆتایی ژیان و مردنەکەی هێندە زەلیلانەیە کە ئیتر ئەوەی لە ژیانیشدا کردویەتی دەکاتە خۆڵەکوی بەر رەشەبا.