Alternate Text

چیرۆکی ساڵنامەی کۆچی

یاسین ته‌ها‌ 23/03/2021

1
بەر لە هاتنی ئیسلام عەرەبەکان بە ڕووداوەکاندا ساڵ و بەرواریان دەستنیشانکردووە وەك؛ ساڵی فیل، شەڕی بەسوس و ماجەرای "ذی قار" ...هتد. ساڵیش هەر 12 مانگ بووە. مانگە عەرەبییەکانیش هەر بەم ناوانەی ئێستا دەناسرانەوە و حیسابیان پێڕادەگیرا و حەجیان پێدەکرد لەسەر پەیڕەوی ئایینی حەنیفییەتی ئیبراهیم، بەڵام لە سەردەمی خەلیفەی دووەمی ڕاشیدی؛ عومەری خەتاب و دروست 17 ساڵ پاش کۆچ لە مەککە بۆ مەدینە، بیرۆکەی دانانی ساڵنامەیەکی ئیسلامی سەریهەڵدا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە (ساڵنامەی كۆچی).
2
گێڕانەوەی جیاجیا هەن لەبارەی پاڵنەری دانانی ساڵنامەی کۆچی، هەندێک دەڵێن پێشنیازی عەرەبی باشوور بووە لە یەمەن، بەو پێیەی شارستانی تر بوون لە چاو دانیشتوانی نیوە دوورگەی عەرەبی، هەندێکی تر دەیگێڕنەوە بۆ پێشنیازی "ئەبو موسای ئەشعەری" کە لە هاوەڵانە و والی بەسڕە بووە. "ئەشعەری" سکاڵای کردووە "نووسراوەی جیاجیامان بۆ دێ، ناوی مانگەکانی لەسەرە، نازانین.. کامیان کۆنە و کامیان نوێ، چونکە ساڵی لەسەر نییە". هەردوو مێژوونوس "سەخاوی" و "بەیرونی"، باسیان لەوە کردووە پێشنیازی ساڵنامەکە هەر لە بنەڕەتەوە هی "عومەری کوڕی خەتاب" خۆی بووە بۆ ڕێککردنەوەی کاروباری دەوڵەت بەتایبەت کە کە ئەو خەریکی دروستکردنی دیوانەکان و دامەزراندنی پایەکانی دەوڵەت بووە.
3
پاش ساغبوونەوە لەسەر دانانی ساڵ نامەی ئیسلامی، پێشنیازی جۆراوجۆر کراون بۆ دیاریکردنی سەرەتای ڕۆژژمێرەکە لەوانەش؛ ساڵی لەدایکبوونی پێغەمبەر (فیل _571 زایینی)، ساڵی دەستپێکردنی پێغەمبەرایەتی و دابەزینی وەحی، ساڵی کۆچی دوایی پەیامهێن (د.خ)، بەڵام لەدایکبوون و پێغەمبەرایەتی وادە و کاتەکەیان بەدروستی نەدەزانران، ساڵی ژیانئاواییش هەڵگری یادەوەرییەکی ناخۆشبوو کە شایشتە نەبوو بۆ ساڵنامە کە هێمای نوێبوونەوەیە، سەرەنجام خەلیفەی دووەم و هاوەڵان، ساڵی کۆچ لە مەککەوە بۆ مەدینەیان پەسەندکرد، ئەم ساڵەش وادەکەی لە یادەوەری بەشی زۆری بەشدارەکانیدا تۆمار بووە، جگە لەوەش کۆچ خۆی بۆ خۆی وێستگەیەکی جومگەیی گرنگ بووە لە پەرەسەندنی ئیسلام و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و ساڵنامەكەش بە كۆچی ناوی دەركرد.
4
لەبارەی دیاریکردنی مانگی یەکەمی ساڵنامەکەوە، هەندێک وتویانە با لە ڕەمەزانەوە (9) ئەژمار بکرێت، "عەبدولرەحمانی کوڕی عەوف" مانگی ڕەجەب (7) ی پێشنیارکردووە بەو پێیەی سەرەتای مانگە قەدەغەکراوە عەرەبییەکانە (الأشهر الحرم)، بەڵام "عەلی کوڕی ئەبوتالیب" و "عوسمانی کوڕی عەفان" مانگی موحەڕەم (1) - یان بەلاوە پەسەند بووە، بەوپێیەی مانگی گەیشتنەوەی حاجیانە بە وڵات و زێدی خۆیان لەپاش بەجێهێنانی فەرزی حەج لەمەککە و دەستپێکردنەوەی ژیان و کاروباری ئاسایی خەڵکە.
5
بەپێی گێڕانەوە و سەرچاوە مێژوییە باوەکان، لەوانەش هی "ابن إسحاق" پێغەمبەر (د.خ) لە ڕۆژی دووشەممە 8/ 3ی ساڵی 14 ی پاش پێغەمبەرایەتی ڕێکەوتی 23 / 9 / 622 زایینی لە مەککەوە گەیشتوەتە قوبا (450 کم)، لە 12ی ڕەبیعی یەکەمیشدا (مانگی 3) چووەتە ناو شاری مەدینە، بەڵام "عومەری کوڕی خەتاب" موحەڕەمی کردە سەرەتا و دەسپێک، چونکە جگە لەوەی موحەڕەم مانگی پاش گەڕانەوەی حاجیانە بۆ زێدی خۆیان، لەڕووی مێژوویییشەوە "بەیعەتی عەقەبە" بەر لە کۆچ کە ڕێککەوتنی پێغەمبەر (د.خ) و نوێنەرانی دوو هۆزی ئەوس و خەزرەجە لە مانگی حەجدا بووە، هەر ئەمەش ڕێگەی خۆشكرد بۆ کۆچ و لەوە بەدواش پرۆسەکە دەستیپێکرد، هەر لەو وادەیەشدا پێغەمبەر (د.خ) نیازی کردووە بڕوات بەرەو "یثرب" کە دواتر ناونرا مەدینە، یەکەم مانگیش لەپاش ئەم پەیمان و ڕێککەوتنە هەڵهاتبێت موحەڕەم بووە.