ئاوێته‌بوونێكی به‌هێز لە نێوان "شه‌ڕ" وه‌ك دیارده‌یه‌كی مێژوویی و گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنۆلۆجیادا له كۆی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه، به شێوه‌ی هه‌ر دۆزینه‌وه‌و به‌ره‌وپێشچوونێكی ته‌كنۆلۆجیی گرنگ كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له سه‌ر شێواز‌و ئاست‌و مه‌ودای شه‌ڕه‌كانی مرۆڤایه‌تی به‌جێهێشتووه.
له ڕووی مێژووییه‌وه ته‌كنۆلۆجیا به چه‌ندین شه‌پۆلی گه‌وره كاریگه‌ریی له سه‌ر شه‌ڕه‌كان هەبووە، ڕه‌نگه شه‌پۆلی یه‌كه‌م به دۆزینه‌وه‌ی ئاگرو پاشان به‌كارهێنانی ئاسن له دروستكردنی چه‌كی نوێ‌دا شێوازی شه‌ڕه‌كانی به ته‌واوه‌تی گۆڕیبێت، پاشان له سه‌روبه‌ندی سه‌رده‌می ڕێنیسانس و دۆزینه‌وه‌ی زانستی نوێی وه‌ك باروددا، شه‌پۆلێكی تری نوێی شه‌ڕ له مێژووی مرۆڤایه‌تی په‌یدابوو، كه سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمی و هایدرۆجینی گه‌یشته لوتكه.
شه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی به هه‌موو ئه‌و جۆره شه‌ڕانه ده‌گوترێت كه بوار‌و مه‌یدانی سه‌ره‌كیی جیهانی ئیفترازیی (ڤیجواڵ) تۆڕه ئەلیكترۆنییهكان و دامه‌زراوه‌و ژێرخانه ئه‌لیكترۆنییه نیشتیمانییه‌كان (وه‌ك ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه)و بانكه‌كانی داتای نیشتیمانیی وڵاته، ئاشكرایشه ئه‌م جۆره شه‌ڕه نوێیه ته‌نها دوای دروستكردنی كۆمپیوته‌ر له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌م‌و گه‌شه‌سه‌ندنی به‌كارهێنانی له ده‌یه‌ی حه‌فتاكان‌و هه‌شتاكاندا سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌م جۆره شه‌ڕه نوێییه ده‌توانرێت به شه‌پۆلی چواره‌می تێههڵكێشبوونی ته‌كنۆلۆجیاو شه‌ڕ ناوزه‌دبكرێت.
به هۆی ڕۆچوونی كۆمپیوته‌رو جیهانی ئهلیكترۆنییەوە بۆ زۆربه‌ی بواره پێشهسازیو دارایی‌و گواستنه‌وه‌و خوێندن‌و ئابووریی دهوڵهتانو به‌كارهێنانی ئه‌م فه‌زا سایبەرانییه فراوانهوە بۆ مهبهستو ئامانجی مهدهنیو سه‌ربازیی جیاجیا، هه‌ر مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر ئه‌م به‌كارهێنانه جیاوازانه ڕاسته‌وخۆ مه‌ترسی له سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتان دروستده‌كات. به‌م شێوه‌یه پاراستنی ئاسایشی ئه‌لیكترۆنیی وڵاتان به‌شێكی گرنگه له پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی‌و لهیهکجیانابنهوه.
له‌به‌ر گرنگیی ئه‌م بواره نوێیه، چ له پاراستنی ئاسایشی وڵات یان هێرشكردنه‌سه‌ر داموده‌زگا ئه‌لیكترۆنییه‌كانی وڵاتانی تر، له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیستویهكەمدا چه‌ندین وڵاتی وه‌ك ئهمریكاو ڕوسیا‌و چین‌و توركیا‌و ئیسرائیل‌و ئێران، دامه‌زراوه‌ی سهربازیو مه‌ده‌نیی تایبه‌تیان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بواره نوێیه‌دا دامه‌زراندووه. هه‌روه‌ها به هۆی ڕێكنه‌خستنی له ڕووی یاسایی‌و ئاسته‌میی دۆزینه‌وه‌ی هێرشبه‌ره ئهلیكترۆنییهكانەوە، ده‌وڵه‌تان چه‌ندین جار هێرشی ئه‌لیكترۆنیی فراوانیان كردووەته‌سه‌ر ژێرخانی وڵاتانی نه‌یار، هه‌ندێک جار به شێوه‌یه‌كی كاتی پهكیانخستووه، وه‌ك: هێرشە ئه‌لیكترۆنییه‌كانی ڕوسیا بۆ سه‌ر ئیستۆنیا (٢٠٠٧)و جۆرجیا (٢٠٠٨)، هه‌روه‌ها هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران‌و چاندنی ڤایرۆسی تێكده‌ر بۆ پڕۆسه‌ی پیتاندنه ناوه‌كییه‌كان. له لایه‌كی تره‌وه تاوانباركردنی ڕوسیا به ده‌ستوه‌ردانی ئه‌لیكترۆنی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا لە ساڵی (٢٠١٦)و هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌نجامه‌كانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ترامپ، لایه‌نێكی تری هه‌ستیاری ئه‌م جۆره شه‌ڕه نوێیه‌یه.
هه‌رچه‌نده ئێستا زۆربه‌ی هێرشه‌كان ئه‌گه‌ر وڵاته زهرهرمهندهكه ئاشكراینهكات، به نهێنی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام ئێستا به شێوه‌یه‌كی فراوان به‌كارده‌هێنرێت‌و له پێناسه‌ی نوێی بواره‌كانی شه‌ڕدا به مه‌یدانی "پێنجه‌م"، پاش وشكاییو دهریاییو ئاسمانی‌و بۆشایی ئاسمان، ناوده‌برێت.
وه‌ك باسده‌كرێت، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی هێرشه‌كه‌ی ڕێكخراوی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل له (٧)ی تشرینی یەکەم، ئه‌و هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌ی حه‌ماس بوو بۆ سه‌ر دامه‌زراوه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی ئیسرائیل‌و په‌كخستنی به شێوه‌یه‌كی كاتی، ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه وڵاتان هه‌رچه‌نده بچووك‌و لاواز بن، ده‌توانن له ڕێی ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌م ته‌كنۆلۆجیا نوێیه‌وه هێرشی گه‌وره بكه‌نه‌سه‌ر دوژمنانیانو گورزیانلێبدەن.
هه‌رچه‌نده به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆجیای ئه‌لیكترۆنی له كوردستان له سه‌ره‌تادایه‌و زۆربه‌ی دامه‌زراوه سهربازیو مهدهنییهكانمان كه‌متر چوونه‌تە ناو ئه‌م نێتوۆركه جیهانییهوەو سه‌رئه‌نجام كه‌متر ده‌توانرێت هێرشی كه‌مه‌رشكێن بكه‌نه‌سه‌ر دامه‌زراوه‌و ئامانجه‌كانمان، به‌ڵام تێكه‌ڵبوون بەم جیهانه ئه‌لیكترۆنییه نوێیه شتێكی حهتمییەو په‌یوه‌سته به گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری‌و دارایی‌و بانكی‌و زانستی‌و كارگێڕیی وڵاته‌وه، بۆیه زوو یان دره‌نگ، پێویسته وه‌ك هه‌رێمی كوردستان زیاتر تێكه‌ڵی ئه‌م جیهانه نوێیه ببین، پێویسته زووتر خۆمان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئه‌لیكترۆنیی كوردستان ئامادهبكهینو دامه‌زراوه‌ی ئه‌لیكترۆنیی نیشتیمانی‌و كوردستانی بۆ پاراستنی ههرێمهكەمان دابمه‌زرێنین، كه بێگومان ده‌توانێت ڕۆڵی به‌رچاو ببینێت له پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیی هه‌رێمه‌كه‌مان به گشتی و هاوڵاتیی هه‌رێم به تایبه‌تی.