Alternate Text

لەبیرکردنی هونەرمەند نوری وەشتی غەدرێکی مێژووییە لە شانۆی کوردی

هەڤاڵ رەئوف یەحیا‌ 23/03/2021

نوری محەمەد ئەمین وەشتی ناسراو بە نوری وەشتی، کەسایەتییەکی دیاری شاری سلێمانییە و یەکێکە لە سێکوچکەی دەستەی دامەزراندنی ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵ و هونەر و وێژەی کوری مەڵبەندی گشتی سلێمانی و سەرۆکی كۆمەڵ و بێژەری وتاری کۆمەڵ بە زمانی کوردی و ئەندامی چالاکی یەکەم دەستەی بەڕێوبەری هەمان کۆمەڵ بووە، جێدەستی خۆی لەبوارەکانی شیعر، نووسین، ئەدەب و هونەری شانۆی کوردی بەجێ ھێشتووە و بووەتە ئەستێرەیەکی گەش و درەوشاوەی شانۆی کوردی.

نوری وەشتی وەک نووسەر و وەرگێر هەندێک جاریش وەک دەرهێنەر خزمەتی کاری هونەری شانۆیی کردووە وبایەخێکی زۆری بە هونەر، شانۆ، چیرۆک، شیعر‌ و پەخشان‌ داوە ‌و بەرهەمەکانی لە رۆژنامە ‌و گۆڤارەكانی ئەو سەردەمە (ژین، هەتاو، بڕوا، هاوکاری،برایەتی، پێشکەوتن) بڵاوکراوەتەوە، لە بواری شانۆشدا رۆڵی دیاری لە جەندین تەمسیلی و شانۆدا بینیوە، لەوانە : تێكۆشانی رەنجدەران، عەتیل، پیسكەی تەڕپیر، لەڕێی نیشتمان، بوکی ژێر دەواری ڕەش، بوكێكی ناكام، هێزی خۆشەویستی، لەناخی دڵەوە، تاوانێك لەئاسمانەوە، دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە، کێچ، بەڕێوەبەری نوێ‌، بلیت‌و زاوا و چەندانی تر. لە بواری ئەدەب و شیعریشدا هەر لە تەمەنیکی زووی لاوێتیدا ئارەزووی نوسینی چیرۆک و شیعری لادروست بووە و ھەستی نەتەوایەتی شانۆ و شیعرە نیشتمانییەکانی رۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھوشیاری گەلی کورد، لەوانە: ناڵەی لێقەوما‌و کە بەبۆنەی لافاوەكەی ساڵی ١٩٥٧ ی شاری سلێمانی نوسیوێتی هەروەها شیعری كاروانى شه‌هيدان بۆ شەهیدانی ٩ ی حوزەیرانی سالی ١٩٦٣ نووسیوە و هونەرمەند رەفیق چالاك بەدەنگە زوڵاڵەكەی چڕیوێتی.

نوری وەشتی وەک مەشخەڵێکی درەوشاوەی سەر ڕێبازی کوردایەتی كەسێكی كورد پەروەر بووە‌ و له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانییه‌کانی دوو ساڵ لە سەرەتای ساڵانی پەنجاكاندا و له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا زیندانی کراوە. له‌ پاش نسکۆی ١٩٧٥ داو لە دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی لە ئێرانەوە بۆعیراق، رژێمی بەعس بۆ‌ شاری سه‌ماوە لە باشوری عیراق دووری ده‌خاته‌وه‌‌.

شایانی باسە هونەرمەند نوری وەشتی پێش دامەزراندنی کۆمەڵی هونەر و وێژەی كوردی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی ساڵی ١٩٥٧ ‌بووە لە شاری سلێمانی هەروەها بۆ ماوەیەک ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری یانەی وەرزشی سلێمانی بووە و فەرمانبەری شارەوانی سلێمانیش بووە.

دوای چەندین ساڵ خزمەتکردن بە شانۆی کوردی، لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٠١ دا لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. یادی ئەم هونەرمەندە مەزنە لە مێژووی ئەدەب و هونەری کوردیدا بە نەمری دەمێنێتەوە.

- ئەم وتارە لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠١٢ دا بڵاوکراوەتەوە.

- نوری وەشتی وەک تیشکی خۆر شانۆی کوردی درەوشانەوە، وەک ڕێزلێنانێک بۆی، شایانی ئەوەیە پەیکەرێکی بۆ درووست بکرێت و یەکێک لە شەقامەکانی شاری سلێمانی بکرێت بەناوی (نوری وەشتی)یەوە. دەبوایە کتێبی بیبلۆگرافیای یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد، ١٩٦٩ – ٢٠١٩ کە لە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی هونەرمەند غەفور عەبدوڵلایە، وەک ڕیزلێنانیک بۆ دامەزرێنەری کۆمەڵەکە، لە سەرەتای کتێبەکەدا وێنەو کارو چالاکیەکانی هونەرمەندی ناوبراوی لەخۆ بگرتایە. من بەپێی توانا و لە ڕووی ئەو بەڵگانەوە، کە لەبەر دەستمدان، ھەوڵمدا تیشک بخەمە سەر کارو چالاکیەکانی.

- لە یەکەمین کۆنفراسی کۆمەڵدا و لە ئایاری ساڵی ١٩٨٠ دا ناوی کۆمەڵ و هونەر و وێژەی کوردی گۆڕدرا بۆ *کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد*، لەڕاستیشدا بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم كۆمەڵەیە، بۆ کۆمەڵی هونەرە جوانەکانی ساڵی ١٩٥٧ دەگەڕێتەوە، کە لە سەر دەستی دەستەیەك لە ئەدیب و هونەرمەندانی ئەوسەردەمە هاتبووە ئاراوە، کەئەوانیش هونەرمەندان: رەفیق چالاك، ڕەوف یەحیا، نوری وەشتی، ولێم یۆحەننا، نەجات عەبدە، جەمال بەختیار، تاها خەلیل، بەهجەت ڕەشید، نامق محێدین، خالد سەعید، ئازاد شەوقی و قادر دیلان بوون.













كل التفاعلات:
٤١٤١