Alternate Text

حیکایەتەکانی وەزارەت

دڵشاد عەبدولرەحمان‌ 23/03/2021

دوای تێپەڕبونی زیاتر لەچواردەساڵ بەسەر کۆتایی کارەکانم لەوەزارەتی پەروەردە ناوبەناو هەندێک حکایەتی ئەوسەردەمەتان بۆ دەگێڕمەوە،کەهەندێ ڕەهەندی کارکردنی دامەزراوەکانی ئەودەمی حکومەت پیشاندەدا، کەڕەنگە هەندێکیان تائێستاش وەک ئەوکات وجارجار تۆختریش مابن.

چیرۆکی ئەمجارەمان :

چیرۆکی داخستنی پەیمانگاکانی مەڵبەندی مامۆستایان

کورت وپوخت، دوای دەست بەکاربوونم، وەک وەزیری پەروەردە لەساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ هاوڕێکانم لەوەزارەت دەمانویست لە هەموو کایەکانی پەروەردەدا کار بۆبەرەوپێشچوونی پرۆسەکەبکەین. یەکێک لەوکایانە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی وپەروەردەیی مامۆستایان بوو، لەوبوارەدا بڕیارماندا کە ئیتر مامۆستایانی نوێ دەبێ هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بن، بۆئەومەبەستە،بڕیاری داخستنی یانزە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانمان لەسەرانسەری هەرێمدا، هەندێک لە باڵەخانەکانماندا بە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەتا ئەوان وەک کۆلیچی پەروەردەی بنەڕەت سودیان لێببینن، کە بێگومان دەرچوی ئەو کۆلیژانە دەبونەوە مامۆستا لەوەزارەتی پەروەردە، بەشێکی تری باڵەخانەکان کران بەپەیمانگای کۆمپیتەر و وەرزش کە بۆیەکەمجار لە کوردستان بە شێوەیەکی فراوان کرانەوە.

ئەو هەنگاوە ناڕەزاییەکی زۆری بەڕێوەبەر و ستافی ئەو پەیمانگایانەی بەدوای خۆیداهێنا و هەزاران خوێندکاری دەرچوی ئامادەیش خۆپیشاندانیانکرد بە بیانوی نەمانی دەرفەتی خوێندن لەوپەیمانگایانە.

کارگەیشتە ئەوەی لە پەرلەمان هەردوو بەڕێزان سەرۆک و جێگری پەرلەمان داوایان لێکردم کەتەنها بۆ ساڵێک دەرگای چەند پەیمانگایەک بکەینەوە، بەڵام نەچومە ژێرباری ئەوداوایە و بە ئەدەبەوە داواکاریەکەم ڕەتکردەوە، چونکە داواکەلەگەڵ پلانی وەزارەت ناگونجێ.

تائێرە هەموو شت ئاساییە و حکایەتەکە لێرەوە دەستپێدەکات جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی هەولێر لە ڕۆژنامەی جەماوەری ئەوکات، لە ووتارێکدا نوسیبوی کە پەیمانگاکەیان دیاری بارزانی نەمرە، لەدوای بەیانی ئازار لە هەولێرکراوەتەوە. چۆن وەزیرێکی یەکێتی دەست دەبابۆداخستنی؟ لەولاشەوە دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەرسکاڵای بەڕێوەبەری پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانی لەمەڕ داخستنی پەیمانگەکەیان بانگهێشتی مەکتەبی سیاسیان کردم و پرسیان کە چۆن پەمانگای سلێمانی دادەخەیت وهی هەولێریش کراوەیە؟ منیش ڕۆژنامەی جەماوەرەکەم پیشاندان کەوتاری جێگری بەڕێوەبەرەکەی هەولێری تیادابڵاوکرابوەوە، بۆم باسکردن کەپاڵنەری نوسینەکەی هەولێر و سکاڵاکەی سلێمانی یەک شتە بەپاساوی جیا، ئەوەش مانەوەی پەیمانگاکانیانە بۆمانەوەی پۆستەکانی خۆیان نەک بەرژەوەندی گشتی و ئەوەتا دەیانەوێ حزب و ڕەمزەکانی بەکاربێنن بۆبەرژەوەندی خۆیان. بێگومان ئێمە نەچوینەژێرباری هیچ فشارێک وپەیمانگاکانیش مێژوویەکی جوانیان لەخزمەت بەجێهێشت وئیتر ڕۆڵیان تەوابوو، بۆ هەتاهەتایە دەرگاکانیان داخرا.