Alternate Text

ئایا هێرشی ئەلیکترۆنی دەکرێتەسەر سیستمی دەنگدان و هاک دەکرێت؟

سەربەست نەجمەدین‌ 23/03/2021

ئەمە ئەو پرسیارەیە بەردەوام دووبارەدەبێتەوە، وەڵامەکەشی "بەڵێ"یە، چونکە هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی کە دروستدەکرێت خاڵی لاوازیی خۆی هەیە و دەکرێت بەجۆرێک لە جۆرەکان دوای پشکنین و وردبوونەوە لێی دەستیبەسەردا بگیرێت یان بەر هێرشی ئەلیکترۆنی بکەوێت، بێگومان ئەمەش گروپ و کەسی تایبەتی خۆی دەوێت.

لە بەدواداچوونێکم دا لەسەر ئەم بابەتە، ئەوەی هەیە لە یەک نمونەی بچوکدا کۆی دەکەمەوە، ئەم سیستمەی ئێستای دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بنکەکانی دەنگداندا لە دوو بەشی سەرەکیی پێکدێت، ئامێرێک بۆ خوێندنەوەی پەنجە مۆر و ناسینەوەی کەسی دەنگدەر، لەگەڵ ئامێرێک بۆ ژماردنی دەنگەکان و ئەو پارچە کاغەزەی دەخرێتە ناو سندوقەکە، پەیوەستیش دەکرێن بە هێڵی ئینتەرنێتەوەو سێرڤەری تایبەتی خۆیان هەیە، چونکە مەرکەزییەت بۆ بەغدایەو داتاکان لە رێگەی جیهازێکەوە بۆ ئەوان دەگەڕێندرێتەوە، با واز لەوە بێنین دەکرێت لە ئینتەرنێتەوە چی بکرێت و چی نەکرێت لەم سیستمە لەکاتی گواستنەوەی داتاکان، چونکە بابەتەکە درێژتر دەبێتەوە چونکە ئەوە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی ئەم سیستمە، بەڵام لە ئەرزی واقعدا ئەم دوو ئامێرە شوێنی یو ئێس بییان هەیە واتە پۆرتی تایبەتیان هەیە بۆ ئەوەی کۆنێکت بکات لەگەڵ ئامێرێکی دیکە، واتە ئەو پەیوەندییە قبوڵ دەکەن کە لەرێگەی کێبڵ یان فلاش میمۆرییەوە بۆیان بکرێت، بۆیە ئێستا لەوە تێدەگەین، دەکرێت فلاش میمۆرییەک هەمووشتێک بگۆڕێت و دەنگەکان و رێژەی بەشداریی کردن و داروبەردی هەڵبژاردن یاریی پێوەبکرێت.

نمونەیەکی تر باس بکەم؟ دەکرێت لە رێگەی فلاش میمۆرییەک و دانانی فایلێکی زیانبەخش لەناو ئامێری ناسینەوەی کەسی دەنگدەر و خوێندنەوەی پەنجەمۆر، وا پڕۆگرام بکرێت یان وا لە سیستمەکە بکات بەڕێژەی لە ٪٩٠ی دەنگدەری ئەو بنکەیە پەنجەمۆرەکەی نەیخوێنێتەوەو کەمترین رێژەی دەنگدان تۆماربکرێت لەو بنکەیە، یان وا پڕۆگرام بکرێت دەنگی چ لایەنێک و کاندیدێک قبوڵ بکات یان وەربگرێت و بیخوێنێتەوە، کەواتە ئێستا زانیت چی تر دەکرێت؟ وە زۆری تریش دەکرێت! نمونەی زیاتری ناوێ.

دەزانم کۆمیسیۆن ئامادەکاریی کردووە و چەندین کەسی شارەزای بواری ئەلیکترۆنی هێناوە تا چاودێری پڕۆسەکە بکەن و بە وردی لە لاوازییەکان بکۆڵنەوەو رێگە بە ساختەکاریی نەدەن، بەڵام دەستیان بە هەموو شوێنێک و بنکەیەک و وێستگەیەک ناگات ئەوە واقعە، هیوادارم هەموومان لەوە تێبگەین.

ئەمە تەنها لایەنێکی بچوک باسکراوەو بابەتەکە زۆر قوڵە و لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی زانیاریی زۆرو کاتی زیاتریشی دەوێت، تەنها وەک زانیارییەک ئەم بابەتەم باسکردووە، هیوادارین بەهەڵە لێکدانەوەی بۆ نەکرێت.

بەبۆچوونی من باشترین چارەسەر بۆ ئەمە هەردووکارەکە بکرێت، دەنگەکان بە دەستیی حساب بکرێنەوەو بەراوردی سیستمە ئەلیکترۆنییەکە بکرێت، بەدەر لەمە ئەنجامەکان لەو وڵاتانەی لە ژێر چاودێریدانین و لە زۆر رووەوە دواکەوتوون، جێگەی متمانە نابێت!

ئامێرەکانی دەنگدان لە جیهاندا چەندین جۆری هەیە و بەردەوام لە نوێکردنەوەشدان، بە نمونە لە ئەمریکا لە ساڵانی 2017 بەدواوە گروپ و کۆمپانیاکانی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی پێش هەڵبژاردن بانگهێشت دەکرێن بۆ هاککردنی سیستمی دەنگدانەکەیان، تا لەو رێگەیەوە ئەو کەموکورتی و لاوازییانە بدۆزنەوە کە لە سیستمەکەیاندا هەیە و پێشوەختە بەرلەوەی کارەساتی لێبکەوێتەوە چارەسەری بکەن، ئاواش کاندیدەکان دوای دەنگدان پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی وڵاتانی روسیا و ئێران دەکەن بەوەی سیستمی دەنگدانیان لەلایەن ئەوانەوە هاکدەکرێت و یاریی بە ئەنجامەکانەوە دەکرێت. (ئەمە وڵاتە پێشکەوتووەکەی جیهانە کە بە نافەرمی خۆی دان بە هاککردنی سیستمەکانیان دەنێت، ئەی دەبێت لە وڵاتانی دیکە چی بگوزەرێت؟)

سەربەست نەجمەدین