تەکنیک و سیستمی دەنگدان لە ئەمریکا کاغەزە یان ئەلیکترۆنی؟
سەربەست نەجمەدین 23/03/2021
سیستمەکە ئەلیکترۆنییە یان کاغەز؟
تەکنیک و شێوازی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەمریکا چۆنە؟
هەڵبژاردن لە ئەمریکا لامەرکەزییە، واتە هەر ویلایەتە و شێواز و رێگەی خۆی هەیە و خۆی بەرپرسە لە بەرێوەبردنی هەڵبژاردن نەک کۆمیسیۆنێک دەسەڵاتی بەسەر هەموو ویلایەتەکان هەبێت، بەڵکو بەپێی یاسای ویلایەتەکان و بڕیاری ناوخۆیی ئەو شوێنە، هەڵبژاردنەکەش بەڕێوەدەچێت.
لەماوەی دوو دەیەی رابردوو، لە ئەمریکا وردە وردە پاشەکشە بە دانگدانی ئەلیکترۆنی کراوەو گەڕاونەتەوە بۆسەر دەنگدانی سەر کاغەز واتە سیستمە باو و کۆنەکە.
هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەمریکا بە رێژەی لە ٪69.9ی دەنگدەران بە سیستمی کاغەز دەنگدەدەن چونکە لە چەند ویلایەتێک تەنها رێگە بە سیستمی کاغەز دەدرێت و ئەلیکترۆنی قبوڵنەکراوە.
لە 25.1%ی دەنگدەران بە سیستمی BMDS دەنگدەدەن، با بزانین BMDS چییە؟ ئامێری تۆمارکەری دەنگەکان جۆرێکە لە ئامێری دەنگدان، ئەم ئامێرە نە دەنگ و نە خشتەی دەنگدەرەکە هەڵناگرێت، بەڵکو تەنها ڕێگە بە دەنگدەر دەدات دەنگەکەی لەسەرسیستمەکە تۆمار بکات، دواتر لە شوێنێکی تردا ئەم دەنگانە هەڵدەگیرێن و خشتەی بۆ دادەنرێت لە رێگەی شەبەکات و سیستمی کۆمپیوتەرییەوە (بەتایبەت خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بەم سیستمە دەنگدەدەن و بۆئەوان گونجاوە).
لە ٪5ی دەنگدەرانی ئەمریکا سیستمی ئەلیکترۆنی تۆمارکردنی ڕاستەوخۆ (DRE) بەکاردەهێنن، بابزانین چییە؟ ئامێری دەنگدانی DRE یان ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی تۆمارکردنی ڕاستەوخۆ، پێکهاتەی میکانیکی یان ئەلکترۆ-ئۆپتیکاڵی تێدایە کە دەتوانرێت لەلایەن دەنگدەرەوە چالاک بکرێت، بە شێوەیەکی گشتی دوگمە یان شاشەی تەچن و داتاکان بە بەکارهێنانی بەرنامەیەکی کۆمپیوتەر پرۆسێس دەکات بۆ تۆمارکردنی داتای دەنگەکان و دواتر ئەنجامەکە چاپدەکات (ئەم سیستمە فول ئەلیکترۆنییە و کاغەزی تیابەکارنایەت و لەرێگەی شاشەیەکەوە کارەکان دەکرێت)
زۆرجار بوونی سیستمی ئەلیکترۆنی لە هەندێ بارودۆخدا بەمانای پێشکەوتن نایات، بەڵکو دەبێت لەگەڵ دۆخەکە بگونجێندرێت و تێکەڵی سیستمی کۆن و باوی ناو کۆمەڵگە بکرێت تا بەیەکەوە کارەکە ئەنجام بدەن و کەمترین گلەیی لەسەرهەبێت.
زانیارییەکانی ئەم بابەتە پشتبەستراوە بە داتاکانی پەیمانگای (Verified Voting)ی ئەمریکی بۆ هەڵبژاردنەکان لەگەڵ ئاژانسەکانی (EPA,CNBC, ABC).