Alternate Text

سلێمانی.. داینەمۆی شۆڕش بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان

سەرمەد لەتیف‌ 23/03/2021

ئەگەر بە وردی چاوێک بە مێژووی سلێمانیدا بخشێنین، دەبینین هەمیشە پێشەنگ بووە لە هەڵگیرساندنی شۆڕش دژ بە داگیرکەرانی کوردستان. هەندێک خەسڵەتی تایبەت سلێمانی جیادەکەنەوە لە ناوچەکانی تری کوردستان.
بۆ نموونە، هەر لە سەرەتاوە سلێمانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری، کوردایەتی، خەباتی ڕامیاری و شۆڕشی چەکداری بووە. مەلیک مەحمودی حەفید سێ جار فەرمانڕەوایی دامەزراندووە و پایتەختی فەرمانڕەواییەکەی سلێمانی بووە.
دەستەی نیشتیمانپەروەری تێدا دامەزراوە کە بەناوی خەڵکی شار و هەموو کوردستانەوە قسەیان کردووە. خەڵکی سلێمانی یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بوون لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، بە بەردەوامی لەگەڵ داواکارییەکانی نەتەوەی کورد بوون. زۆرترین نووسەر و ئەدیب و شاعیری تێدا هەڵکەوتووە کە ‌لەڕێی نووسین و هۆنراوەکانیان خزمەتیان بەدۆزی کورد کردووە و هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانییان بەناو کۆمەڵگەدا بڵاوکردۆتەوە.
ناڕەزاییان دەربڕیوە، خۆپیشاندانیان سازکردووە و قوربانییان داوە. هەموو ئەم هۆکارانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئاستی ڕۆشنبیری و هەستی نەتەوەیی دانیشتوانی خەڵکی سلێمانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا بەهێز و گەشاوەترە.
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاقەوە، سلێمانی پشكی شێری بەرکەوت لە دژایەتیکردن و ڕووبەڕووبونەوە. جەمیل مەدفەعی لەگەڵ وەرگرتنی پۆست، یەکەم کاری بریتیی بوو لە هەڕەشە بە زمانێکی توندئامێز لە کوردانی سلێمانی.
سەرۆکوەزیرە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق زۆرترین فۆکەسیان لەسەر دژایەتی سلێمانی بوو، دەیانزانی داینەمۆی شۆڕش لەوێوە هەڵدەکات و دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی تری کوردستان. لێرەدا بەڵگەیەکی مێژوویی دەخەینەڕوو سەبارەت بە چاودێریکردنی جوڵەی شۆڕشگێڕی مەلیک مەحمود لەلایەن هۆبەی زانیاری نهێنی حکومەتی فەڕەنساوە لە ڕێکەوتی ٢٧ی نیسانی ساڵی ١٩٣١.
لەم بەڵگەنامەیەدا، جەخت کراوەتەوە لەسەر گواستنەوەی چەندین هێزی پۆلیس لە بەغداد و شارەکانی تری عێراقەوە بۆ شاری سلێمانی تا جوڵەی شۆڕشگێڕی کوردەکان بە زەبری هێز کپبکرێتەوە.
تەنانەت ئاماژە بە خاڵێکی مەترسیدار کراوە کە لەکۆی حەوت بەتالیۆنی سەربازی، پێنج و نیوی (٨٠٪ هەموو سوپای عێراق) گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی! ئەمە جگە لە ناردنی چەندین چەکی قورس و تۆپخانە و تەنانەت هیزی نافەڕمیش! جگە لەمەش، لەڕێی هەواڵگرەکانیانەوە بەردەوام چاودێڕی چڕی سلێمانی کراوە و ئاماژە بەوەکراوە کە چەند هۆزێک پەیوەندییان بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی مەلیک مەحمود کردووە، لەوانە:
- عوسمان بەگ (سەرۆکی شەرەف بەیانەکانی قەزای خانەقین)
- کەریم بەگی فەتاح بەگ
- هۆزی جاف (ئەوانەی دانیشتووی کەرکوکن)
- هۆزی داندەی لیوای کەرکوک
لەم ڕاپۆرتە هەواڵگرییەدا، هەواڵگر ترسی خۆی نیشانداوە لەوەی شۆڕشی کورد بە سەرکردایەتی مەلیک مەحمود گەشە بسەنێت بەرەو ناوچەی هەولێر.
دەقی بەڵگەنامەکە بە کوردی:
سەرکردایەتی گشتی سووپا
بیرۆی دووەم
بەشی زانیاری – نهێنی –
ناونیشان: شۆڕشی کورد لە عێراق
٢٧ی نیسانی ١٩٣١
"لە ماوەی دوایەمین هەوتووی مانگی ئاداردا، چەندین هێزی پۆلیس لە بەغدا و ناوەوەی ووڵات گواستراونەتەوە بەرەو باکوور بۆ دابینکردنی پاراستنی پەیوەندییەکانی سوپای عێراق لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە کوردەکان. لەناوچەی سلێمانی، ئێستا ٥ بەتالیۆن و نیوی لێیە (لە سەرجەمی ٧ بەتالیۆن کە سووپاسی عێراق هەیەتی).
دوو فەوجی سوارە و یەک تۆپخانە و نیو، ئەمە جگە لەوەی هێزەکانی پۆلیس لە ناوچەکە دەگاتە ١٥٠٠ کەس. هێزێکی سەربازی غەیرە نیزامیش لەژێر سەرپەرشتی و سەرکردایەتی سەرهەنگی دووەم، حاجی ڕەمەزان دروستکراوە. لەلایەنی کوردەکانیشەوە، ئەم هۆزانەی خوارەوە پەیوەندییان بە بزووتنەوەکەی شێخ مەحمود کردووە: عوسمان بەگ (سەرۆکی شەرەف بەیانەکانی قەزای خانەقین)، کەریم بەگی فەتاح بەگ، هۆزی جاف (کەرکوک)، هەروەها هۆزی داندەی لیوای کەرکوک.
چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت شؤڕشەکە بێ وەستان بپەڕێتەوە ناوچەی هەولێریش. شێخ مەحمود لە ناوچەکانی شۆڕشدا باجی کودا بۆخۆی دەستێنێت بە بڕی چوار عانە بۆ هەر سەرمەڕێک لەجیاتی باجی ئاسایی ٨ عانە"
ئەم بەڵگەنامەیە و دەیان بەڵگەنامەی تری مێژوویی دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە سلێمانی هەمیشە سەنتەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بووە و هەمیشە داڵدەی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستانی داوە.
سەرچاوەکان:
- پەندەکانی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی ٦. ٩. ١٩٣٠. دکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز. چاپی یەکەم (٢٠٢٢).
- شێخ مەحموودی حەفیدزادە لە بەڵگەنامەی فرانسی-دا (١٩١٩-١٩٣٤). چاپی یەکەم (٢٠٠٦).
- چیم دی. ئەحمەد خواجە. چاپی سێیەم (٢٠١٦).