Alternate Text

کۆتایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئۆباما

د. سەردار عەزیز‌ 23/03/2021

ئەم ڕۆژانە ڕۆژگارێکی باش نیە بۆ باراک ئۆباما. لە ناوەوەی ئەمریکا سەردەمەکەی و دونیابینییەکانی لە قەیراندان. بەڵام یەکێک لە خەسڵەتەکانی سەردەمی ئۆباما سیاسەتی ئەو بوو بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئۆباما یەکێک بوو لە سەرۆکە دەگمەنەکانی ئەمریکا کە ڕۆشنبیر بوو. وەک ڕۆشنبیرێکی مەیلەو چەپ، کۆمەڵێک خەسڵەتی هەبوو، یەکەم، زۆری دەزانی، بەڵام هەمووی نەدەزانی. دووەم، دژی شەڕ بوو. سێیەم، بڕوای وەهابوو کە ئەمریکا یان دەستوەردانی ئەمریکا ناتوانێت هیچ شتێکی باش بکات چونکە ململانێکان چەند سەدەیی و ڕەگداکوتاون. 

دینس ڕۆس دەڵێت، ئۆباما ناحەقی نەبوو کە گومانی هەبوو لە توانای ئەمریکا لە کردنی باشە، بەڵام کێشەکەی ئەوەبوو کە نەیدەپرسی ئەگەر ئەمریکا نەبێت دەرئەنجامەکە چی دەبێت؟ 
ئەم خەسڵەتانەی ئۆباما بەرەوە ڕوانگەیەکی تر برد ئەویش ئەوەبوو کە ناکرێت شیعە لە ناوچەکە پەراوێزبخرێن، هەروەها ناتوانرێت لە نێوان شیعە و سوننە ئاشتی بکرێت، بۆیە دەبێت شیعە و سوننە هاوتا بکرێن بۆ ئەوەی جۆرێک لە ئاگربەست یان هودنە لە نێوانیاندا بێتە دی، چونکە ئاشتی مەحاڵە.

ئەم دیدە وەها دەبینرا کە ڕازی بوونە بە دەسەڵاتی شیعە، هەرچەندە بە نابەدڵیش بێت، وەک رەحمەتی فواد عەجەمی دەڵێت. ئەم سیاسەتە بوە هۆکاری کشانەوە لە عێراق، دانوستانی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران، پشتکردنە سەرکردە سوننەکانی ژێر فشاری بەهاری عەرەبی و زۆر خەسڵەتی تر.

ئەوەی زۆر بەم سیاسەتە بێزاربوو ئیسرائیل بوو، پاشان عەرەبەکانی کەنداو. بەڵام شیعەش نەیزانی چۆن سودی لێببینێت، چونکە لە بڕی دەرفەت وەک سەرکەوتن و خۆزاڵکردن مامەڵەیان لە گەڵ دۆخەکەدا کرد. هەتا گەشتە ئەوەی کە بیر لەوە بکەنەوە ئەگەر ئیسرائیل لاواز بکەن ئەوا دەبنە زلهێزی ئیقلیمی و دەست بە سەر بڕێکی زۆری ناوچەکەدا دەکێشن.

ئەمرۆ ئەوەی ڕودەدات لای زۆرێک وەها دەبینرێت کە کۆتایی پۆلەسی ئۆبامایە. شیعە لە پەلکشانیان لاواز دەبن. لە بەارمبەردا سوننەی تیرۆریست هەوڵدەدات گێڕ بگۆرێت و کۆتایی بە دژایەتی ڕۆژئاوا بهێنێت وەک لە مۆدێلی تالیبان و ئێستای هەیئەی تەحریری شامدا دەیبینین.