بەپشت بەستن بەڕێژەی کورسی
هێزولایەنە سیاسیە براوەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دۆخی سیاسی و
جوگرافی و واقعی هەرێمی کوردستان چەند سیناریۆیەک دەخەینەڕوو سەبارەت بە پێکهێنانی
کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەڕای زۆرێک لەچاودێرانی ساسی و هەواڵە
میدیایەکان و ئەو پێدراوە سیاسیەی له هەرێمی کوردستان بونی هەیە پێک هێنانی
کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی قورس دەبێت و کاتی زۆری دەوێت.
بەڵام بەگشتی سێ سیناریۆ هەیە سەبارەت بە
پێکهێنانی کابینەی دەیەم: لەڕووی یاساییەوە کەم و کورتی هەیە
دەربارەی چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستورێکی
تایبەت بەهەرێمی کوردستان کەلەناو ئەم دەستورەدا بەدەقێکی یاسایی ڕوون ئاماژە
بەشێوازی پێکهێنانی حکومەت کرابێت ، بەڵام لەڕووی واقعی و کردارییەوە پێکهێنانی
حکومەت لەهەرێمی کوردستان پشت بەچەند یاسایەک دەبەستێت.
لەوانە
یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە(١) ساڵی ١٩٩٢ یاسایی ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە(٣)ی ساڵی ١٩٩٢ یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
-عێڕاق. ژمارە(١)ی ساڵی ٢٠٠٥ بەپێی بڕگەی(٣) لەماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی
هەرێم ، سەرۆکی هەرێم لەماوەی (١٠)ڕۆژدا لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی
هەڵبژاردنەکانەوە فەرمانی بانگهێشت کردنی پەرلەمان بۆ کۆبونەوە دەردەکات ، ئەگەر
ئەم فەرمانەی بۆ دەرنەکرا لەبەر هەر هۆکارێک ئەوا پەرلەمان بەشێوەی سەربەخۆ لەڕۆژی
دوای کۆتایی هاتنی ماوەکە کۆدەبێتەوە بەپێی یاسایی هەڵبژاردنەکانیش پەرلەمان یەکەم
کۆبونەوەی خۆی ئەنجام دەدات لەماوەی (١٠) ڕۆژدا لەدوای دەرچوونی فەرمانی هەرێمی بۆ
بانگهێشت کردنی کۆبونەوە، لەکاتی دەرنەچوونی فەرمانەکەشدا پەرلەمان خۆی کۆدەبێتەوە
لەدوای کۆتایی هاتنی ماوەی ناوبراو.
وەکو
بینیمان پەرلەمان لە ٢٠٢٤/١٢/٢ لەسەر فەرمانی سەرۆکایەتی هەرێم پەرلەمانی کوردستان
خولی شەشەم یەکەم کۆبوونەوەی خۆی گرێداو کۆبونەوەکە بەکراوەی هەڵگیراو نەتوانرا
سەرۆکی پەرلەمان و جێگرو سکرتێر هەڵبژێردرێن، دوای ئەوەی کە پەرلەمان سەرۆک و
جێگرو سکرتێر هەڵدەبژێرێت پێکهێنانی کابینەی نوێ بەچەند قۆناغێکدا دەڕوات.
قۆناغی
یەکەم: قۆناغی ناونان (مرحلة تسمیه) پەرلەمان هەڵدەستێت بەدەستنیشانکردنی ئەو
کەسەی دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمەش بەزۆرینەی ڕەهای دەنگی
پەرلەمانتارانی ئامادەبوو جاکەسەکە یەکێک بێت لەئەندامانی پەرلەمان یاخود کەسێک
بێت لەدەرەوەی پەرلەمان ئەمەش بەپێی بڕگەی (٣)لەماددەی (٥٦)ی یاسایی هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستان .
قۆناغی
دووەم: قۆناغی ڕاسپاردن (مرحلة التكلیف): بەپێی بڕگەی (١٢) لەماددەی (١٠)ی یاسای
سەرۆکایەتی هەرێم دوای ناونانی سەرۆک وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە ئەو قۆناغە دەست
پێدەکات کەسەرۆکی هەرێم ئەوکەسە ڕادەسپێرێت لەماوەی (٣٠) ڕۆژدا لەڕۆژی
داواکردنەکەوە ئەنجومەنی وەزیران پێک بهێنێت .
قۆناغی
سێیەم : متمانە بەخشین:(مرحلة منح ثقه) بەپێی بڕگەی (١) لەماددەی (٢) یاسای
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەم قۆناغەدا پەرلەمان بەزۆرینەی ڕەهای ئامادە بوانی
هەڵدەستێت بەبەخشینی متمانە بەو پێکهاتە وزاریەی کەکەسی ڕاسپێردراو پێکی هێناوە.
گفتوگۆی
پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش بینی دەکرێت قورس و
درێژخایەن بێت، بەهۆی ناکۆکی یەکێتی و پارتی لەسەر چۆنیەتی دابەش بوونی پۆستەکان و
ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی کەلەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن دژی یەکتر ئەنجامیاندا ،
لەکابینەی نۆیەمدا ناکۆکی زۆر له نێوان هەردوو تیمدا هەبوو ،یەکێتی پێی وایە
کەپارتی ناتوانێ بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت ، جگەلەوە یەکێتی و نەوەی نوێ
دەیانەوێت گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت درێژە بکێشێت تا تێپەڕاندنی هەڵبژاردنی
پەرلەمانی عێڕاق کەبڕیار وایە مانگی ١٠ ساڵی ئایندە بەڕێوەبچێت ، پارتیش لاری لەوە
نیە کە پێک هێنانی حکومەت بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق ،چونکە ئەو کات
پێکهێنانی حکومەت عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەکەنە یەک پاکێج بۆ گفتوگۆ ئەمەش
لەقازانجی پارتیە.
چونکە
پارتی سازشی زۆر دەکات لەسەر پۆستەکانی حکومەتی عێڕاق بۆ یەکێتی ،بەڵام بۆ
پۆستەکانی هەرێمی کوردستان نایکات. لەکۆتایدا
هەرچەندە گفتوگۆکان درێژخایەن بن دەبێت حکومەت پێکبهێنرێت.
بەشێوازێکی گشتی
پێکهێنانی کابینەی دەیەم لەبەردەم سێ سیناریۆدایە؛
سیناریۆی
ئەی: سیناریۆی پێک
هێنانی حکومەت لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە : بەهێزترین
سیناریۆ بۆ پێک هێنانی کابینەی دەیەم ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی بەیەکەوە لەگەڵ
پێکهاتە کەمینەکان و سۆسیالیست حکومەت پێک بهێنن - هۆکارە
بەهێزەکانی ڕوودانی ئەم سیناریۆیە چین؛
١-یەکێتی و پارتی
هەردووکیان خاوەنی هێزی چەکداری و ناوچەی جوگرافی تایبەت بەخۆیانن هیچ کامیان
ناتوانێت بەبێ ئەوەی تر حکومەت بەڕێوە ببات بەبێ ڕەزامەندی ئەوەی تر
٢-هیچ
کام لەیەکێتی و پارتی بەتەنها نەیانتوانیوە زۆرینەی ڕەهای کورسیەکانی پەرلەمان
بەدەست بهێنن.
٣-هۆکاری دەرەکی
و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و عێڕاقیش هانی یەکێتی و پارتی دەدەن کەهەردووکیان
بەشداری حکومەت بکەن .
٤- زۆربەی
حزب و لیستەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی ڕەتیان کردۆتەوە بەشداری حکومەتی ئایندە
بکەن جگە لەنەوەی نوێ تا ئێستا ئەویش یەکلای نەبۆتەوە، نیازیشی هەبێت مەرجەکانی
قورس و تۆباوین.
- ئەم
هۆکارانەی کەئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە لاواز دەکەن.
١- ناکۆکی
و گرژیەکی توند لەنێوان کەسی یەکەمی هەردوو حزبدا هەیە قسەی کۆتای دەربارەی پێک
هێنانی حکومەتیش لای ئەوانە.
٢- یەکێتی مەرجی قورس و زۆری هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
٣- بەپێی هەواڵە میدیایەکان تا ئێستا نەوەی نوێ ئەوەی ڕەتنەکردۆتەوە
کەبەشداری کابینەی دەیەم دەکات.
ئەمەش
وادەکات حکومەتەکە ببێتە حکومەتی یەکێتی نەوەی نوێ پارتی.
سیناریۆی بی: حکومەتی یەکێتی و پارتی
و نەوەی نوێ: هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی جگە لەنەوەی نوێ ڕەتیان کردۆتەوە
کەبەشداری کابینەی دەیەم بکەن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا ڕەتی نەکردۆتەوە بەشداری
کابینەی دەیەم بکات نەوەی نوێیە بۆیە ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە نەوەی نوێ بەشداری
دەکات.
خاڵە
بەهێزەکانی ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە چین؛
١-نەوەی
نوێ پێشوازی کرد لەوەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم،
کەواتە خواستی بەشداریان لەحکومەت هەیە.
٢-هەریەک
لەیەکێتی و پارتی و بەتایبەت پارتی پێیان باشە کەنەوەی نوێ بەشداری حکومەت بکات بۆ
باڵانسی کابینەکە .
٣-بۆ ئەوەی لەکاتی بوونی ناکۆکی یەکێتی و پارتی بەکشانەوەی
یەکێتی یا پارتی حکومەتەکە هەڵنەوەشێتەوە، نەوەی نوێ پێی وایە کاتی ئەوەی هاتوە بەشداری دەسەڵات بکات نایەوێت چیتر ئۆپۆسزیۆن بێت ڕەنگە دەنگدەرەکانیشی ئەوەی لێ بخوازن.
سیناریۆی
سی : پێکهێنانی حکومەت لەلایەن نەوەی نوێ و پارتیەوە: - لەئەگەری
ڕێک نەکەوتنی یەکێتی و پارتی ، پارتی لەڕووی ڕێژەی کورسیەوە دەتوانێت لەگەڵ پارتی
حکومەت پێک بهێنێت بەڵام یەکێتی ناتوانێت لەگەڵ نەوەی نوێ حکومەت پێک بهێنێت
،چونکە بەهەردووکیان ناتوانن ڕێژەی کورسیەکانی بگەینە ٥٠+١ ڕێژەی یاسایی بۆ پێک
هێنانی حکومەت.
خاڵە
بەهێزەکانی ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیەیە:
١- پارتی خاوەنی ٣٩کورسیە +٣کورسی پێکهاتەکانی
هەولێرو دهۆک +15 کورسی نەوەی نوێ دەکاتە ٥٧کورسی واتە لەڕووی یاساییەوە دەتوانێت
حکومەت پێکبهێنن.
٢- ناکۆکی زۆری
نێوان یەکێتی و پارتی قبوڵ نەکردنی مەرجەکانی یەکتر بۆ پێکهێنانی حکومەت - خاڵە لاوازەکانی ئەم سیناریۆیە.
٣-واقعی
سیاسی و جوگرافی هەرێمی کوردستان ڕێگە بەوە نادات حکومەت بەبێ یەکێتی یان پارتی
پێکبهێنرێت.
٤- وڵاتانی هەرێمی
و نێودەوڵەتی و بەغداش نایانەوێت بەبێ یەکێتی و پارتی حکومەت پێکبهێنرێت
٥-نەوەی
نوێ نایەوێت بەبێ یەکێتی بەشداری حکومەت بکات ڕەنگە یەکێتی لەزۆنی سەوز دەسەڵاتی
ڕادەست نەکات.
هەریەکە
لەسیناریۆکان خاڵی لاوازو بەهێزیان هەیە و ئەگەری ڕوودانیان وەکو یەک نیە ،
بەهێزترین سیناریۆ بریتیە لە پێکهێنانی حکومەت لەلایەن یەکێتی و پارتی .
کەدەڵێین
یەکێتی و پارتی کەمینەکان و سۆسیالیستیش یەکی وەزارەتێکیان پێدەدەن. سیناریۆی بەهێزی دوای ئەمە بریتیە لەحکومەتی پارتی و نەوەی نوێ و
یەکێتی . بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی دەیەم درێژخایەن و
تاقەت پڕوکێن دەبێت .