Alternate Text

ساڵێک لەمەوبەر: یاداوەریی کۆرۆنا ”کۆمەڵگای مەتر و نیو“: ئەمستردام و کۆرۆنا

مه‌ریوان وریا قانع‌ 23/03/2021

 دەمەوئێوارەی ڕۆژی ١٦ مارت لە لەندەنەوە گەیشتمەوە شاری ئەمستردام، ئەو شارەی زیاد لە ٢٥ ساڵە تیایدا دەژیم.

چونم بۆ لەندەن پەیوەندیی بە پلانی گەڕاندنەوەوەمەوە بۆ کوردستان ھەبوو، بە حوکمی ئەوەی ڕێگای ئاسمانی لەنێوان ئەمستردام و سلێمانیدا نییە، ناچاربووم ڕێگای ئاسمانی ئەمستردام لەندەن و لەندەن قەتەر و قەتەر سلێمانی ھەڵبژێرم. ئەم ھەڵبژردنەش پەیوەندیی بەوەوە ھەبوو نەمدەویست لە ڕێگای ھێڵە ئاسمانییە تورکییەکانەوە بگەڕێمەوە و وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی پابەندی ئەو بایکۆتە ئابورییە بم کە لە دوای ھێرشی سوپای تورکیاوە بۆ سەر ڕۆژئاوا دەستیپێکرد. بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرگای گەڕاندنەوەکەمی بۆ کوردستان داخست و پلانی سەفەرەکەمی ھەڵوەشاندەوە. بۆیە ئێوارەی ١٦ مارت لەندەنم بەجێھێشت و جارێکی تر لە فڕۆکەخانەی ئەمستردام دابەزیمەوە. ھەر کە دابەزیم لە باتی فڕۆکەخانە قەرەباڵغکەی جاران، ئەو شوێنەی بەردەوام جمەی دێت لە گەشتیارن و سەفەرکەران، شوێنێکی تەواو چۆڵ و جێھێڵدراوم بینیی. بینیم سەرجەمی قاوەخانە و باڕ و چێشتخانەکانی ناو فڕۆکەخانەکە داخرابوون. ئەو کۆگا و دووکان و شوێنانەش کە جلوبەرگ و بۆن و کتێبیان دەفرۆشت، ھەموویان داخرابوون. یەکەمجاربوو فڕۆکەخانەی ئەمستردام، کە ساڵانە سەروی ٦٠ ملیۆن مرۆڤ ھاتووچوی تیادەکەن، بەو چۆڵ و ھۆڵییە گەورەیەی ئەو ئێوارەیە و بەو ھەموو شوێنە داخراوانەوە، ببینم. کە فڕۆکەخانەم بەجێھێشتو سواری بەرەو ئەمستردام سواری شەمەندەفەر بووم، بینیم شەمەندەفەرەکەش تەواو چۆڵە، لەو واگۆنەی من تیایدا دانیشتبووم، ھەمووی چوار یان پێنج کەسی تێدابوو. لە ڕۆژانی تردا لە ھەمان واگۆندا جگە لەوانەی کە دانیشتون زۆرجار کەسانێکی تر لەبەر بێجێگەیی بە پێوە دەوەستن. دیسانەوە یەکەمجاربوو شەمەندەفەرێکی سەر ھێڵی نێوان فڕۆکەخانە و شارەکە بەو خاڵییبوونەوە، ببینم. وەک وتم ھەمیشە ئەو شەمەندەفەرانە پڕن لە خەڵک و زۆرجار جێگەی دانیشتن نییە و مرۆڤ ناچارە بە پێوە بوەستێت. ئەو شەمەندەفەرانە بەردەوام پڕن لە خەڵکانێک کە بە چەندەھا زمانی جیاوازی جیھان قسەدەکەن و ھەریەکەیان لە شوێن و قوژبنێکەوە جیھانەوە، ھاتوون بۆ ئەم شارە. کاتێک شەمەندەفەرە گەیشتە ئەمستردام و وێستگە گەورەکەی شەمەندەفەرەکانم بەرەو ماڵەکەم بەجێھێشت، دیسانەوە کەوتمەوە ناو چۆڵی ھۆڵییەکی ترسناک و سەرسوڕھێنەرەوە. لە ٢٥ ساڵی ڕابرودا یەکەمجاربوو ئەم شارە بەو چۆڵییە ببینم. ھەموو شتێک داخرابوو، دوکان و بازاڕ و قاوەخانە و ئوتێل و مۆڵ و سوپەرمارکێتەکان. خەڵکێکی کەم، ھێجگار کەم، بەسەر شەقامەکانەوە بوون، تاک و تەرا لێرە و لەوێ کەسێک یان پاسکیلسوارێک دەبنیران کە، ئەوانیش وەک من، بە سەرسوڕمانەوە لە چۆڵەوانی ئەو ئێوارەیەیان دەڕوانیی و بەناویدا تێدەپەڕین. ئەمستردام شارێکە لە کاتی ئاساییدا ناخەوێت، شەوەکانیشی پڕپڕن لە قەرەباڵغیی و سەراسیمەیی، ھەمیشە چەندەھا شوێنی جیاواز بۆ ماوەی ٢٤ کاتژێمر کراون. کەچی ئەو ئێوارەیە ھەموو شتێک لەناو چۆڵەوانیی و بێدەنگییەکی گەورەدا نووقمبووبوو، لەو شارانە دەچوو بەر پەلامارێکی گەورە کەوتبن و دانیشتوانەکەی کۆڕەویانکردبێت و شارەکەیان لەدوای خۆیانەوە بەجێھێشتنێت.

من ئەو ئێوارەیە کە لە لەندەنەوە گەڕابوومەوە، لەوێ، لە لەندەن، جگە لە یاریگاکانی یاری فوتبۆڵ، ھیچ شوێنێکی تر لەو شارەدا دانەخرابوو، ھەم چاخانە و قاوەخانەکان پڕبوون لە خەڵک، ھەم میترۆ و پاس و شەمەندەفەرەکان، ھەم شەقام و گۆڕەپان و کۆڵانەکان. ھەم مۆزەخانە و کتێبخانە و سینەماکان. پارکەکانی لەندەن وەک ھەمیشە پڕبوون لە خەڵک، لە منداڵ و گەنج و پیر، پیاو و ژن، خەڵکانی جیاوازی سەر بە شوێنە جیاوازەکانی جیھان. لەندەنیەکان تا ئەو کاتە گوێیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەئەدا و وا دەژیان وەک ئەوەی شتێکی مەترسیدار لە ئارادا نەبێت. بەڵام چەند ڕۆژێک دواتر، لە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنی ماڵەکەمەوە، بینیم لەندەنیش وەک ئەمستردامی لێھاتووە و ئەو شارە گەورەیەش تەواو چۆڵ بووە، خەڵک چوونەتەوە ماڵەکانی خۆیان و ھەموو شتەکانی تر داخراون. لەو ڕۆژانەدا ھەواڵە ترسناکەکانی دۆخی تراژیدیی ئیتالیا بە دەست کۆرۆناوە، ھەواڵی یەکەمی تەلەفیزیۆنەکانی ئەوروپا بوو، وڵاتی چین و ئێران و ئیسپانیا ھەواڵی دوای کارەساتەکانی ئیتالیا بوون. لەپڕێکدا جیھان کەوتە ناو پەتایەکەوە ھەمووانی ناچارکرد تاقە شوێنێک بتوانن بە سەلامەتی تیایدا بژین ناو چوار دیواری ماڵەکانی خۆیان بێت. کۆرۆنا جیھانی داخست و ھەموومانی بردەوە ناو ماڵەکانی خۆمان.

جارێکیتر ماڵ بووەوە بەو شوێنەی بتوانێت ڕزگارمانبکات و لە مەترسییەکانی جیھانی ئەودیوی دەرگای ماڵەکان، بمانپارێزێت. تا ئەو ئێوارەیەی من گەیشتمەوە ھۆڵەندا کەس لە ئەمستردام بە نەخۆشی کۆرۆنا نەمردبوو، بەڵام چەند ڕۆژێک دواتر میدیاکان ھەواڵی مردنی یەکەمین کەسیان لە شارەکەدا بەیانکرد، مردوەکە کەسێکی نەخۆشی تەمەن سەرو ھەشتا ساڵ بوو. بۆ زۆر کەس مردنی ئەو کەسە سەرەتای دروستبوونی ترسێکی تازەبوو، ترس لە ڤایرۆسێکی نەناسراو. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، کە چوار ھەفتەیەک بەسەر ھاتنی کۆرۆنادا تێپەڕیوە، ٨٣ کەس لە ئەمستردام و شارەوانییە بچووکەکانی دەوروبەریدا مردون، نزیکەی ١٣٠٠ کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون. ئەم ھەواڵانە ژیانی گشتییان لە شارەکەدا ب ەتەواوی تێکدا. خەڵک لە ترسا لە ماڵەکان نایەنەدەرەوە، ئەلکھول زۆر کەمتر دەخۆنەوە و زیاتر و زیاتر ھەست بەتەنھایی دەکەن. بەڵام ھەر زوو بۆ کوشتنی بێتاقەتیی مانەوە لە ماڵەکاندا، ھاوڕێ و دۆست و ناسراوەکان ”کافێ و باڕ و قاوەخانەی ڤێرتوێڵ“ یان دروستکرد و لەڕێگای کۆمپیوتەر و سمارتفۆنەوە و ئۆن لاینەوە یەکتری ”دەبینن“. ئەگەرچی پارکەکانی ناو شارەکە دانەخراون، بەڵام لە لایەن پۆلیسەوە چاودێریدەکرێن و ناھێڵن قەرەباڵغیان تیادا دروستببێت. بەپێی ڕێنماییە تازەکان نابێت لە سێ کەس زیاتر بەیەکەوە کۆببنەوە، کە کۆشدەبنەوە دەبێت مەسافەی نێوانیان مەتر و نیوێک بێت. خەریکە دەستەواژەی ”مەتر و نیو“ دەبێت بە چەمکێکی سۆسیۆلۆژیی تازە، سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا بۆ یەکەمجار دەستەواژەی ”کۆمەڵگای مەتر و نیو“ی بەکارھێنا. ”کۆمەڵگای مەتر و نیو“ ئەو کۆمەڵگایەیە کە ئەندامەکانی پێویستە بە بەردەوامی مەتر و نیوێک لەیەکتری دووربن، مەتر و نیوێک مەسافە لەنێوان خۆیاندا بھێڵنەوە و بەریەکەتری نەکەون. ”کۆمەڵگای مەتر و نیو“ ئەو کۆمەڵگایەیە کە بەریەکەوتنی جەستەکان تیایدا کەمدەبێتەوە و ھەمیشە مەسافەیەک دەبێت کە کەسەکان لەیەکتری دووربخاتوە. ھەر لە ئێستاشەوە باس لە ”ئابوریی مەتر و نیو“ دەکرێت، کە وەک فۆرمێک لە ئابوریی باسدەکرێت، کە پێویستە لەسەر سنووردارکردنی ئەو ھەڵپە گەورەیەی بەرخۆریی کاربکات کە لەپشتی ھاتن و گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسەوەن، ”ئابوریی مەتر و نیو“ وەک فۆرمێک لە ئابوریی ڕێ لەوە بگرێت مرۆڤ کورتببێتەوە بۆ بوونەوەرێکی ئابوریی، بەتەنھا. لەناو ئەم دۆخە بێپێشینەیەدا سەرەتاکانی فۆرمی تازەی مشورخواردن و بەدەم یەکەوەچوون دروستبووە، بە تایبەتی لە پەیوەنیدا بە پیران و بیماران و بەساڵاچووەکانی ناو کۆمەڵگادا، ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە لە ھەمووان زیاتر قابیلی زیانمەندبوون و تێکشکانن. منداڵان لە پشتی لاپتۆپ و کۆمپیوتەرەکانیانەوە لەگەڵ دایەگەورە و بابەگەورەکانیاندا پەیوەندیی دەگرن و یەکتری دەدوێنن. کوڕ و کچی باوک و دایکە بە ساڵاچووەکان، بازاڕ بۆ باوک و دایکە پیرەکانیان دەکەن و لە پشتی دەرگای ماڵەکانیانەوە بۆیان بەجێدەھێڵن.

لە خانەی پیراندا و لەبەردەم پەنجەرەی ژووری باوک و دایکە بەساڵاداچووەکاندا، کوڕ و کچ و نەوەکانیان دەوەستن و لەسەر شەقامەکانەوە سەیری یەکتری دەکەن و ھەندێک ووشە و ئاماژە و جوڵە و پێکەنین، لەگەڵیەکدا دەگۆڕنەوە. یەکێک لە گۆرانیبێژەکانی شاری ئەمستردام ڕۆژانە سەردانی خانەی پیران و بیماران ئەکات و لە دووری چەند مەترێکەوە مۆسیقایان بۆ دەژنێت و لەناو ئەم جیھانە پڕبووە لە کۆرۆنا، گۆرانیان بۆ دەڵێت. ئەم گۆرانیبێژە تا ئێستا خۆبەخشانە و بێبەرامبەر سەری لە ٣٠ بۆ ٣٥ خانەی پیران داوە و لە ھەموویاندا گۆرانی وتوە. دەکرێت ئەم جۆرە لە ھونەر بە ”ھونەری مەتر و نیو“ یان ”ھونەری سەردەمی کۆرۆان“ ناوببەین. کۆرۆنا، سەرڕەای کارەسات و تراژیدییەکانی، تا ئێستا ھەندێک فۆرمی تازەی پەیوەندیی ئینسانیی و دۆستانەی دروستکردوە کە دەشێت لە قۆناغی دوای کۆتاییھاتن و کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنادا گەشەی زیاتریان پێبدرێت و قوڵتر و ھەمەلایەنتر بکرێنەوە. منیش تا ئەم ساتە نزیکەی چوار ھەفەتەیە لە ماڵەوەم و لەڕێگای ئۆن لاینەوە وانەکانی زانکۆم دەڵێمەوە، لە ڕێگای ئۆن لاینەوە کاروبارەکانی تری زانکۆ بەڕێوەدەبەم و ھەر لە ڕێگای ئۆن لاینەوە ھەندێک لە پێداویستییەکانم دەکڕم. سەرجەمی پەیوەندییەکانیشم لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا بووە بە پەیوەندیی ئۆن لاین. ژیان لە ھۆڵەندادا، لە ھەموو بوارەکاندا، بەرەو ئەوە دەچێت ببێت بە ژیانی ئۆن لاین، یاخود لە باشترین حاڵەتەدا بە ”ژیانی مەتر و نیو“، لە ئێستادا گەڕانەوە بۆ ژیانی ”چەند سانتیمەتەرێک لەیەک دوور“، ژیانێک دوو مرۆڤ ئازادانە و بێترس باوەش بەیەکتریدا بکیەن، لە یۆتۆپیایەکی دوور بچێت. لەم ساتەدا یەکێک لە قەرەباڵغترین شارەکانی دونیا، تا سەر ئێسقان چۆڵ و ھۆڵ و خاڵییە.