Alternate Text

بێ پێشەکی دەست پێدەکەم

شوان شێخزادە‌ 23/03/2021

من وەک رووقایمەکان وەک بکوژەکانی ئازادی رۆژنامەگەری نامەوێت بە زمان لوسی و پیاهەڵدان و پێشەکیەکی سواو و دووبارەی سەدان ساڵە دەست پێبکەم و نامەوێ بە باڵای میقداد مەدحت بەدرخانیەکان هەلبدەم وساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی بەم شێوەیە بکەمەوە .

بێ رێزی بەو پیاوە باڵایەدا ناکەم و لە یادی ناکەم ئەوان جێی رێز و تەقدیرن ، بەڵام ئەمە هەموو شتێک نیە ، من دەمەوێت ویستەکانی بەدی بێت و ئازارەکانی دووبارە نەبنەوە ، من دەمەوێت لە بری خۆشی دەربڕین یان ئاهـ و گریان، نوسین ئیشی خۆی بکات و کێشەو چارەسەرەکانی تیا بخەمە ڕوو . من دەمەوێت لەم رۆژەدا سەرەخۆشی نەبوونی ئازادی رۆژنامەگەری و نەبوونی یەک دانە دەزگای سەربەخۆتان لێبکەم ، لە کۆی زیاتر لە هەزار و دووسود دەزگای (بینراو و بیستراو و خوێندراو) من دەمەوێت بیرتان بێنمەوە کە سەد و بیست و سێ سالە هیچ نەگۆراوە لە مەجال و پانتایی کاری رۆژنامەنوسی ، ئێستاش وەک ئەوسا ، هەروەک چۆن پێشرەوی عیلم و مەعریفەمان داهێنەری چاپ و بلاوکراوەمان میقداد مەتحەد بەدرخان ، لەژێر هەرەشەو ترسا وڵات بە وڵات وەدەردەنرا ئێستاش رۆژنامەنوسە راستگۆکان ، قەڵەم ئاڵتونیەکان شارەوشار لە خاکی خۆیان و وڵاتی خۆیان وەدەر دەنرێن لەسەر ئاشکراکردنی زانیاریەک و بەیانکردنی حەقیقەتێک .

من دەمەوێت پێتان بلێم لەپاڵ حکومەت و پەرلەمان و سیاسەتمەدار و حیزب و دز و دەستبرو شەق وەشێن و بکوژەکان ، زۆرینەی پارێزەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنوس و قەلەمبەدەست و نوسەر و هونەرمەند و فلیمساز و شاعیر و ئەدیبانی ئەم مەملەکەتە تاوانبار و بێباک و ترسنۆک و بێ ئەمەک و بێ هەلوێستن . جێی خۆیەتی بپرسین دووای مەرگی ئەوان چی گۆراوە ؟ کامە بکوژ دەستگیر کراوا ؟ چەندە فلیم لەبارەی ژیانی رۆژنامەنووسە کوژراوەکان دەرهێندراوە ؟ کوا پەیکەرێک ؟ کوانێ تابلۆ و کوا سرودێک ؟ کوا ژیانی ئەوان لەسەر کتێبێک ! لە لایەکیتر موزایەدە : من لەگەڵ ئەو جۆرە بەرگریکرنە پر لە رق و قینەیەدا نیم کە بەحساب لە رۆژنامەنووسان دەکرێت، زۆربەی رون و راشکاو دیارە بۆ گەورەکردن و سەرکەوتنی پارتێکی سیاسیە بەسەر ئەویتردا ، ویستی شەهیدانمان فەراهەمکردنی ئازادی ڕادەربرین و نەهێشتنی چینایەتی و هەڵدانەوەی دۆسیە شاراوەکان و بەیانکردنی دەستی دز و گەندەڵکارانی ئەم وڵاتەبوو لە پێناو خۆشکوزەرانی خەلکیدا . هەر بۆیە پیرۆزبایی راستگۆیانە ئەوەیە : نەهێلن ئەم برینانە قەتماغە بگرن و خوێنی ئەو جوامێرانە بەهەدەرچێت و رەنج بە خەساربن ، هەوڵبەین بە فەراهەمکردنی ئازادی و بیناکردنی دەزگای بێلایەن تۆڵەیان بستێنین . لە پال ئەوەشدا هەوڵی جدی بەین کەئەو فەوزا بازرگانیە رابمالین کە دەبینرێت بە ناوی رۆژنامەنووس و راگەیاندکارەوە ، پێویستە ئەم پیشەیە تەواو بە ئەکادیمی و بە یاسایی بکرێت و دەرگا بە رویی ئەو کەسانە دابخرێت کە دەرچووی بەشە ئیعلامیەکان نین و شارەزا نین تەنها مەبەستیان پەیداکردنی ناوبانگ و خۆدەرخستنە و دواتریش خۆ کاندید کردنە بۆ پەرلەمان و ئیدی بگەن بە پارەخۆری ، لەو نێوەندەشدا کۆمەلگە چی لێدێت و وڵات چۆن کاول ئەبێت و شیرازەی ماڵ و مناڵ چۆن تێکەچێت کاری بەوانەوە نیە .

بۆیە من نامەوێ پیرۆزبایی بکەم ، هێشتا ئەم پیشەیە بۆنی خوێنی لێدێت و پرە لە مەرگ و مەرگەسات ،هێشتا کاری رۆژنامەوانی لەم وڵاتە زۆر لە دووایەو زۆر ناتندروست و زۆر بازاری و بێ ئیتیکە، هێشتا بەخشینی هەوێی سەندیکا بە واصتەو تەسکیەیی حزبیە، هێشتا رۆژنامەنوسی بەرەی زەرد و سەوز و مۆرمان هەیە ، هێشتا باوەر پێنەکراوە رۆژنامەنوس بیت و حزبی نەبیت لە کاتێکدا دەبوو عەیبەو باوەر پێنەکراو بێ رۆژنامەنووس بیت و حزبی بیت بۆیە نا من نامەوێت بەم هەموو کەم تەرخەمی و عەیب و عارەوە پیرۆزبایی بکەم .