Alternate Text

هەولێر دەبێتە ڕەققە و سلێمانیش دەبێتە موسڵ

شادی نەوزاد‌ 23/03/2021

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 کە کۆتایی بەجەنگی دژی داعش ڕاگەیەندرا، لە پۆستێکی فەیسبوکدا باسم لەم ساتەوەختە کردوە. داعش لە جەنگدا تێکشکا، بەڵام وەک فیکر کاری خۆی لە گەڕەک و شەقامەکان و پۆلی خوێندنی منداڵەکانمان و مزگەوتەکانماندا دەکات. یەکێک لە دەرهاویشتەکانی فیکری توندڕەوی داعش بوو، باسەکەی ئێستا توندڕەوی لە چەند مەزهەبێک و ڕەوتی سیاسی دیاریکراو کە سەلەفییەت و ئیخوانەکانە.

دەبوو هەر ئەوکات بە بەرنامە و پرۆگرامی زۆر گەورە کار لەسەر ئەو ڕەوشە بکرایە و ڕێگری لە تەشەنەی ئەو فیکرە توندڕەویە بکرایە، نەک بەبێ هیچ سانسۆرێک هەموو ئەو کتێبانەش کە لە دونیای ئیسلامی قەدەغەن لەناو پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لەهەولێر و سلێمانی و هەردوو چاپخانەکەی هەولێر و سلێمانی چاپ و بڵاو بکرێنەوە، کەسیش نەبێ بڵێت ئەمانە چ ژەهرێکی کۆمەڵایەتین و بەرەو چی ئاقارێکمان دەبەن.

خانەنوستوەکانی فکری توندڕەوی هەر ئەوە نییە کە لەناو ماڵەکانیاندا دەستنوس و ڕەشنوسی هێرش و چەک و تەقەمەنی بگیرێت، بێگومان ئەوانەشن کە پێیان وایە بێغیرەتییە باوەڕت بە ئازادی و یەکسانی هەبێت، باوەڕت بە پێکەوەژیان هەبێت، باوەڕت بە سنوری ئازادی خۆت هەبێت و پێتوانەبێت دونیا لە بۆسەدایە بۆ تێکدانی دینەکەی تۆ و تۆ مەجبوریت هێرش بکەیت تا دینەکەت بپارێزیت و جیهادی لەپێناودا بکەیت، کە بێ دوودڵی وانیە و هیچکەس لەدژایەتی دینێک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو ئاکارێکی دیاریکراوی نەکردوە. گەر حکومەت لەڕێی ستراتیجێکی دورمەودای تۆکمەوە کار لەسەر کاڵکردنەوەی ئەم فکرە نەکات، لە چەند ساڵی داهاتوودا هەولێر دەبێتە ڕەققە و سلێمانیش دەبێتە موسڵ.