Alternate Text

منیش لە تاوانەکەدا بەشدارم

خالد سڵێمان‌ 23/03/2021

لە ماوەی کارکردنمدا وەک ڕۆژنامەنووسێک و سەرنووسەری گۆڤارێکی هەفتانە و هەروەها وەک ڕاهێنەرێکی ڕۆژنامەوانیی، لەگەڵ کۆنسڵی، فەرەنسا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا، هۆڵەنداو چەندان وڵاتی تری ئەوروپی، دانیشتووم و باسی دۆخی ڕۆژنامەوانیم لەکوردستان لەگەڵیاندا کردوە. لە چەندان پرۆژەی میدیاییدا ڕاهێنەر بووم کە لەلایەن ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپاو دەمەزراوی میدیایی ئەوانەوە سپۆنسەر کراون و ژمارەیەکی بەرچاوی ڕۆژنامەنووسی کوردستان بەشدارییان لەو پرۆژانەدا کردووە. بۆ نمونە، ساڵی 2012-2013 کونسڵەگەری ئەڵمانیا سپۆنسەری خولێکی درێژخایەنی کرد بۆ پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسانی ژنان لە کوردستانداو ئێستاش ژمارەیەکیان لە کەناڵەکانی کوردستاندا کاردەکەن. ڕێکخراوی USAID سپۆنسەری گەورەترین پرۆژەی میدیایی کرد لە پێناو گرنیگیدان بە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە کوردستاندا، هەروەها چەندان پرۆژەی میدیایی تر. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لەڕێگەی کونسوڵگەرییەکەی خۆی لە هەولێر و پەیمانگەی گۆتەوە سپۆنسەری گەورەترین پرۆژە دەکات لە پێناو گەڵاڵەکردنی چوارچێوەیەکی پەروەردەیی لەسەر ژینگەو ئالەنگارییەکانی. ئەوەش لە پێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ کە بتوانێت لە گۆڕانکارییەکان تێبگات و ڕووبەڕوویان بێتەوە. جێبەجێکردنی هەموو ئەم پرۆژانە بەبێ دەستەبەرکردنی پرانسیپە بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان، کارێکی ئاسان نیە، بەتایبەتی میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە گەیاندنیاندا بۆ ناو ڕووبەری گشتی. کاتێکیش ئازادییە بنەڕەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن، هەموو ئەو وڵاتانەی بەشداری دەکەن لە بەرەو پێشەوەبردنی هەرێمی کوردستاندا، بەپلەی یەکەم گوێ لە ڕۆژنامەنووسان و ئاکتیڤیست و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەگرن، نەک دەسەڵاتداران کە ئامانجیان تەنها ماکیاژکردنی خراپەکارییەکانیانە. بۆیە وەسفکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان وەک (جاسوس) لەبەر ئەوەی لەگەڵ کونسڵگەری ئەمریکاو ئەڵمانیا یەکترییان بینیوە، لە عەبەسیەتێکی سیاسی زیاتر هیچ نیە. بەتایبەتی هەردوو وڵاتەکە بەشدارییەکی گەورە لە پاراستنی هەرێمی کوردستاندا دەکەن. تا ئێستا موچەی بەشێک لە هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکاوە دەدرێت. (ئازیزان)، من و چەندان ڕۆژنامەنووسی تر لەم تاوانەی ئێوە باسی دەکەین بەشدارین و بەروارێکمان بۆ دابنێن تا دادگایی بکرێین و بخرێینە ژوورەکانی شیروان شیروانی و هاوڕێکانییەوە لە زیندان.