لە هەولێر پۆلیسی نەهێشتنی تاوان گەنجێکی دەستگیرکرد کە 80 مسقاڵ زێڕی لە ماڵێک دزیبوو، زێڕەکەش رادەستی خاوەنەکەی کرایەوە.
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (BMC)ی راگەیاند، "شەوی رابردوو دوای ئاگادارکردنەوەی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان-نووسینگەی رۆژئاوای هەولێر، لە رووداوێکی دزیکردن لە گەڕەکی برایەتی، دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان زۆر زوو دزەکە دەستگیر بکەن".
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتیشی، "تۆمەتبارەکە کە ناوی (ا. س. هـ)ـە و بڕی 80 مسقاڵ زێڕی لە ماڵێک دزیبوو، دانی بە تاوانەکەیدا نا و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند کرا و درایە دادگا، زێڕەکەش رادەستی خاوەنەکەی کرا".
ئێوارەی رۆژی یەکشەممەش پۆلیسی هەولێر کەسێکی دەستگیرکرد کە سێ هەزار دۆلار و لاپتۆپێک و هەندێک کەلوپەلی لە هۆتێلێکی شەقامی سێتاقان لە شاری هەولێر دزیبوو.
له رووداوێكی دیکەدا، پۆلیسی ههولێر ئاشکرای کردووە هەر لە رۆژی یەکشەممەدا پۆلیس سێ کەسی بە رەگەز سووری دەستگیرکردووە کە دزییان لە دوکانێکی ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای خەبات کردبوو.