شارەوانی سلێمانی: زەرەرمەندانی شەقامی ١٠٠مەتری زەویان پێدەدرێت

کوردستان 03/09/2020

Alternate Text

ئەو هاوڵاتیانەی کە زەویەکانیان بەر شەقامی سەد مەتری شاری سلێمانی کەوتووە قەرەبوو دەکرێنەوە و سەرۆکی شارەوانی سلێمانیش لە ڕێگەی (BMC)رونکردنەوە دەدات.

توانا کەمال سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ(BMC) ڕایگەیاند "کارەکانی قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتیانە تەواو بووە کە زەویەکانیان بەر شەقامی سەد مەتری شاری سلێمانی کەوتووە و لە نزیکترین کاتدا سەرجەم ئەو هاوڵاتیانە قەرەبوو دەکرێنەوە".

سەبارەت بە جۆری قەرەبووکردنەوەکە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ووتیشی "پارچە زەوی دەدرێت بە ئەو هاوڵاتیانەی کە زەرەرمەندبوون بە پێی مەتر هەر هاوڵاتیەک چەند مەتری بەر ئەو شەقامە کەوتبێت ئەوە بەپێی ئەوە قەرەبوو دەکرێتەوە".

جەختیشیکردەوە "لە ئێستادا چاوەروانی ئەوەن لە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی بەڵگەنامەی ئەو پارچە زەویانەیان بەدەست بگات بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا پارچە زەویەکان بەسەر ئەو هاوڵاتیانەدا دابەش بکرێت".

سەبارەت بە شوێنی ئەو پارچە زەویانەی کە بە هاوڵاتیان دەدرێت ناوبراو رونیکردەوە "تا ئێستا هیچ شوێن پارچە زەویەک دیاری نەکراوە بەڵام بێگومان شوێنێک دەبێت کە شایستەی ئەو هاوڵاتیانە بێت کە زەرەرمەندبوون".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا