ئەمشەو کازمی لە کوێ دەمێنێتەوە؟

کوردستان 10/09/2020

Alternate Text

بڕیارە سبەی مستەفا کازمی سەردانی شاری سلێمانی بکات بە گوێرەی زانیاریەکان ئەمشەو لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێر دەمێنێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە (BMC)راگەیاند، دوای سەردانەکەی ئەمڕۆی مستەفا کازمی بۆ شاری هەولێر ئەمشەو لە هۆتێل(دیڤان)ی شاری هەولێر ماوەتەوە، بڕیاریشە سبەی سەردانی شاری سلێمانی بکات و لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی بەرێوەبەری فەرمانگەکاندا کۆدەببێتەوە.

هاوکات لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا کازمی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆراندا کۆدەبێتەوە و دواتریش لە مێرگەپان لەگەڵ هەریەکە لە بافل تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆببێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە دواتریش سەردانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و مۆنۆمێنتی هەلەبجە دەکات و چەپکە گوڵ لەسەر گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجە دادەنێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەر ئەجێندای سەردانەكەی بڵاوكراونەتەوە،  "ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان گفتوگۆكردن دەبێت لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی سەرپەرشتیكردنی دەروازە سنورییەكانی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵیەوە".

بەشێکی دیکەی سەردانەکەی پەیوەندی هەیە بە پرسی ئامادەكاریی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١، ئەرك و مافەكانی كوردو پرسی بوودجەو مووچەو شایستە داراییەكان بەشێكی تر دەبن لە گفتوگۆكانی مستەفا كازمی و بەرپرسانی باڵای هەرێم.

ئەمە سەردانانەی کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای ئەوە دێت کە قوباد جەلال تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک سەردانی بەغدادی کرد و توانی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد ئاسایی بکاتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا