​ مەسرور بارزانی: هێرشکردنە سەر گەشتیاران دوورە لە نەریتی کۆمەڵگای کوردستان

کوردستان 02/01/2021

Alternate Text

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر گەشتیاران لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان، دەشڵێت، "ئیدانەی ئەو دەستدرێژیانە دەکەم کە کراوەتە سەر پاسی چەند گەشتیارێکی پارێزگاکانی عێراق".

 پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە*

بە داخێکی زۆرەوە لەم ڕۆژانەی دواییدا ، چەند ڕووداوێکی نەخوازرا و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕوویاندا و چەند کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ، هێرشیان کردە سەر گەشتییارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم کە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان.
هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا و تا ئێستاش، پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و هەمیشە بێ جیاوازی، دەرگای کراوەبووە بۆ میوانداری و لەباوەشگرتنیان ، هەروەها بەردەوامیش سەدان هەزار گەشتییار، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکراوە . بۆیە ڕووداوەکانی ئەم دواییە، نامۆن بە ڕەوشت و کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان. هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی ئەم کولتوورە بەرزەی کۆمەڵگەکەمان بدات، ڕێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/1/2

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا