روونکردنەوە لەبارەی بڵاوبوونەوەی وێنەیەک لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەدرێت

کوردستان 05/01/2021

Alternate Text

بڵاوبوونەوەی وێنەیەک لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر کە تێیدا مارێک و جوجگە مریشکێک بە زیندوویی پێکەوە دانراون کاردانەوەی لێکەوتەوە، سەرچاوەیەکیش لە نێو ئەو باخچەی ئاژەڵانە دەڵێت" ئەو کارە ئاساییە و مار تەنها گیانلەبەری زیندوو دەخوات".
ئەمڕۆ سێشەممە، ٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢١، سەرچاوەیەک لە نێو باخچەی ئاژەڵانی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە BMC راگەیاند، راستە ئەو وێنەیەی لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بڵاوبووەتەوە باخچەی ئاژەڵانی هەولێرە، بەڵام بابەتەکە بەوشێوەیە نییە و سیفەتی مار وایە و هیچ گیانلەبەرێک بە مردارەوەبوویی ناخوات و دەبێت زیندووبێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد محەمەد، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم بە BMC راگەیاند، ئەو بابەتەی لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر روویداوە بە هیچ شێوەیەک ئاسایی نییە و پێشێلکردنی مافە ئاژەڵانە، ئەوە جۆرێکە لە توندوتیژیکردن بەرامبەر بە ئاژەڵ، باشتر وایە ئەو ئاژەڵانە بە شێوازی باشتر خواردنیان بۆ دابینبکرێت و ئەزێتدانی ئاژەڵ زیان بە ژینگە دەگەیەنێت و پێچەوانەی رێنماییەکانە.
ناوبراو، راشیگەیاند، ئەو شێوازەی ئێستا لە باخچەی ئاژەڵان لە هەرێم پەیڕەو دەکرێت زۆر تەقلیدییە و لە جیهاندا بەرەو نەمان دەچێت، ئێستا لە زۆربەی وڵاتان پارچە زەوییەکی فراوان بۆ باخچەی ئاژەڵان دابین دەکرێت و خەڵك بە ئۆتۆمبێلەکانیان دەچنە نێوی باخچەکە و تەماشای ئاژەڵەکان دەکەن، نابێت ئاژەڵ لە نێو قەفەسێکدا زیندانی بکرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا