پەرلەمانی کوردستان: زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆریستیە ترسنۆکانەیە دەکەین

کوردستان 16/02/2021

Alternate Text

پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بەئامانجکردنی فڕۆکەخانەی هەولێر و چەند گەڕەکێک لە شەوی رابردوودا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، لە میانەی رووداوەکانی شەوی رابردووی هەولێری پایتەخت، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

ڕاگەیاندراوێک لەسەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر
بەداخەوە دوێنێ شەو تیرۆریستان لە کارێکی ترسنۆکانەدا بە موشەک چەند شوێنێکی پایتەختی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان کرد، لێرەوە بەناوی پەرلەمانی کوردستان زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆریستیە ترسنۆکانەیە بۆ سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بەشێک لە گەرەکەکانی شاری هەولێر دەکەین.
هەرێمی کوردستان نەوایەکی ئارامە بۆسەرجەم پێکهاتەکانی، لەکاتە سەختەکاندا دەرگای بۆ هەزاران لێقەوماوی شارەکانی تری عێراق و تەنانەت ووڵاتانی دراوسێش ئاوەڵایە و لەسەر ئاستی فەرمی و میللی دەیانحەوێنێتەوەو پەنایان دەدات، بۆیە پاراستنی ئەو پەناگە ئارامەی ناوچەکە کە جێگەی هەموو جیاوازیەکانی تێدا دەبێتەوە، بە پلەی یەکەم ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشە، هاوکات دەبێت دەوڵەتی عێراقی فیدراڵیش پابەندی ئەرکە دەستووری و یاسایی و سیاسیەکانی بێت، بەهاواهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم پەلە بکات لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە تیرۆریستان و ناحەزان لێیەوە دزە
دەکەن بۆ پەلاماردانی هەرێمەکەمان و تێکدانی دۆخی شار و شارۆچکەکانی.
لە کۆتاییدا، بە پێویستی دەزانین هەرچی زووە ڕێکاری یاسایی لەدژی
ئەنجامدەرانی ئەم پەلامارە بگیرێتە بەر، وهاوخەمی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری قوربانیان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی بەپەلەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢١/٢/١٦

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا