لاهور شێخ جەنگی: نیگەرانین لەو بارگرژییانەی لە ئارادان

کوردستان 10/06/2021

Alternate Text

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، نیگەرانن لەو بارگرژییانەی لە ئارادان و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ بە باشترین بژاردە دەزانن.
لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانی پێشوازیکرد لە ئۆرلیک شانون باڵیۆزی کەنەدا لەعێراق و لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد:" نیگەرانین لەو بارگرژییانەی لە ئارادان و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و ئاشتی بە باشترین بژاردە دەزانین بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان".

ئەمەش دەقی بڵاوکراوەکەیەتی :

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پێشوازیمان کرد لە ئۆرلیک شانون باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق و ئاشلی دۆریک لێپرسراوی نوسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان.لە دیدارێکدا بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەكە و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق.هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان دووپات کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان لە پێناو دابینکردنی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاووڵاتییان، نیگەرانی خۆمان خستەڕوو لەو بارگرژییانەی کە لە ئارادان، گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان.جەختمان کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێت لە خستنەگەڕی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و پابەندبوونی هەردوولا بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای دەستوور، لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی مووچەخۆران و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان.
هاوڕابووین لەسەر بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی شانە نوستووەکانی چەکدارانی داعش، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە کە دەتوانرێت لەو ناوچانە و لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە کۆتایی بەو گرووپە تیرۆریستییانە بهێندرێت.لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقەوە ڕامانگەیاند کە بەلای ئێمەوە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی گرنگە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئامانجەکانمان بەدی بهێنین و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکەین، هەر بۆیە یەکێتیی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دوور لە دەستێوەردانە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی.جەختمان کردەوە کە یەکدەنگی و یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی تەواوی مافەکان و بەهێزی پێگەی کورد لە بەغدا، لەو چوارچێوەیەشدا و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان یەکێتیی و بزووتنەوەی گۆڕان هەنگاوێکی گرنگیان نا بە پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، هانی هەموو لایەنەکانی تریش دەدەین کە لە ژێر چەتری ئەو لیستەدا کۆببنەوە و یەکدەنگیی کورد بپارێزن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا